
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
لە جیاتی پێشەکی:
مامۆستا یەحیا کوڕی گوندی قازیخانەی دەشتی هەولێری شۆڕشگێڕە و کوڕی (نووری وەسمان قەرەنی) کادیری کارای بزووتنەوەی جووتیارانی دەشتی هەولێرە، کە لە ساڵی ١٩٥٣ دژی دەسەڵاتی زاڵمانەی ئاغا و دەرەبەگایەتی، گەورەترین ڕاپەڕینیان ئەنجام دا.
بۆیە بە پێویستمان زانی بەر لەوەی لەسەر مامۆستا یەحیا بنووسین، کورتەیەک لە خەباتی ئەو باوکە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕە بخەینە ڕوو کە مامۆستا یەحیای پەروەردە کردووە!
نووری وەسمان قەرەنی، لە ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی قازیخانە سەر بە ناحیەی قوشتەپە لە دایک بووە.
لە ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعیی عێراقەوە کردووە لە هەولێر. لە ئەنجامی هەستی چینایەتی و زوڵمی ئاغاکان، لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ ماوەی ١٧ ڕۆژ خۆی و هاوڕێکانی مانیان گرتووە لە هاتوچۆ بۆ دیوەخانی ئاغا!
لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری هەولێر بەشداری لە خۆپیشاندانی جەماوەری کردووە دژ بە پەیمانی پۆرتسمۆتی بەریتانی. بەم هۆیەشەوە ئاغاکان هەڕەشەیان لێی کردووە و سزای داراییان بەسەردا سەپاندووە.
ئەوەی لە هەمووی گرنگتر و کاریگەرترە، بەشداربوونی کارای بووە لە ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر دژ بە ئاغا و سیستەمی دەرەبەگایەتی لە ساڵی ١٩٥٣.
لە ماوەی نێوان ١٩٥٣ تاکو ١٩٥٨ چەند جارێک لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە هەولێر و لە کەرکووک بانگ کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجام دراوە.
لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ زۆر چالاکانە ڕۆڵی لە بزووتنەوە و کۆمەڵەکانی جووتیاراندا گێڕاوە بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی جووتیارە هەژارەکان. لە ناو ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعیی عێراقیشدا جێگای ڕێز و تەقدیر بوو.
لە ساڵی ١٩٦٢ بەهۆی بیروباوەڕی کۆمۆنیستی و چالاکییەکانی دەستگیر کراوە و بۆ ماوەی مانگێک لە زیندان ئازار و ئەشکەنجە دراوە.
لە ساڵی ١٩٦٥ دیسان بەهۆی سیاسی و چالاکی، بۆ ماوەی نۆ مانگ لە سەربازگەی هەولێر زیندانی کراوە.
من (مەغدید) خۆم لەبیرمە و بە شانازییەوە هاوڕێی بووم، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ چەند چالاک بوو، کادیرێکی دڵسۆزی ناو بزووتنەوەی جووتیاران بوو، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی قەدرگران و خۆشەویست بوو.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ مام نووری قازیخانەیی هاتەوە مەیدان، وەک کەسایەتییەکی چەپ و ئاشتیخواز ڕۆڵی خۆی بینی. یەک لە هەڵوێستە جوانەکانی، ئەوە بوو لە ٢٥-٨-١٩٩٤ یەکێک بوو لەو کەسایەتییە ئاشتیخوازانەی لە ڕێپێوانی ئاشتی دژ بە شەڕی ناوخۆ بەشدار بوو.
لە شەوی ١٧/١٨-٣-١٩٩٨ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و چەند کوڕ و کچێکی بەڕێز و مێژوویەکی پڕشنگداری لە دوای خۆی جێ هێشت. یادی بەخێر.
ـــــــــــــــــ
کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا یەحیا نووری:
* ناوی تەواوی: یەحیا نووری وەسمان قەرەنی گەردی قازیخانەیی.
* ناوی دایکی: مامز قادر حەسەن.
* مامۆستا یەحیا لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی قازیخانە لە دایک بووە.
* لە ساڵی (١٩٥٧-١٩٥٨) لە قوتابخانەی سۆربەشی سەرەتایی چووەتە بەر خوێندن، پۆلی یەکەمی لە گوندی سۆربەش خوێندووە، پۆلی دووەم و سێیەمی لە قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) لە ناو شاری هەولێر خوێندووە، لە پۆلی چوارەم گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی سۆربەش تاکو پۆلی شەشەمینیشی هەر لە سۆربەش تەواو کردووە.
* لە ساڵی خوێندنی (۱۹٦٤-١٩٦٥) لە قوتابخانەی ناوەندیی کۆماری لە شاری هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٦٧ قۆناغی ناوەندی تەواو کردووە.
* لە ساڵی خوێندنی (١٩٦٧-١٩٦٨) لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراوە و دوای سێ ساڵ خوێندن لە ساڵی (١٩٦٩-١٩٧٠) بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە و ئامادە کراوە بە مامۆستای سەرەتایی دابمەزرێت.
* لە ڕێکەوتی ٣١-٣-١٩٧١ بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی کەلەکین سەرچیا سەر بە ناحیەی خەلیفان دامەزراوە. تەنیا دوو مانگ لە قوتابخانەی کەلەکین دەوامی کردووە، بەهۆی ڕووداوی نەخوازراو کە بەسەر گوندەکەدا هاتووە، قوتابخانەکە داخراوە و مامۆستاکان گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە. مامۆستا یەحیا بۆ قوتابخانەی قەندیل گواستراوەتەوە. لەو کاتەی لە قوتابخانەی قەندیل بووە کراوە بە سەربازی (موکەللەف). دوای تەواوکردنی ماوەی سەربازی گەڕاوەتەوە بۆ قوتابخانەی قەندیل. دواتر بۆ قوتابخانەی قازیخانە گوازراوەتەوە. ماوەی چوار ساڵ وەک مامۆستا و بەڕێوەبەر لە قوتابخانەی قازیخانە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەی کردووە. لە قازیخانە بۆ قوتابخانەی قوڵتەپەی سەرەتایی گوازراوەتەوە و ماوەی دوو ساڵیش لە قوڵتەپە خزمەتی کردووە.
* م. یەحیا لە ڕێکەوتی ٤-١١-١٩٨٠ بۆ قوتابخانەی بەختیاری لە ناو شاری هەولێر گوازراوەتەوە، تەنیا دوو مانگ لەم قوتابخانەیە بوو، بۆ قوتابخانەی تریسکەی سەرەتایی گوازراوەتەوە لە گەڕەکی کرێکاران. ماوەی ۷ ساڵ لە قوتابخانەی تریسکە وانەی گوتووەتەوە. لە ساڵی ١٩٨٦ بەهۆی بارودۆخی سیاسی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەستبەرداری دەوام بووە و بڕیاری دوورخستنەوەی لە وەزیفە بۆ دەرچووە. لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لە ڕێکەوتی ١٥-٩-١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی هاوکاری سەرەتایی دەستبەکار بووە.
* وەک ڕۆڵی کارگێڕی: مامۆستا یەحیا ماوەی ساڵێک بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەندیل بوو. لە ساڵی ١٩٧٥ تاکوو ١٩٧٨ بەڕێوەبەری قوتابخانەی قازیخانەی سەرەتایی بوو، لە بەڕێوەبەری لایان داوە، هەروەکو خۆی دەفەرموێ، لەلایەن (مەکتەبی موعەللیمین)ی بەعس پەسەند نەکراوە. (غەیر مەرغووب فیە)!
* لە ناو شاری هەولێریش ماوەیەک یاریدەدەری قوتابخانەی نیگار بوو.
* لە ساڵی ١٩٧٥ بەشداری لە خولی زمانی کوردی کردووە و بە پلەی نایاب دەرچووە.
* بەهۆی کارامەیی و سەرکەوتوویی لە بواری پەروەردە، لە ساڵی ١٩٩٣ بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی گشتی دامەزراوە، دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیاران سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
* مامۆستا یەحیا وەک مامۆستا ماوەی ٢١ ساڵ خزمەتی پرۆسەی پەروەردەی کردووە، ماوەی ٢١ ساڵ و شەش مانگیش وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی خزمەتی کردووە.
* لە ڕێکەوتی ١-٧-٢٠١٣ بە گوێرەی یاسای تەمەن خانەنشین کراوە.
* لە دوای خانەنشینیش ماوەی ٦ ساڵ لە قوتابخانەی لانەی ئەهلی وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر دەوامی کردووە.
هەڵوێست و خەباتی پیشەیی و سیاسی:
مامۆستا یەحیا، هەروەکو لە سەرەتا ڕوونمان کردەوە، کوڕی تێکۆشەرێکی ناوداری کۆمۆنیستی دەشتی هەولێرە، هەروەها خۆیشی لە ژینگەیەک پەروەردە بووە و گەورە بووە، کە هەمووی ململانێی چینایەتی و خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو، بە تایبەتی لە شەستەکان و حەفتاکاندا.
مامۆستا یەحیا ئەو کاتەی لە ساڵی خوێندنی (١٩٦٨-١٩٦٩) لە خانەی مامۆستایان بوو، لەگەڵ ڕەوانشاد کانەبی عەلی مەولوود پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی یەکێتی گشتیی قوتابیان هەبووە. کە بووەتە مامۆستاش لە ڕێگەی مامۆستا شیوعییەکانەوە پەیوەندی سیاسی و هزری بەردەوام بووە.
لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە تاکو ئێستا مامۆستا یەحیا پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان هەیە و جێگای ڕێز و تەقدیر و خۆشەویستییە لە لای هەموو هاوڕێیان.
مامۆستا یەحیا لە سەردەمی ڕژێمی بەعس پارێزگاری لە هەڵوێستەکانی خۆی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٨ دەستبەرداری ئەرکی بەڕێوەبەری قوتابخانە بوو، چونکە لە لای (مەکتەبی موعەللیمین)ی بەعس مەرغووب نەبووە، هەروەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد.
لەساڵی ١٩٨٦ دەستبەرداری وەزیفەکەی بوو، تاکو خۆی لە دەست فشارەکانی ڕژێم ڕزگار بکات.
مامۆستا یەحیا لە بارەی هەڵوێستی سیاسیی خۆی بۆی نووسیوم و دەڵێ: "لە ماوەی مامۆستایەتیم زۆر جار بۆ فرقەی دەوروبەری حزبی بەعس لە عەنکاوە بانگ کراوم، هەروەها لە لایەن ئەمنی قوشتەپە. زۆر ڕووداوی سەرنجڕاکێش لە یادگاریمدا پارێزراون. بەیانییەک ئەمنی قوشتەپە ئۆتۆمبێلەکەمیان ڕاگرت، مامۆستایانی قازیخانە و قوڵتەپە بە سەیارەکەی من هاتوچۆیان دەکرد، گووتیان کێ یەحیا نوورییە؟ گوتم بەڵێ من خۆمم. وتیان ئەم نامە نووسراوە وەریبگرە و ناوەرۆکەکەی جێبەجێ بکە."
لەدرێژەی گێڕانەوەکەیدا گووتی: "من ئەو کات (١٩٧٨) بەڕێوەبەری قوتابخانەی قازیخانە بووم. لە ناوەرۆکی نامەکەدا هاتبوو، بە ڕەزامەندی پەروەردەی هەولێر یەحیا نووری لە بەڕێوەبەری قوتابخانەی قازیخانە لادەدرێت چونکە (مدیر غیر مرغوب)! منیش ئەم فەرمانەم جێبەجێ کرد."
هەروەها "لێرەوە سوپاسی ڕەوانشاد مامۆستا محەمەد فاتح سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ئەو کات دەکەم کە پێی گوتم لە بەیانییەوە لە قوتابخانەی قازیخانە دەوام مەکە، بڕۆ لە قوتابخانەی قوڵتەپە ڕەشید دەست بەکار بە؛ مامۆستا بەڕێز و دڵسۆزەکانی قازیخانە زۆر دڵگران بوون بە نەقڵبوونم، لەوانە مامۆستایان: (سدیق فەتحوڵڵا، خالید بەکر ئەییووب، ناسح حەمەدەمین، جەوهەر ساڵح). یادیان بەخێر. لەگەڵ کۆی مامۆستا ئافرەتە بەڕێزەکان."
مامۆستا یەحیا لە درێژەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا دەفەرموێ: "لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە نائاسایی و ناسەقامگیرە و پاڵەپەستۆی (مەکتەبی موعەللیمین)ی بەعس و جەیشی شەعبی لە ساڵی ١٩٨٦ لەو کاتەی لە قوتابخانەی تریسکە مامۆستا بووم، لە دەوامکردن دابڕام و فەسڵ کرام. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕامەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە هەمان قوتابخانەی تریسکە لە گەڕەکی کرێکاران دەست بەکار بووم. ڕۆڵی مامۆستا حەیدەر قادر لە بەشی یاسایی پەروەردەی هەولێر لەبیر ناکەم بۆ گەڕانەوەی من و مامۆستای ڕەوانشاد عەبدوڵڵا شەریف. جا لە ساڵی ١٩٩٣ تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییم ئەنجام دا و خۆشبەختانە بە توانا و زانستی خۆم سەرکەوتم و پلەی سەرپەرشتی پەروەردەییم پێ بەخشرا."
* هەروەها جێگای ئاماژە بۆ کردنە، مامۆستا یەحیا ئاشنایەتی لەگەڵ خوێندنەوە و بواری ڕۆشنبیری باشە و کتێبی مێژوویی و بیرەوەری دەخوێنێتەوە، خاوەن کتێبخانەیەکی تایبەتە لە ماڵەوەیان. بەردەوامیش هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) دەخوێنێتەوە. وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیش لە ناو بنەماڵەکەیان و مامۆستایانی خانەنشین جێگای ڕێز و خۆشەویستە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا یەحیا لە ساڵی ١٩٧٤ ژیانی خێزانی لەگەڵ خاتوو (بەسێ خدر ڕەسوڵ) پێکهێناوە، چوار کوڕ و چوار کچیان بووە. بەداخەوە کوڕ و کچێکیان (سروە و ئاسۆ) لە تەمەنی منداڵی کۆچی دواییان کردووە.
منداڵەکانی تریان ئەمانەن (تەمەن درێژ بن):
۱ـ کاسترۆ، مامۆستایە.
۲ـ نەهرۆ، مامۆستایە.
۳ـ هێرۆ، مامۆستایە.
٤ـ لێمۆ، فەرمانبەرە.
٥ـ پەمۆ، کاری سەربەخۆ دەکات.
٦ـ سیاکۆ، کاری سەربەخۆ دەکات.
زۆر بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٧-٤-٢٠٢٣ خاتوو بەسێ، هاوسەری مامۆستا یەحیا، بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد. گیانی شاد و ئارام بێت.
هیوای تەمەندرێژیش بە تەندروستی باش بۆ مامۆستا یەحیا دەخوازین.
سەرچاوەکان:
۱ـ مامۆستا یەحیا خۆی، لە چوار لاپەڕەدا ژیاننامەی خۆی بۆ نووسیوم.
۲ـ هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان.
۳ـ ناسینی خۆم بۆ بەڕێز مامۆستا یەحیا نووری.