ئامادەكردنی: مەغدید حاجی

٭وتەی بەرایی:

محەمەد داریاس، یەكێكە لەو مامۆستا دڵسۆز و پەروەردەكارانەی شاری كۆیە، شاری شاعیر و هونەرمەند و تێكۆشەران.. بەخۆشی جگە لە پیشەی مامۆستایی، یەكێكە لە شاعیر و نووسەرەكانی ئەم سەردەمەی كۆیە و كوردستان.

مامۆستا محەمەد لە پەخشانە قەسیدەیەكیدا كە بۆ كۆیەی نووسیوە، دەڵێ:

..ئەوەش حاجی قادری كۆیی كە ناوبانگی بۆ هەموو جیهان ڕۆیی

ئەوەیان ئەمین ئاغای ئەختەرە كە بۆ كۆیە سەروەرە

یەكێكی تر دڵدارە، مایەی شانازی ئەو شارە،

مەلای گەورە وەك زانا و ڕوناكبیر و دانا، 

بڵێی فریشتەی هەونی؟ هەزار ڕەحمەت لە عەونی ..هتد

مامۆستا محەمەد داریاس لە ژینگەی ئەم شارە خوێندوویەتی و گەورە بووە و لە شارەكەی دانەبڕاوە، بەدەیان ساڵیش وەكو مامۆستا خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنی كردووە.

ئێمەش لە چوارچیوەی پڕۆژەی (مامۆستا تێكۆشەرەكانی كوردستان)دا بەپێویستان زانی ژیاننامەی بەڕێزیان بڵاوبكەینەوە.

٭ كورتەیەك لە ژیانی مامۆستا محەمەد:

ــ ناوی تەواوی: محەمەد فەتحوڵڵا سەعید.

نازناوی (داریاس)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، داریاس ناوی پادشایەكی مید بوو، (2000) ساڵ لەمەو پێش ژیاوە.

ناوی دایكی مامۆستا محەمەد: حەمدیە ڕەشید ئەحمەد.

ــ مامۆستا لە ڕێكەوتی 2-1-1952 لە شاری كۆیە لەدایكبووە.

ــ لە ساڵی 1959 لە قوتابخانەی (ئولا) كە ئێستا پێیدەڵێن (قوتابخانەی كۆیەی یەكەمی سەرەتایی) چۆتە بەرخوێندن.

ــ لە ساڵی 1965 لە قوتابخانەی ناوەندی كۆیە وەرگیراوە و لە ساڵی 1968 تەواوی كردووە، دوای ئەمە ساڵێك لە خوێندن دابڕاوە، دوایی گەڕاوەتەوە بەر خوێندن و لە ساڵی 1972 خوێندنی ئامادەیی لە دواناوەندی كۆیە تەواوكردووە.

ــ لە ساڵی 1974 پەیمانگای مامۆستایانی لە شاری هەولێر تەواوكردووە، پاشان كراوە بە سەرباز تا كۆتایی ساڵی 1975 .

ــ هەر لە ساڵی 1975، هەروەكو خۆی بۆی نووسیوم، لە گوندی (شیوەلۆك) ناوچەی باڵەكایەتی، ناحیەی گەڵاڵە بۆ یەكەمجار بە مامۆستا دامەزراوە و دەستبەكاربووە.

ــ لە هاوینی 1977 لە خولی (پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان) لە شاری بەغدا بەشدار بووە.

ــ لە ساڵی 1977 دوای تەواوكردنی خولەكە، بۆ قوتابخانەی (ڕایات)ی سەرەتایی گوازراوەتەوە.

ــ لە ساڵی 1978 بۆ قوتابخانەی سورەبان سەر بە ناحیەی گەڵاڵە گوازراوەتەوە، خۆی ئەم قوتابخانەیەی كردۆتەوە، واتا (فتح جدید) بوو.

ــ لە دوای ناحیەی گەڵاڵە و باڵەكایەتی، بۆ قوتابخانەی گوندی گۆمەشین سەر بە ناحیەی شۆڕش لە قەزای كۆیە گوازراوەتەوە، پاشان بۆ قوتابخانەی (كاولان) گوازراوەتەوە.

ــ دواجار مامۆستا محەمەد لە ساڵی 1983 بۆ قوتابخانەی كۆیەی یەكەمی سەرەتایی گوازراوەتەوە.

ــ لە ساڵی 2015 خانەنشینكراوە.

٭ ژیان و خەباتی ئەدەبی و ڕۆشنبیری:

مامۆستا و شاعیر محەمەد داریاس، هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی لەبەركردنی شیعری هەبووە، بەتایبەتی شیعرە كلاسیكییەكان.

هەروەها شاعیر دەفەرموێ: "لە ساڵی 1970 وە خولیای ئەدەب و شیعرنووسینم لا پەیدا بووە، لە زۆر كۆڕ و كۆبوونەوەی ئەدەبی بەشداریمكردووە. چەند جار كۆڕی شیعر خوێندنەوەم بۆ گیراوە، زۆر جار لە كەناڵە میدیاكان چاوپێكەوتنم لەگەڵدا كراوە، چەندین جار خەڵاتی ئەدەبیم پێبەخشراوە، لە چەندین مێزگرد و سیمیناری ئەدەبی بەشداربووم".

٭ مامۆستا محەمەد وەكو شاعیر و نووسەر لەم ڕێكخراوە ئەدەبی و ڕۆشنبیریانەی خوارەوە ئەندامە یان بەشداربووە:

1- یەكێتی نووسەرانی كورد.

2- دەستەی دامەزرێنەری مانگنامەی (كۆیە). 

3- دەستەی دامەزرێنەری بنكەی گەلاوێژ لە كۆیە.

4- دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ئەدەبی و ڕووناكبیری لە كۆیە.

٭ مامۆستا خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپكراوە، وەكو:

1- دواساتی لێكدابڕان (شیعر) 2003.

2- گوڵی هیوا (شیعر) 2005.

3- خۆشەویستی و عیشق و ئەوین (شیعر)2011 .

4- چوارینەكانی محەمەد داریاس (شیعر) 2014

٭ لەبارەی دانانی شیعر بۆ منداڵان ئەم بەرهەمانەی خوارەوەی بڵاوكردۆتەوە:

1- گوڵزاری جگەرگۆشەكان، ساڵی 2000

2- جریوەی چۆلەكە،2002 

3- باخچەی پەپولان، 2004

4- خونچەی بەهاران، 2004

5- منداڵ و ژینگە 2010

6- مەلی سەرداران 2017

7- گوڵ و پەپوولە 2024

٭ باری كۆمەڵایەتی مامۆستا محەمەد داریاس:

مامۆستا محەمەد لە ساڵی 1979 لەگەڵ خاتوو بەفرین عومەر محەمەد پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە. خاتوو بەفرین چاودێر بوو لە باخچەی ساوایانی كۆیە، ئێستا خانەنشینە.

بەرهەمی ژیانی خێزانیان:

1- ڕێبین، ساڵی1980 لە دایكبووە، دەرچووی دواناوەندییە.

2- سەیران، 1981، مامۆستای دواناوەندییە.

3- مهاباد، 1983، مامۆستای بنەڕەتییە.

4- ڕاستی،1988، مامۆستای دواناوەندییە.

5- ڕازان،1993 ، مامۆستای دواناوەندییە.

٭ سەرچاوەكان:

1- ژیاننامەی مامۆستا محەمەد داریاس بە دەستخەتی خۆی نووسراوە و بۆی ناردووم، هەروەها وەڵامی بەڕێزیان بۆ پرسیارەكانم.

2- دابان وەهاب سوارە، گەلاوێژی شاعیران، 2025

3- عەبدولڕەحمان مەعروف، ئینسكڵۆپیدیای نووسەر و شاعیرانی هەولێر، بەرگی چوارەم.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا