
لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
حەبیبە مستەفا مەزهەر 1932-2006
بەشی دووەم و کۆتایی
ئامەدەکردنی: مەغدید حاجی
٭ مامۆستا و نووسەر عەقیلە ڕواندزی لە ڕێکەوتی 2-9-2003 دیدارێکی لەگەل مامۆستا حەبیبە مستەفا مەزهەر ئەنجامداوە و پوختەی ژیاننامەکەشی لە کتێبی پڕ لەبایەخی (یادوئافەرین) بڵاوکردۆتەوە. ئەمە بۆ من بۆ ئەم بەشە، بوو بەسەرچاوەی سەرەکی.
٭کورتەیەک لە ژیان و خەباتی مامۆستا حەبیبە:
ــ ناوی تەواوی: حەبیبە مستەفا مەزهەر محەمەد.
ــ لە ساڵی1932 لە شاری ڕواندز لەدایکبووە.
ــ لە 1938 بۆ یەکەمجار لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە ڕواندز دەستی بەخوێندن کردووە و هەر شەش ساڵی قۆناغی سەرەتایی بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە.
ــ دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی زوو دەرفەتی خوێندنی ناوەندی بۆ نەڕەخساوە.
ــ لە ساڵی 1961 لە قوتابخانەی دواناوەندی ڕواندز دەستی بەخوێندن کردۆتەوە و بەسەر هەموو ئەو کەندوکۆسپانەدا زاڵبووە، کە هاتوونەتە پێشی.
ــ دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی، لەساڵی1968لە قوتابخانەی هونەری ناو ماڵ (الفنون البیتیە) لە هەولێر وەرگیراوە، کە بڕوانامەکەی هاوتای دواناوەندی یان خانەی مامۆستایان بووە، بۆ دامەزراندن بە مامۆستا.
ــ لە ساڵی1971 قوتابخانەی (الفنون البیتیە)ی تەواوکردووە و بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە کانیەقوڕی نزیک شاری ڕواندز دامەزراوە.
ــ لە ڕێکەوتی11-11-1973 بۆ قوتابخانەی هاودیانی سەرەتایی گوازراوەتەوە، لەوێ جگە لە ئەرکی مامۆستایی، کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە.
ــ لە هاودیانەوە بۆ قوتابخانەی ڕواندزی کچان گوازراوەتەوە .
ــ لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا و بەتایبەتی لە ساڵانی1978 و 1979 بەعسییە فاشستەکان زۆر فشاریان خستۆتەسەر تابیکەن بە بەعسی، بەڵام مامۆستا حەبیبەی شیوعی خاوەن بیروباوەڕی پتەو هەمیشە لەدژیان وەستاوە و داواکەیانی ڕەتکردۆتەوە، بۆیە لە پیشەی مامۆستایی لایانداوە و وەکو فەرمانبەر لە ساڵی1979 بۆ شاری بەسرە دوورخراوەتەوە.
ــ دوای ئەوەی چوار ساڵ و نیو لە بەسرە ماوەتەوە، دوای هەوڵدانێکی زۆر وەکو فەرمانبەر بۆ هەولێر گەڕاوەتەوە و لە کارگەی جگەرەی هەولێر دەستبەکار بووە.
٭ خەبات و هەڵوێستی سیاسی حەبیبەخان:
ــ حەبیبەخان پەروەردەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر بوو، بۆیە هەر زوو چۆتە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراق و کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان.
مامۆستا عەقیلە ڕواندزی دەڵێ: "حەبیبەخان دەستێکی باڵای لە پارتی کۆمەنیست لە ناوچەی ڕواندز هەبووە، هەروەها لە کۆمەڵەی ئافرەتانیش ئەندامێکی چالاک بوو".
د. سامیە شاکریش کە لە حەفتاکان کادیرێکی پێشکەوتووی حزبی شیوعی و کۆمەڵەی ئافرەتان بوو، دەڵێ: "هەموو جار کە بۆ کاری حزبی و کۆمەڵەی ئافرەتان دەچوومە ڕواندز میوانی ماڵی شێخ سلێمان و حەبیبە خان دەبووم و لە ماڵی ئەوان کۆبوونەوە و ڕێنماییەکانمان جێبەجێ دەکردن"..
لە دوای کودەتای 8ی شوباتی1963 حەبیبەخان لەتەک هاوڕێیانیدا لە ڕواندز جۆرەها کۆمەک و هاوکاریيان بۆ پێشمەرگە کۆدەکردەوە و بەنهێنێ بۆیان دەناردنە بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە لە لۆغان و دەوروبەری ڕواندز.
هەروەها حەبیبە خان لە سەرەتای حەفتاکاندا لە ڕواندز و بەرزێوە ڕۆڵی کارای لە ئاهەنگ و مەڕاسیمە جەماوەرییەکانی حزبی شیوعی بینیوە وەکو وتار بێژ و پێشکەشکار و ڕێکخەری ئاهەنگەکان.
بەردەوام داکۆکیکار بووە لە مافەکانی ئافرەتان .
لە ئەنجامی تێکۆشانیدا، بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەگەڵ کۆمەڵێکی دی لە مامۆستایانی ئافرەتی تێکۆشەری شیوعی، لە پیشەی مامۆستایی لادراون و کراون بەفەرمانبەر و بۆ خوارووی عیراق دوورخراونەتەوە.
ــ مامۆستا حەبیبە لە ڕۆژی 22-9-2006 کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گەردەگەردێ لە ڕواندز بەخاک سپێردراوە.
سەرچاوە:
1- چاوپێکەوتن لەگەل نەسرین خان، خوشکی حەبیبەخان، ڕواندز 19-8-2024
2- عەقیلە ڕواندزی، یاد و ئافەرین.
3 - هاژە شێخ سلێمان.
زۆر سوپاس بۆ هاوڕێ عومەر خدر کاکیل کە وێنەکەی بۆ چاککردم.