مامۆستا عەبدولمەجید پەزکەندی ــ سلێمانی (2021-1927)
پەروەردەکار،تێکۆشەر، نووسەرو وەرگێڕ
(بەشی دووەم)
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ ئەو قوتابخانانەی مامۆستا عەبدولمەجید تیایاندا ئەرکی پەروەردەو فێرکردنی ئەنجامداوە، هەموویان لە چوارچیوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانین:( چەرمەگا، حاسڵ، خالدیە، چوارتا، ماوەت، گوێژە، مەولەوی، خۆشناو، نەورۆز)
لە قوتابخانەی گوێژە یاریدەدەری بەڕێوەبەر بووە.
لە ساڵی1978 کراوەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی مەولەوی . لە دوای هێرشی ڕژێمی بەعس بۆ سەر حیزبی شیوعی لە بەڕێوەبەری لادراوەو گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی خۆشناو کە لە کەناری شاری سلمانی بوو. پاش ماوەیەک لە ساڵی1979 خانەنشینکراوە بەهۆی هەڵوێستی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر بە بڕیارەکانی ڕژێم بە تایبەتی لەسەر گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی .. مامۆستا هەمیشە داکۆکی دەکردو دەیگوت" دەبێ خوێندن بە زمانی دایک بێت" .
ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری1991 لە بارودۆخی ئازادی هەرێمی کوردستاندا گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی.
ــ لە ساڵی1994 بۆ جاری دووەم و دواجار خانەنشینکرا ، بەداخەوە بە پێی پێویست سوودمەند نەبووە لە خانەنشین بوونەکەی.
٭ کورتەیەک لە هەڵوێست و ژیانی سیاسی:
ــ مامۆستا عەبدولمەجید هەروەکو مامۆستا شلێری کچی باسی کردووە:" هەر لە گەنجی ڕێگای شیوعییەتی گرتۆتە بەر ، بە جوانی و بە پاکی تا دوا ساتەکانی ژیانی باوەڕی بە شیوعییەت لەق نەبووە" .
مامۆستا ئەحمەد حامیدیش دەڵێ:" هەر لە چلەکانی سەدەی بیستەمەوە مامۆستا عەبدولمەجید یەکێک بووە لە هاوڕێ دێرنەکانی حیزبی شیوعی عیراق. لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمووزی1958 یش خەباتی لە گەل ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و نەقابەی مامۆستایان کردووە".
هاوڕێ دێرینەکانی دەڵێن؛ مامۆستا عەبدولمەجید لەگەل هەموو هاوڕێیانیدا هەڵس و کەوتی دۆستانە بوو، لە قسەکانی ڕستەی جوان و هەموو گیانی ڕەوشت و ئاکاری مرۆڤ دۆستانە بوو، هەوڵی ئەدا زیاتر بچێتە ناو کۆمەڵ و لە ئازارو ئەندێشەکانی کۆمەڵ تێبگات..
ــ لە ساڵی1947 لە بەغدا قوتابی کۆلێجی ئەندازاری بوو، ئەوکات حیزبی شیوعی عیراق بە ڕابەرایەتی هاوڕێ فەهد شەقامی دەجوولاندو چالاکی جەماوەری بەهێز بوو، عەبدولمەجیدی خوێندکار تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و جەماوەری بووە لەگەل جەماوەری حیزبی شیوعی لە خۆپیشاندانە جەماوەریەکاندا بەشدار بووە، بە هۆیەوە لە زانکۆ فەسڵکراوە. لە خانەی باڵای مامۆستایانیش بەهۆی خەباتی جەماوەری دەرکراوە.
بەڵام ئەم خوێندکارە چالاکەی سلێمانی کۆڵی نەداوە هەر لە بەغدا لە خولێکی مامۆستایان بەشدار بووەو دوای تەواوکردنی خولەکە بە مامۆستا دامەزراوە..
ــ مامۆستا عەبدولمەجیدی مامۆستا، سەرەڕای بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکی پیرۆزی پەروەردە، وەکو مامۆستایەکی هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی و شیوعییەت ئەرک و پەیامی حیزبی و سیاسیشی لە ئەستۆ گرتووە. لە دوای کودەتای هەشتی شوباتی1963 دەستگیرکراوە، بێگومان لە لایەن حەرەس قەومی و بەعسیە فاشستەکان ئازارو ئەشکەنجەش دراوە.
ــ لە شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانیشدا مامۆستا لەسەر بیرو باوەڕی خۆی ماوەتەوە ، تەنیا ئامانجیشی خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەی و پرۆسەی پەروەردەو توێژی مامۆستایان و خەڵکی چەوساوە بووە.
ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری1991 تاکو کۆچی دوایی ، مامۆستا هەڵگری بیرو باوەڕی شیوعیەت بوو، بەردەوام لەگەل خەبات بوو لە پێناوی یەکسانی کۆمەڵایەتی، داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانی چەوساوەو هەژارەکان، داکۆکی کردن لە مافی ژنان و لە مافە ڕەواکانی مامۆستایان و خانەنشینان..
ــ مامۆستا لە لایەن یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان و ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە.