بە ڕوونی

كاوە مەحموود

 سەقامگیری لە جیهانی ئەمرۆدا لە سایەی جیهانگیری و خێرایی گواستنەوە و جموجۆڵ و پەیوەندی و فراوانبوونی دیاردەی شاربوون و گۆڕینی تەرزی كۆمەڵایەتی، بێ ڕچاوكردنی چەمكی لێبوردەیی نایەتەدی. كاتێك لە هەموو جیهاندا هەمەچەشنی و هەمەجۆری كەلتوورەكان هەن، نەبوونی لێبوردەیی مەترسییەكی گەورەیە و، دەبێتە هۆی پێكدادان و شەڕ لە زۆر ناوچەی جیهاندا.

 مەبستمان لە بەكارهێنانی وشەی لێبوردەیی لەم بابەتە، چەمكی تۆلیرانسە، كە یۆنسكۆ لە خولی بیستوهەشتەمینی خۆی لە پاریس بە رێكەوتی 16ی تشرینی دووەمی 1995 بڕیاڕی داوە.

هەڵبەتە ناوەڕۆكی چەمكی تۆلیرانس، كە بە زمانی كوردی وشەی (لێبوردەیی) و بە زمانی عەرەبی وشەی (التسامح)ی بۆ بەكار دێت، جیاوازییەكی ئێجگار زۆری هەیە. بەكارهێنانی ئەو وشەیە بە كوردی و عەرەبی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە كارێكی نا جۆر و ناڕەوا دژ بە بەرامبەر دەكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە قوربانی دەكرێت لێبوردە بێت و، لە ئەنجامدەرانی ئەو كارە خۆش بێت، لە كاتێكدا لێبوردەیی بە مانای تۆلیرانس ئەو ئاراستەیە ناگەیەنێت.

 لێبوردەیی (تۆلیرانس) مانای ڕێزگرتن و قایلبوون و بەهەندوەرگرتنی هەمەجۆری و هەمەچەشنی دۆخی فرە كەلتوورییە لە جیهاندا و قایلبوون بە شێوازی دەڕبڕین لەو فرەییە. چەسپاندنی لێبوردەیی لە ڕێگای زانیاری و كرانەوە، پەیوەندی بە ئازادی هزر و ویژدان و بیروباوەڕ هەیە.

لێبوردەیی تەنیا ئەركێكی ڕەوشتی نییە، بەڵكو ئەركێكی سیاسیی و یاساییە و ڕێگای ئاسانكردنی چەسپاندنی ئاشتییە و دەبێتە هۆی ئەوەی كەلتووری ئاشتی شوێنی كەلتووری شەڕ و توندوتیژی بگریتەوە.

پاراستنی لێبوردەیی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان و لێبوردەیی نێوان تاكەكانی خودی یەك پێكهاتە لە كوردستاندا، پێویستی بە دانپێنان و كاری كردەییە، كە كۆمەڵگا و تاكی كوردستانی مامەڵە و هەڵسوكەوت و قایلبوونی خۆی بە بەرامبەر بنوێنیت، وەك شوناس و پێكهاتەی خودی ئەو بەرامبەرە كە هەیەتی بێ سەپاندنی شوناس لەسەری و مامەڵەكردن لەگەڵی بە دیدی ئایدیای پێشوەخت.

بەم مانایە لێبوردەیی مانای تنازلكردن و چاوپۆشیكردن و ملكەچبوون تاك و ئەو گروپ و پێكهاتە كۆمەڵایەتییە نییە كە مافەكانی پێشێل دەكرێت و داواشی لێ دەكرێت لێبوردەی بنوێنێت، بەڵكو بڕیار و هەڵَوێست پۆزەتیفانەیە سەبارەت بە باوەڕبوون بە مافی بەرامبەر، كە دەبێ سەرجەم بوارەكانی ئازادی و مافەكانی پەیڕەو بكات و، تێكڕای ئازادییە سەرەكییەكان كە جیهان دانی پێدا ناوە هەیبێت و پەیڕەوی بكات و، ناكرێ بە ناوی لێبوردەییەوە بە پێشێلكردنی ئەو نەریتانە قایل بێت، یان كاتێك پێشێل دەكرێ بە قوربانییەكە بڵێن قەیناكە تۆ لێبوردەییت هەبێت. بۆیە لێبوردەیی كار و پەیڕەوە و، گرنگە سەرجەم تاك و پێكهاتە بەرامبەر یەكتر پەیڕەوی بكات.

لێبوردەیی بەرپرسیارییە، كە بنەما و كۆڵەكەی مافی مرۆڤ و پاراستنی فرەبوون و هەمەچەشنییە، بەتایبەتی فرەكەلتووری و دیموكراسی و حوكمی یاسا، و قایل نەبوونە بە دۆگما و ئیستبداد.

بەم جۆرە لێبوردەیی مانای قایلبوون بە زوڵمی كۆمەڵایەتی و وازهێنان لێ بیروباوەڕ و ناچاربوون بە وازهێنان لە ئاین و هزر یان گوێنەدان بە پێشێلكردنی نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە مرۆڤ ئازادە دەست بە بیروبۆچون و باوەڕی خۆیەوە بگرێت و بە هەمان شێوە رێز لە بەرامبەر بگرێت. بۆیە لێبوردەیی مانای ئەوەیە دان بەوەدا بنێن كە خەڵك لە شوناس و سروشت و شێواز و ڕواڵەت و هەلومەرج و زمان و ڕەفتار و نەریتیان جیاوازن و، هەر گرۆپێك و هەر كەسێك تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەموویان مافی ئەوەیان هەیە بە ئاشتی بژین و ناكرێ بیروبۆچونی كەسێك و گروپێك بەسەر كەس وخەڵكی دیكەدا فەرز بكرێت.

پاراستنی لێبوردەیی لە كوردستاندا بنەمای سەرەكی بەیەكەوە ژیان و دابینكردنی سەقامگیری گشتی كۆمەڵگای كوردستانە، كە ناكرێ مەترسییەكان لەسەر بوونی ئەم چەمكەش بەهەند وەرنەگیرێت.

فەرەی نەتەوەی و ئاینی و ئاینزایی لە كوردستاندا كاتێك دەبێتە مایەی دەوڵەمەندبوونی كەلتوری كوردستان و مسۆگەركردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیری كۆمەڵایەتی گشتی كە پرنسیپەكانی لێبوردەیی بپارێزرێت و ماوە بە پێشێلكردنی نەدرێت.

لەم بوارەدا و سەرەڕای جیاوازی بەرچاو نێوان ڕەوشی عێراق و ڕەوشی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم چەمكە، پاراستنی بنەماكانی چەمكی لێبوردەیی بەو مانایەی ئاماژەمان پێكرد كۆمەڵبَك ئەرك دەخاتە سەر ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوانە:

ــ زامنكردنی دادوەریی لە ئاستی حوكمرانی و نەهێشتنی جیاكاری لە یاسا و لە جێبەجێكردنیدا و لە بڕیاڕی دادوەریی و ئیداریدا و، جەختكردنەوە لەسەر پرنسیپی لێبوردەیی لە دەستووری هەرێمی كوردستاندا كە لە ڕێگای عەلمانەیت لە دەستووردا مسۆگەر دەكرێت.

ــ زامنكردن هەلی گونجاو  بۆ هەر كەس و گروپێكی كۆمەڵایەتی لە بواری ئابووری و گەشەپێدانی كۆمەلایەتی بێ جیاكاری  و پەراوێزخستن، كە دەبنە هۆی بێهودەیی و دەمارگیری و بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ خۆپاراستن.

ــ پابەندبوون بە ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە مافی مرۆڤ و پێكهاتەكان و مافی ژنان و ڕەنگدانەوەی لەسەر دەستوور و یاساكان.

ــ جەختكردنەوە لەسەر پەیوەندی بابەتی نێوان لێبوردەیی و ئاشتیی و دیموكراسی و گەشەپێدان.

ــ نەهێشتنی جیاكاری و دیاردەی پەراوێزخستن و بەشدار یپێنەكردن لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی، یان چاوپۆشیكردن لە بەكارهێنانی فشار و توندوتیژی بەرامبەر هەر پێكهاتەیەك لە ڕوانگەی ئاینی و ئاینزایی و نەتەوەیی، و جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە هەر تاك و پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی مافی ئەوەی هەیە لە تاك و پێكهاتەیەكی دیكە جیاواز بێت و شوناس و بیروباوەڕ و هزر و نەریتی خۆی هەبێت.

ــ كاركردن بە چەمكی عەدالەتی ڕاگوزاریی لە تێكڕای ئەو پرسانەی، كە پەیوەندییان بە مامەڵەكردن بە بواری پاكتاوكردتی كارتێكردنەكانی قۆناغی دیكتاتۆری و بابەتی جینوساید دژبە ئیزیدییەكانەوە هەیە، بە جۆرێك تاوانباران دان بە تاوانەكانی خۆیان بنێن و، لەلایەن یاسا و كۆمەڵگاوە بەتاوانبار دابنرێن و سزا بدرێن، نەك بە ناوی لێبوردەییەوە سەرلەنوێ بەرامبەر قوربانییەكانی جینوسایدی ئێزیدی دابنرێن و بە قوربانییەكانیش بوترێ ئەبێ بە بوونیان قایل بن.

ــ ڕەواندنەوەی مەترسی لە بەرامبەر و بڵاوكردنەوەی كەلتووری  گرنگی لێبوردەیی نێوان تاكەكان و لە چوارچێوەی خێزان، و ئەركی گوێگرتن لە یەكتر و گرنگی دیالۆگی ئازاد و بێ هێلی سوور و، پەروەردەكردنی تاك كە بەبێ بایەخییەوە تەماشای حاڵەتەكانی نەبوونی لێبوردەیی نەكات و، نەڵێت پەیوەندی بە منەوە نییە.

ــ گرنگیدان بە پەروەردەی مەدەنی و بابەتی خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆكان بە بنەمای جەختكردن لەسەر عەقلانیەت و پەروەردەكردن بە پەیڕەوكردنی ئازادییەكان و نەهێشتنی ڕەگی توندوتیژی ئاینی و جیاكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و بەكەم تەماشاكردنی پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی دیاریكراو و، بڵاوكردنەوەی نەریتی تەێكەڵبوون و هاوڵاتیبوونی كوردستانی و، پشتگیریكردنی ئەو ناوەندانەی توێژینەوە كە كار بۆ لێبوردەیی دەكەن و، بەكارهێنانی شانۆ و سەرجەم كاری هونەری لەم بوارەدا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا