لە مامۆستا تێکوشەرەکانی کوردستان

 عیسا عودە شەمعون عجمایا(ابو سرتیپ)

 ئامادەکردنی : مەغدید حاجی

 

 مامۆستاو تێکۆشەری سیاسی و پیشەیی عیسا عودە لە ساڵی 1939 لە باوەشی خێزانێکی زەحمەتکێشی عنکاوا لە دایک بووە.

 ــ لە ساڵی  1952 خوێندنی سەرەتایی لە عنکاوا تەواوکردووە.

 ــ دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پیشەسازی کەرکوک وەرگیراوە. وەرگیران لەم خوێندنگەیە بە گوێرەی نمرەی خوێندکارەکە بووە.

 ــ دوای تەواوکردنی قوتابخانەی پیشەسازی، لە ساڵی 1958 ڕەوانەکراوە بۆ کۆلێژی ئەفسەرانی یەدەگ لە بەغدا.

 دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر شۆڕشی 14 ی تەمموزی 1958 زەعیم عەبدولکەریم قاسم سەرۆک وەزیران، سەردانی کۆلێژەکەی کردووەو زۆر بەگەرمی پێشوازیان لێکردووەو زەعیم وتارێکی پێشکەش کردوون، خوێندکارەکان هوتافیان کێشاوەو گوتوویانە( بەرەو پێش دەڕۆین،بەرەو پێش دەڕۆین، بۆ ئەوەی دەمانەوێ، نیشتمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیار) بەڵام دوای ساڵێک زەعیم لە دیموکراسییەت و حزبی شیوعی هەڵگەڕاوەتەوەو دەستی کردووە بە دوورخستنەوەو دەستگیرکردنیان!!

 ــ تاکو ڕێکەوتی17-5-1959 مامۆستا عیسا لە ڕیزی سوپا ماوەتەوە . دوای دەرچوونی لە ڕیزی سوپا، لەسەر داوای خۆی لە ساڵی خوێندنی(1959-1960) لە خولی پەروەردەیی وەرگیراوە. دوای تەواوکردنی خولەکە بە مامۆستا لە قوتابخانەی شێروان مەزن دامەزراوە. بۆ ماوەی دوو ساڵ کارگێڕی قوتابخانەکەشی لە ئەستۆ بووە. لە گوندی دەرگەڵەش مامۆستا بووە، دوایی

 لە قەزای ڕواندز بۆ گوندی بەحرکە سەر بە ناحیەی عنکاوا گوازراوەتەوە. لە بەحرکە بۆ قوتابخانەی ئیبن خەلەکان لە سەنتەری شاری هەولێر گوازراوەتەوە. دوای ساڵێک بۆ قوتابخانەی مەولەوی لە گەڕەکی تەیراوە گوازراوەتەوەو 14 ساڵ لەم قوتابخانەیە بە ئەرکی پەروەردەوفێرکردن هەڵساوەو خزمەتی زۆری کردووە. دوایی تەنسیبکراوە بۆ بەڕێوەبردنی بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە نەخۆشخانەی کۆماری لە شاری هەولێر. دوای دوو ساڵ گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی زانین .

 ــ لە ساڵی 1986 لەسەر داوای خۆی خانەنشینکراوە.

 + چالاکی سیاسی و پیشەیی:

 ــ لە پۆلی دووەمی قوتابخانەی پیشەسازی کەرکوک بووە کە پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابییانەوە کردووە لە ڕێگای سەڵاح عەبدولکەریم بەرزنجییەوە. هەروەها پەیوەندی لەگەل جموجۆلی سیاسی حزبی شیوعی عیراق دروستکردووە.

 ــ برادەرو هاوڕێ نزیکەکانی لە عنکاوا ئەم بەڕێزانە بوون : ( جەمیل حەننا شابا، ئیسحاق حەننا خۆشناو، حەبیب حەننا شابا، نەجیب بویا عزۆ، جەبار دنحا هرمز، وێردینا ئۆغنا، شمعون مرقس، لویس نعمان) .. هتد.

 ــ لە دوای ڕوودانی کودەتای بەعس لە 8ی شوباتی1963 لەگەل هاوڕێیانی عنکاوا لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی دژ بە کودەتاکە بەشداربووە. لە شەستەکانیش چ بە ئاشکرا یان بە نهێنی پەیوەندی لەگەل (حشع) بەردەوام بووە.

 ــ لە بارودۆخی دوای دەرچوونی بەیاننامەی 11 ئادار، لە حەفتاکان وەکو ئەندامێکی لیستی پیشەیی مامۆستایان لە کارو چالاکی پیشەیی بەردەوام بووە. یەک لە نوێنەرانی لیستەکەی بووە لە نقابەی مامۆستایان و کومەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێبوونی مامۆستایان.  لە ساڵی 1975 توانیویانە (46) پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی عنکاوا دەستەبەربکەن.

 ــ لە کۆتایی حەفتاکان، دەستپێکردنی ئیرهابی ڕژێمی بەعس بۆ سەر حزبی شیوعی عیراق، هەروەها لە هەشتایەکان، مامۆستا عیسا لە چالاکی سیاسی ئاشکرا دوورکەوتۆتەوە، زیاتر لە بواری پەروەردەوفێرکردن خزمەتی کردووە، بەڵام خۆی و منداڵەکانی خۆیان دوور ڕاگرتووە لە ڕێکخراوەکانی حزبی بەعس و کەسایەتی جوانی خۆیان پاراستووە.

 ــ لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئاداری 1991 بەدواوە ، مامۆستا عیسا پەیوەندی لەگەل هاوڕێیانی عنکاوا بەهێزکردۆتەوە.

 ــ بەهۆی باری سەختی ئابووری و شەڕی ناوخۆ توانیویەتی لەگەل ئەندامانی خێزانەکەی لە ساڵی1997 هەرێمی کوردستان جێبهێلێت و یەکەمجار بەرەو تورکیا سەفەریان کردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتی سوێد ڕۆیشتوون و لە سوێد نیشتەجێبوون. لە وێش لەگەل هاوڕێیانی لە چالاکی ڕۆشنبیری و مەدەنی و خۆپیشاندانەکان بەشدار بووە.

 ــ لە ساڵی 2016 لە لایەن حزبی شیوعی ڕێزی لێنراوە وەکو تێکۆشەرێکی دێرین و دڵسۆز. تاکو ئێستا پەیوەندی لەگەل هاوڕێیانی، لە سوێدو لە عنکاوا بەردەوامەو بەردەوامیش پیتاکی داوە بە حزبەکەی و لە کارو چالاکییەکانی Help Ankawa  بەشدار بووە.

 ــ مامۆستا عیسا لە ڕێکەوتی 16-8-1962 ژیانی هاوسەری لەگەل خاتوو تریزیە سڵیوا پێکهێناوە،کە ئەویش هاوڕێیەکی حزبی شیوعی بوو،پاڵپشتی هاوسەرەکەی بووە لە کاروچالاکییەکانیدا. هەروەها خاوەن دوو کچ و سێ کوڕن. تەمەن درێژ بن.

 ــ هیوای تەندوستی باش و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا عیسا دەخوازین.

 تێبینی: مامۆستا ئەکرەم کلیانا ژیاننامەی مامۆستا عیسای بە زمانی عەرەبی و بە دوورو درێژی بۆ ناردین و ئێمەش بەمجۆرە بە کوردی ئامادەمانکرد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا