ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 بەشی سێیەم و کۆتایی

 

 ٭ خەباتی پیشەیی و سیاسی و باری کۆمەڵایەتی

 ــ مامۆستا زرار لە سەرەتای نەوەتەکانەوە، واتا لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 زۆر دڵسۆزانە  و چالاکانە هاتە ناوخەباتی پیشەیی مامۆستایان؛ وەکو مامۆستایەکی پەروەردەکاری دڵسۆز لە ناوەندەکانی خوێندندا، وەکو خەباتگێڕێکی نیشتمانپەروەری لەخۆبوردوو ، لە هەردوو بواری کاری پەروەردەو کاری تێکۆشان بۆ داکۆکی کردن لە مافە پیشەییەکانی مامۆستایان، دوا نەدەکەوت و لە مەیدان بوو، جگە لە مەیدانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، هەروەها کاری ڕۆژنامەنووسی..

 مامۆستا زرار لە ماوەی 33 ساڵی ڕابردوودا یەک لەو مامۆستا دڵسۆزانەیە کە ئێمە لە ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایاندا لە نزیکەوە بینیومانە، کارمان بەیەکەوە کردووە..ڕۆڵێکی جوامێرانەی بینیوە لە چوارچیوەی کارو بەرنامەو چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا،لە بەشداربوون لە هەموو کۆنفرانسەکانی ئەم ڕێکخراوە، لە نووسین و بڵاوکردنەوە لە بڵاوکراوەی ( مامۆستاو پەروەردە) ، لە سەردانی قوتابخانەکان و پێشکەشکردنی ڕێنمایی پەروەردەیی بە مامۆستایانی بەڕێزو قەدرگران. لە مەیدانی داکۆکی کردن لە مافەڕەواکانی مامۆستایان و دوایی خانەنشینان.. مامۆستا لە گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکاندا  ئامادەیە. لە هەڵمەتەکانی ئێمزاکۆکردنەوە ڕۆڵی خۆی بینیوە، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە تەک هاوڕێیانی لە مەیدان بووە.. لەم ساڵانەش بە نووسینە جوانەکانی لە فەیسبووک، ڕەخنەی بنیادنەرانە دەگرێت. بابەتی پەروەردەیی سوود بەخش بڵاودەکاتەوە، بە قسە خۆشەکانی، بە پێکەنینە تایبەتەکەی زیاتر دڵخۆشمان پێدەبەخشێت ..

 ٭ کورتەیەک لە ڕۆڵ و خەباتی سیاسی

 ــ مامۆستا زرار لە ژینگەو دەوروبەرێکی چینایەتی، کوردایەتی، نیشتمانپەروەری ژیاوەو ڕۆڵی بینیوە، هەرزوو ئاشنایەتی لەگەل هاوڕێیانی حیزبی شیوعی پەیداکردووە، بێ ترس و سلەمینەوە هاوکارو یارمەتی دەریان بووە،لە بارودۆخی نهێنی و  مەترسیداردا. خۆی بۆی نووسیوم و دەڵێ: " من پەیوەندی تاکە کەسیم لەگەل هاوڕێی شەهید محەمەد حەلاق و د. سادق(دکتۆری پێشمەرگان بوو) هەروەها لەگەل شەهید بەکر جۆڵا هەبوو.

 لە ساڵی 1978 کە فەرمانی گرتنی هاوڕێ بەکر جۆڵاو مام هیدایەت دەرچوو ، ماوەیەک لە ماڵی ئێمە لە گەڕەکی باداوە خۆیان حەشاردابوو، ڕۆژێکیان لەگەل شەهید (خارە حەمید)م بە ماتۆڕ مام هیدایەتی هەڵگرت، منیش بە ماتۆڕی خۆم شەهید بەکر جۆڵاو هاوڕێ خەلیل سمایل خدرم هەڵگرتن، تا هەڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی گوندی چەمرکە، لەوێ ئێمە گەڕاینەوە، ئەوانیش چوونە ڕیزی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عیراق.. هەروەها لە هەشتاکان هاوڕێ سامی ساڵح و شەهید ڕەنجبەرم گەیاندنە بەستی شەرغە، لەوێ پەیوەندیان لەگەل هێزی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی کرد، هەر لەوێ مامۆستای شەهید ناسح حەمەدەمین(م.کۆچەر)م بینی.. دەرمان و پێداویستی پزیشکیم بۆ د. سادق دەنارد ".. ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک لە خەبات و هەڵوێستەکانی مامۆستا زرار ..

 مامۆستا زرار نیوسەدە دەبێت هەڵگری بیروباوەڕی  مارکسی لینینییە، دڵسۆزێکی ڕێبازی شیوعییەتە، لە پێناوی نیشتمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیاردا، ئەم ڕێبازو ڕەوشت و ئاکارە جوانانەی مامۆستا زرار ئاوێتەی یەک بووینەو لە ئەنجامدا مرۆڤێک دەبینین ،مامۆستایەک بەدی دەکەین تا سەر ئێسقان دڵسۆزە بۆ گەل و نیشتمانەکەی، دڵسۆزە بۆ بواری پەروەردە، دڵسۆزە بۆ بواری کلتوورو ئەدەبیات ، دڵسۆزە بۆ کەس و کاری ،بۆ خزمانی، بۆ هاوڕێییانی..

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 ــ مامۆستا زرار لە ساڵی 1966 هاوسەرگیری لەگەل خاتوونی بەڕێز(ڕەحیم ساڵح سمایل)کردووە. خاوەن (10) کچ و کوڕن، تەمەن درێژ بن: ( مەهاباد خانن، بەیان خان، کاک دڵزار، م. دڵدار، م. ئاشنا، د. ئەسرین ــ مامۆستای زانکۆیە ، گیابەند خان، گیاخاو خان، ئاورنگ خان، کاکە دژوار)

 هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن بۆ هەموویان دەخوازین، بەڕێزو خۆشەویستن.

 ــ لە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە ڕووی چالاکی کۆمەڵایەتیدا، مامۆستا زرار کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەڕێزو خۆشەویستە، پیاوی سوڵحو مەجلیسانە، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە لە پەندو ئایدیۆم و ئامۆژگاری و قسەی خۆش ..

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە