لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

حەسیب محەمەد ئەمین، یەکەم مامۆستای شەهید لە شۆڕشی ئەیلولدا.

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭لە بری پێشەکی:

 ــ ئەگەر چاوێک بە مێژووی شۆڕشەکان و حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستاندا لە سەدەی بیستەمدا بگێڕینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە مامۆستایان بەردەوام ڕۆڵێکی کاراو دڵسۆزانەو شۆڕشگێڕانەیان بینیوە.

 زۆرینەی مامۆستایان کوڕی چین و توێژە زەحمەتکێش و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان بوون، لە نزیکەوە هەستیان بە ئازارو مەینەتییەکانی گەلەکەیان کرووە، هەر ئەو موعاناتە وای لێکردوون کە لە حیزبە ئازادیخوازو شۆڕشگێڕەکان نزیک بن، بچنە ڕیزەکانیان بۆ خەباتێکی پاک و بێگەرد لە پێناوی ئایندەیەکی باش و سەرفراز بۆ گەلەکەیان .

 زۆر لە مامۆستایان چوونەتە ناو شۆڕشی ئەیلول لە شەستەکان و ناو شۆڕش و بزووتنەوە چەکدارییەکان لە حەفتاکان و هەشتاکاندا.. ئەوانە وەکو کەسانی هوشیارو دڵسۆز ڕێگای خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتییان گرتۆتە بەر، ئەوانە قوربانیان بە وەزیفەو مووچەو ژیانی شارو ناوکەس و کاریان داوەو ڕێگای شاخ و پێشمەرگایەتییان  هەڵبژاردووە، زۆریان شەهید بوون، گیانیان لە پێناوی کوردستانێکی ئازاد بەختکرد، سەرقافلەی مامۆستایانی شەهیدیش لە شۆڕشی ئەیلول مامۆستا حەسیب محەمەد ئەمین بوو کە ئەندامێکی دڵسۆزی پارتی و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و پێشمەرگەیەکی گیان لەسەر دەست بوو.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستای شەهید:

 ــ ناوی تەواوی:حەسیب محەمەد ئەمین سیامەنسوری.

 ــ ساڵی1926 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە.

 ــ لە ساڵی1934 چۆتە قوتابخانەو هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە کەرکوک تەواوکردووە.

 ــ لە خانەی مامۆستایانی ئەعزەمیە لە بەغدا بەشی وەرزشی لە ساڵی1950.

 تەواوکردووە.

 ــ لە کەرکوک بە مامۆستای وەرزش لە قوتابخانەی ئەیوبیە دامەزراوە، دوایی بۆ ناوەندی ئەلغەربیە گوازراوەتەوە.جگە لە وانەی وەرزش وانەی بیرکاریشی دەوتەوە.

 ــ بەهۆی هەڵوێست و هەستی نەتەوەیی و داکۆکی کردنی لە مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەی ،دەسەڵاتداران وەک جۆرێک لە سزادانی لەم قوتابخانەیە بۆ ئەو قوتابخانەیە دەیانگواستەوە، بۆ ئاغجەلەرو دوزخورماتوو گوازراوەتەوە. لە سەردەمی حوکمی عەبدولکەریم قاسمیشدا بۆ شاری حلە لە باشووری عیراق دوورخراوەتەوە. پاش ئەوەی چەند مانگێکی لەوێ بەسەر بردووە، لە ڕێگای ڕێکخستنەکانی پارتی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و  دەبێتە ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پاش گرێدانی یەکەمین کۆنگرەی ئەم ڕێکخراوە لە(1962-5-15) ، دوایی دەبێتە پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی پارتی و کوردستان.

 لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە وەکو  پێشمەرگەیەکی هوشیارو ئازا ناسراوە، بەداخەوە زوو لە ڕێکەوتی 1962-10-9 لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لەگەل سوپای ڕژێمی بەغدا لە ناوچەی ئاغجەلەر شەهید دەبێت و گیانی پاکی بە کوردستان دەبەخشێت و دەبێتە یەکەم مامۆستای شەهید لە شۆڕشی ئەیلولدا(1975-1961)

 ــ هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی مامۆستای شەهید حەسیب محەمەد ئەمین و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەرفرازی.

 ــ یادی شەهید مامۆستا حەسیب بەخێر.

 ٭ بۆ ئامادەکردنی ژیاننامەی مامۆستای شەهید پشتم بەم سەرچاوانە بەست:

1- دەفتەری سەروەری مامۆستایانی شەهید، لە ئامادەکردنی وشیار حەمەد حاجی، لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، مەکتەبی سکرتاریەت، بەرگی یەکەم چاپی یەکەم، 1999،ل 11.

2- وریا جاف، وتارێک لە ساڵڕۆژی مامۆستای شەهید، ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە 2642 لە 2007-10-9

3- ڕەزا شوانی، سایتی گوڵان.

 ٭ وێنەی مامۆستای شەهید  حەسیب ، هاوڕێ عومەر خدر کاکیل چاکی کرد، زۆر سوپاسی دەکەم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە