ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
 
  لە بری پێشەکی:
 مامۆستا مەجید دیبەگەیی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەرو پەروەردەکارو خۆشەویستی دیبەگەو کەندێناوەو هەولێر بوو.
 دیبەگە زۆر ڕۆڵەی دڵسۆزی پێگەیاندووەو بە کوردستانی بەخشیون،یەکێک لەو دڵسۆزانە مامۆستا مەجید بوو، کەسێکی بەڕێزو خۆشەویست و کۆمەڵایەتی بوو. لای هەموو چین و توێژەکان جێگای ڕێزو تەقدیر بوو. بەردەوام لە خەمی گەلەکەیدا بوو،لەناو توێژی مامۆستایان بە تایبەتی برادەرە نزیکەکانی خۆشەویست بوو. لە خەمی ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی دۆست و خزمەکانیدابوو،خاڵی بەیەکگەیاندن و ئاشتکردنەوەی کەسە ناکۆکەکان بوو.
 مامۆستا مەجید هەر لە سەرەتای گەنجی هەستی نیشتمانپەروەری و چینایەتی بەرزبوو،بۆیە هەستی بە ئازارەکانی چەوساوەکان دەکرد بە تایبەتی چەوساندنەوەی جوتیاران و کرێکاران. هەر ئەم هەستە جوانەشی وایلێکردووە لە بیرو باوەڕی مارکسیزم و حزبی شیوعی نزیک بێتەوەو بە قەناعەتەوە بۆتە دۆستی شیوعییەت و حزبی شیوعی عێراق؛ حزبی کرێکاران و جوتیاران و نیشتمانپەروەرە دڵسۆزەکان.
 مامۆستای زانکۆ د. محێدین حەسەن دیبەگەیی لەبارەی مامۆستا مەجید بۆی نووسیوم و دەفەرموێ : " مامۆستا مەجید مرۆڤێکی تێکۆشەرو پەروەردەکار بوو،لە ژیانی وەزیفەو سیاسیدا خاوەن هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بووەو باجی زۆری لە پێناوی داوە. ڕەوانشاد مرۆڤێکی تژی لە هێمنی ، سادەیی،جوانی، ڕاستگۆیی لە قسەو هەڵوێستەکانیدا، تێکۆشەرو نیشتمانپەروەر ، دڵسۆز بۆ کارو پیشەکەی، بە ئەمەک بۆ ئەو هزرو باوەڕەی کە قەناعەتی پێی هەبوو، خاوەن ڕاوبۆچوونی خۆی بوو، مرۆڤێکی پەروەردەکاری بە ئەمەکی خاک و نیشتمان بوو" .

 ٭کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا مەجید: 
 ناوی تەواوی (مەجید حەمید ڕەسوڵ قادر نانەکەلی دیبەگەیی)
 ناوی دایکی: ملکە ئیسماعیل ساڵح
 مامۆستا مەجید لە ساڵی 1943 لە شارە دێی دیبەگە لە دایک بووە.
قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە ساڵی 1956 لە دیبەگە تەواوکردووە.
 لە ساڵی خوێندنی(1956-1957) لە دواناوەندی کشتوکاڵی بەکرەجۆ لە پارێزگای سلێمانی وەرگیراوەو لە ساڵی خوێندنی(1964-1965) تەواوی کردووە. ماوەی حوێندن لەم دواناوەندییە پێنج ساڵ بووە،بەڵام مامۆستا مەجید لەو ماوەیە بەهۆی سیاسی زیاەر لە دوو ساڵ گیراوە بۆیە درەنگ تەواوی کردووە.
 هەروەکو ئاماژەمان بۆکرد،مامۆستا مەجید لە شارۆچکەی دیبەگە لەدایکبووە،خوێندنی سەرەتاییشی لە دیبەگە تەواوکردووە،بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی و دامەزراندنی بە مامۆستا هاتۆتە هەولێر و لە گەڕەکی تەعجیل نیشتەجێ بووە،دواتر بۆتە نیشتەجێی گەڕەکی منتکاوا تاکو کۆچی دوایی.
ڕەوانشاد  لە ساڵی خوێندنی(1965-1966) بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە،
 لە ماوەی 40 ساڵی خزمەتکردنی لە بواری پەروەردەو فێرکردندا  لە  دەشتی هەولێرو لە عنکاواو ناو شارو لە نەمامگەی پەروەردەو لە کۆگای پەروەردەی هەولێر خزمەتی کردووە. دوا قوتابخانەشی (ئیبن خەلەکان)  بوو کە ساڵی 2006 لەم قوتابخانەیە بەگوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینکرا.
 
