لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 مامۆستاو پێشمەرگەی شەهید عەبدولمەجید شەوکەت(هەوار ئاکرەیی)

 ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

 ٭وتەی بەرایی:

 لەبیرمە لە ساڵی1978 لەناو شاری هەولێر هەواڵێک لەناو توێژی مامۆستایان و گەنجان بڵاوبۆوە کە (7) مامۆستاو ڕۆشنبیری گەنج هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری جوولاندوونی و نازونیعمەتی ماڵی گەرم و گوڕیان جێهێشتووەو لە پێناوی ئایندەیەکی ئازاد و سەرفراز بۆ گەلەکەیان و بۆ کوردستان بەیەکەوە ڕێگای شاخیان گرتۆتە بەرو بوونەتە پێشمەرگە ، یەک لەو گەنجە نیشتمانپەروەرە دڵسۆزانە مامۆستا عەبدولمەجید شەوکەت ئاکرەیی بوو.

 مامۆستا کەسێکی ڕۆشنفکر و هەڵگری بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازانەو شۆڕشگێڕانە بوو، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرو نزیک لە حیزبی شیوعی پەروەردەبوو، باوکی لە کۆتایی پەنجاکان بە دواوە لە هەوادارانی حیزبی شیوعی عیراق بوو.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا:

 ــ ناوی تەواوی: عەبدولمەجید شەوکەت عەبدال. (هەوار ئاکرەیی)

 ــ لە ساڵی1947 لە شاری ئاکرێ لە باوەشی بنەماڵەیەکی نیشتمان و کوردپەروەر لە دایک بووە. ماڵباتەکەیان بە دوو پیشە خەیاتی و نەقاری لە ئاکرێ ناسرابوون. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خانەوادەیەکی مەدەنی ڕوح سووک بوون.

 ــ قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی عەقرەی دووەم خوێندووە.

 ــ لە ساڵی1963 بەهۆی بارودۆخی نا لەباری سیاسی ماڵی باوکی هاتۆتە هەولێرو لە هەولێر شاری هەموان نیشتەجێبوون.

 ــ خوێندنی قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی جمهوری لە شاری هەولێر تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی(1969-1968) خانەی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە.

 ــ خانەی مامۆستایان لەوکات جگە لەوەی شوێنی پێگەیاندنی مامۆستایان بوو لە هەمان کاتدا ناوەندێکی ڕۆشنبیری و سیاسیش بوو، چەند مامۆستایەکی کوردپەروەرو نیشتمانپەروەری دڵسۆز لە ساڵانی کۆتایی شەستەکان وانەیان تیا دەوتەوە ، لەتەک وانەی پڕۆگرامەکاندا ڕۆڵیان هەبوو کە ئەم ناوەندە ببێتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری وسیاسی و کوردایەتی ، لە مامۆستاکانی ئەم ناوەندە لەوکات:( مەجید ئاسنگەر، موحسین محەمەد حوسێن حەمڕە، جەواد ڕەسوڵ ناجی، بەدرخان سندی، حەمەکەریم هەورامی)..هتد

 سەبارەت بە قۆناغی خوێندنی  لە خانەی مامۆستایان و کاتی گەنجی عەبدولمەجید ئاکرەیی، کاک کاروان ئاکرەیی هاوڕێی دێرینی دەڵێ:" .. من و هەوار لە ڕیزی هیچ حزبێک نەبووین، بەڵام ئەو نیمچە کراوەییەی کە لە شاری هەولێر لەگەل کەسانی فکری جیاوازەوە تێکەڵی بووین، نیشتمانپەروەری هاندەرمان بوو کە بە جوڕئەتەوە بچینە ناو مەیدانی هزرو ڕۆشنبیری ئازادیخوازی و دۆستایەتیمان لەگەل پارتی و حزبی شیوعی هەبوو.

 وەکو گەنجانی بادینان هەولێر باوەشێکی گەرمی بۆ کردینەوە"..

ــ مامۆستا عەبدولمەجید لە سەرەتاکانی ساڵی1971 بە مامۆستا لە قوتابخانەی ئاقوبانی خوارێ لە خۆشناوەتی، قەزای شەقڵاوە دامەزراوە. دوای ساڵێک گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی گەرۆتە هەر لە خۆشناوەتی. لە ساڵی1974 گوازراوەتەوە بۆ دەوروبەری شاری هەولێر.

 ٭ ژیانی پێشمەرگایەتی و شەهیدبوونی:

 ــ کاک کاروان ئاکرەیی هاوڕێی دەڵێ:" لە مانگی نۆی 1978 حەوت کەس پێکەوە بووینە پێشمەرگە سەرەتا چووینە ڕیزی سەرکردایەتی کاتی پارتی قیادەی موەقەتە، لەو حەوت کەسە ، (عەبدولمەجیدو خوارزام ڕەجەب تەیب(ڕێبوار) و شەریف مستەفا(سەردار ئامێدی) و من، سێیەکەی دیکەش بەڕێزان ئەمجەد ئەرشەد(شەماڵ حەوێزی) و بەکر کەریم(ئاسۆ)و ئیبراهیم ئیسماعیل (شوان) پێکەوەبووین" .

 ــ مامۆستا عەبدولمەجید لە ساڵی1980 پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی کردووە لە شاخ. بەهۆی دڵسۆزی وئاستی ڕۆشنبیری و چالاکی، دوایی کراوەتە بەرپرسی سیاسی بەتالیۆنی سێی بادینانی حیزبی شیوعی عیراق . دوایی بۆتە سەرلق لە بەتالیۆنی بادینان.

 ــ تاکو پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەکان لە ساڵی1988 مامۆستا(هەوار ئاکرەیی)ئەمە ناوی حەرەکی بوو لە پێشمەرگایەتی ، وەکو پێشمەرگەیەکی ئازاو ڕابەر سیاسی و فەرماندە ماوەی دە ساڵ ڕۆڵی قارەمانانەی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزی و ئازایەتی بینیوە.

 ــ زۆر بەداخەوە لەکاتی ئەنفالە بەدناوەکاندا  لە گەل سێ هاوڕێی تری(ڕەجەب تەیب ــ ڕێبوار، محەمەد عەبدال ــ ڕزگار، محەمەد ڕجب مەلا عەزیز ــ شێروان) دەستگیر کراون و لە ڕێکەوتی1988-12-27 لە سێدارەدراون و گەیشتنە کاروانی شەهیدانی حزب و گەلەکەیان.

 هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی مامۆستا عەبدولمەجید شەوکەت(هەوار کاکەیی) و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەرفرازی. یادیان بەخێر.

 ٭ تێبینی: بۆ ئامادەکردنی ژیاننامەی مامۆستای شەهید (هەوار ئاکرەیی) هەردوو بەڕێز کاک مستەفا شەوکەتی  برای و کاک کاروانی هاوڕێی هاوکاریان کردووم، سوپاسیان دەکەم و تەمەن درێژ بن.

 زۆر سوپاسی هاوڕێ عومەر خدر کاکیل دەکەم کە وێنەی شەهیدی چاک و جوانتر کرد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە