
ئامادەکردنی:مەغدید حاجی
٭ وتەی بەرایی:
چواردە ساڵ پێشی ئێستا، کە وەکو مامۆستا بۆ بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سۆران گوازرامەوە، مامۆستا خەلیل موراد وەندی مامۆستا بوو لە بەشی دەروونزانی هەمان کۆلێژ . بەڕێز (د.کامەران) سەرۆکی بەشەکە بوو،بەڕێز (د. عەبدولخالق عەبدوڵلا)ش سەرۆکی بەشی مێژوو بوو، بەڕێز (پ.د.عەبدوڵلا حوسێن)یش ڕاگری کۆلێژ بوو. ئەوەی ڕاستی بێت پەیوەندی نێوان مامۆستاکان و خوێندکاران پڕبوو لە ڕێزو خۆشەویستی، کە یەکێک لە مامۆستاکان هونەرمەند خەلیل موراد وەندی بوو، ڕێزو خۆشەویستی و زانست و هونەری لێدەباری. دەمدیت چۆن قوتابیان دەورەیان لێدەداو گوێیان لێدەگرت و دواییش وێنەی یادگاریان لەگەڵدا دەگرت.گەشت و سەیرانەکانیشی لەگەڵ مامۆستایاندا پڕ لە شادی دەکرد.
مامۆستا خەلیل ماوەیەکیش بڕیاردەری بەشی دەروونزانی بوو، یەکێک بوو لە مامۆستا دڵسۆزو هێمن و خۆشەویستەکانی کۆلێژ دواتر بەشی ئاداب. چەند خۆشحاڵ بووم لەم شوێنە پیرۆزەدا ئەم مامۆستا و هونەرمەندە خۆشەویستەم لە نزیکەوە ناسی. وابزانم هەردووکیشمان دڵتەنگ بووین کە لەساڵی خوێندنی(2016-2017) یەک لە دوای یەک خانەنشین بووین و لە هاوڕێ و خۆشەویستەکانمان دابڕاین. چەند دڵگران بووین کە چەند ساڵێک پێش ئێستا(کاکە ئەلوەند) کوڕی گەنجی مامۆستا خەلیل به کارەساتی ئۆتۆمۆبێل گیانی لەدەستدا، هەر ئەم ڕووداوە جەرگبڕە بوو مامۆستا خەلیلی زۆر بێتاقەت کرد. منیش و هەموو هاوڕێیانی مامۆستا خەلیل گەلەک دڵگران بووین کە دەوروبەری کەمتر لە مانگێک پێشی ئێستا هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا خەلیلمان پێگەیشت و لە پرسەکەشی ئامادەبووین کە لە مزگەوتی فیردەوسی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.زۆر بەداخەوە بۆ کۆچی دواییت مامۆستا خەلیل ، یادت بەخێر. یادت هەمیشە زیندووە.
کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا خەلیل:
لە ساڵی 1947 لە گوندی (سەید برزۆ) ی سەر بە قەزای خانەقین،نزیک شاری خانەقین، لە خێزانێکی هەژار چاوی بە دنیا هەڵێناوە.
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (غازی یەکەم) لە خانەقین تەواوکردووە، ناوەندی و تاکو چواری ئامادەیی لە (دواناوەندی خانەقین) تەواوکردووە. پێنجی ئامادەیی لە بەغدا لە ئامادەیی(التفیض الاهلي) تەواوکردووە.پاشان لە ساڵی 1968 لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوەو لە ساڵی 1973تەواوی کردووەو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە.بەردەوام دەبێ لە خوێندن و لە ساڵی خوێندنی (1974-1975) بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە ڕێگاکانی وانە وتنەوە بەدەستهێناوە.
خەباتی مامۆستا لە هەردوو بواری پەروەردەو هونەر:
مامۆستا خەلیل لە ساڵی خوێندنی(1974-1975) بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. هەر لە ساڵی 1975 بۆ یەکەمجار لە فەلوجە وەکو مامۆستای دواناوەندی دامەزراوە.سێ ساڵ لە فەلوجە وەکو مامۆستا خزمەتی کردووە،دوایی بۆ بەغدا گوازراوەتەوە، لە بەغداشەوە بۆ شاری هەولێر دەگوازرێتەوەو تاکو کۆچی دوایی لە هەولێر ماوەتەوە.
لە ساڵی1980 کە گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر لە هەشتاکان و نەوەتەکان لە خانەی مامۆستایان و پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان وانەی گوتۆتەوەو جێگای ڕێزو خۆشەویستی بووە لە لای مامۆستایان و قوتابیانەوە.
مامۆستا عەبدولستار عوسمان بۆی باسکردم و دەفەرموێ: "لە هەشتاکان لەگەڵ مامۆستا خەلیل لە خانەی مامۆستایانی هەولێر،دواتر لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان بە یەکەوە مامۆستابووین، مامۆستا خەلیل خاوەن هەڵویستی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردانەی پێشکەوتنخوازانە بوو".
لە ساڵی 2006 ڕاژەی مامۆستا خەلیل گوازراوەتەوە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، دوای کردنەوەی کۆلێژی پەروەردە لە سۆران مامۆستا دەگوازرێتەوە بۆ سۆران و دەبێتە مامۆستا لە بەشی دەروونزانی یەکەمجار لە کۆلێژی پەروەردە،دوایی لە فاکەڵتی ئاداب زانکۆی سۆران، وانەی دەرونزانی و کوردۆلۆژی دەگوتەوەو ماوەی چەند ساڵێکیش بڕیاردەری بەشی دەروونزانی بوو.
مامۆستا خەلیل لە زانکۆی سۆران مایەوە تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2017.
٭ خەباتی لە بواری هونەر:
"خەلیل موراد وەندی لە سەرەتاکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو کاتەی خوێندکاری زانکۆ بووە لە زانکۆی بەغدا، ژیانی هونەری سەرکەوتووی لەسەر دەستی مقامبێژی گەورەی کورد مامۆستا عەلی مەردان دەستپێدەکات. لە ماوەی ژیانی هونەریدا (65) گۆرانی بۆ ئێزگەی کوردی بەغدا تۆمارکردووە. (22) گۆرانیشی لە تەلەفزیۆنی بەغداو کەرکوک و کەناڵەکانی کوردستان تۆمارکردووە".
کاک ئازاد عەبدولواحیدی نووسەرو ڕۆژنامەنووس دەفەرموێ:" هونەرمەند خەلیل موراد وەندی وەک کوردێکی نیشتمانپەروەر ، سەرەتای دەرکەوتن و ناوبانگ پەیداکردنی کەوتووەتە ناو کەشوهەوای ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، بۆیە لە زۆربەی هەرەزۆری بۆنەکانی نەتەوەونیشتمان بەشداری کردووە.. لەبەر دەنگخۆشی و خۆشەویستی جەماوەرەکە بۆ خۆی و بۆ دەنگەکەی لە هەر ئاهەنگێکدا بەشداربووبێ،ئەوە خەڵکێکی زۆر ئامادەی بۆنەو ئاهەنگەکان دەبوون و ڕوویان تێکردووە، جار لە دوای جاریش پتر حەزیان بە گوێگرتن لە دەنگ و سەداو ئاوازە ڕەسەنەکانی بووەو زیاتر چووەتە دڵانەوە" .
٭ باری کۆمەڵایەتی:
هەروەکو لە بەشی یەکەم ئاماژەمان بۆی کردووە، مامۆستا خەلیل موراد وەندی لە لادێی(سەید برزۆ) ی نزیک شاری خانەقین لە ئامێزی خێزانێکی هەژار لە دایکبووەو پەروەردە کراوە. ناوی دایکی(ئامینە عەلی ڕەزا ناسر)ە.
مامۆستا خەلیل لەناو خانەوادەکەی خۆیاندا(3) سێ براو (5)پێنج خۆشک بوون، برایەکی کە ناوی جەلیل وەندی بوو لە سەرەتای ڕاپەڕینی 1991 شەهید بووە. وەک خەلیل وەندی دەنگی خۆش بووە. برا بچووکەکەشی ناوی جەمیل مرادخان بوو لە ڕێکەوتی 1-12-1980 لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران کوژراوە.
مامۆستا خەلیل وەندی هونەرمەند لە ساڵی 1975 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو نەجات محەمەد بەهرام کردووە، شەش منداڵیان بووە:( ئاسۆ 1977، چنوور 1979، نێرگز 1984، ئارام 1985، ئەلوەند 1989،حەیدەر 1997) .
زۆر بەداخەەوە کاکە ئەلوەند چەند ساڵێک پێش ئێستا بە ڕووداوی ئۆتۆمۆبیل گیانی لەدەستدا یادی بەخێر.ئەم ڕووداوە جەرگبڕەش کاریگەریی زۆری لەسەر مامۆستا خەلیلی باوک جێهێشت.
هیوای تەمەندرێژی و سەرکەوتن بۆ هاوسەرو کوڕو کچە بەڕێزەکانی مامۆستا خەلیل دەخوازین.
مامۆستاو هونەرمەند خەلیل موراد وەندی لە ڕۆژی 26-11-2025 لە شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی کەسنەزان بە خاک سپێردرا.
هەزاران دروود بۆ ڕۆحی پاکی و یادی هەمیشە بە زیندوویی دەمینێت.
سەرچاوەکان:
1- ئازاد عەبدولواحید، گۆڤاری ڕامان،ژمارە 338 کانوونی یەکەم 2025
2- ئاسۆ خەلیل موراد ، کوڕی گەورەی مامۆستا خەلیل، بە سوپاسەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی دامەوە.
3- مامۆستا عەبدولستار عوسمان،بە سوپاسەوە وەڵامی پرسیارێکی دامەوە.
4- پەیجی کوردیپدیا
5- پەیجی کاک نەژاد سامان.
6- ناسین و زانیاری خۆم لەسەر مامۆستا خەلیل.