٭ هەڵوێست و خەباتی پیشەیی و سیاسی:
 مامۆستا مەجید هەر لەو کاتەی لە دواناوەندی کشتوکاڵی بەکرەجۆ قوتابی بوو تێکەڵ بە کۆڕی تێکۆشانی پیشەیی و سیاسی بووەو سەرەتا لە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیان دەستی پێکردووە،بەردەوام هەوڵی خۆ ڕۆشنبیرکردنیشی بە بیروباوەڕی مارکسی و شیوعییەت داوە، هاوکات لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیان بۆتە دۆست دواتر ئەندامی حزبی شیوعی عێراق. کە بە مامۆستا دامەزراوە ئەرکی پەروەردەیی سەرشانی بە دڵسۆزی جێبەجێکردووە،لە هەمان کاتدا لەگەڵ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانیشدا داکۆکی لە مافە ڕەواکانی مامۆستایان کردووە. لە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایان، لە سەرەتای ساڵی 1970 ئەندامی لیستی پیشەیی بوو.لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 مامۆستا مەجید هەڵوێستی خۆی پاراستووە وەکو دۆستێکی دڵسۆزی حزبی شیوعی و ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان ماوەتەوە.
 مامۆستا لە نیوەی دووەمی نەوەتەکان بۆ ماوەیەک لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کاری کردووە.
بێگومان خەباتی سیاسی لەم وڵاتە  قوربانی دانی دەوێت، دەبینین مامۆستا مەجید بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق چەند ساڵێک ژیانی لە بەندیخانە بردۆتە سەر. بۆیە لە دوای ڕاپەڕین کە کۆمکاری زیندانییە سیاسیەکان دامەزرا مامۆستا مەجید بۆتە ئەندامی ئەم ڕێکخراوەو دوایی وەکو نوێنەری حزبی شیوعی بۆتە ئەندامی دەستەی باڵای کۆمکاری زیندانییە سیاسیەکان.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:
 مامۆستا مەجید لە ساڵی 1967 ژیانی خێزانی لەگەڵ خاتوو سەبریە محەمەد خەلیل پێکهێناوە. بەرهەمیان:
1- لەنجە،1967، کۆلێژی پەروەردەی بنیادی تەواوکردووە.
2- ڕەنج،1967،پەیمانگای هونەرەجوانەکانی تەواوکردووە.
3- ڕێگە،1970،پەیمانگای تەکنیکی تەواوکردووە.
4- ڕێباز،1976،پەیمانگای تەکنیکی تەواوکردووە.
5- هاوڕێ،1977،کاسب.
6-توانا،1980،پێشمەرگەیە
7- ڕێژوان،1985،ئەندازیاری بیناسازییە.
  زۆر بەداخەوە مامۆستا مەجید لە ڕێکەوتی 18-1-2012 لە شاری هەولێر دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بە خاک سپێردرا.
 یادی بەخێرو هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی.
 هیوای تەمەندرێژیش بۆ هەموو منداڵ و نەوەکانی دەخوازین.
 سەرچاوە:
1- مامۆستا ڕەنج مەجید
2- د. محێدین  حسن
3- بڵاوکراوەی مامۆستاو پەروەردە  ژمارە 96  شوباتی 2012
4- برادەرایەتی خۆم لەگەڵ ڕەوانشاد مامۆستا مەجید.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا