ئاسۆی لاوان

 

سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٣ لەسەروبەندی خۆئامادەکردن بۆ کۆنگرەی دووەمی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق، ئەوکات لەشانەیەکی ڕێکخستنی حزبیدا بووم لە محەلی کەرکوک. لەیەکێك لەکۆبوونەوەکاندا لێپرسراوی شانەکە (دلێر .ق) دوای پێشەکیەکی کورت و ئاماژەی ڕوون کە پێکهێنانی حزبی شیوعی کوردستان جیابوونەوەو لاوازکردنی حشع ە ، ڕاپرسیەکی سادەو ڕاستەوخۆی ئەنجامدا بەپرسیارێکی ئاشکرا بۆ هەریەکەمان لەئامادەبووانی کۆبوونەوەکە « تۆ لەگەڵ بوونی حزبێکی شیوعی کوردستانیت؟» 
 وەڵامی من بەبێ تێگەیشتنێکی ئەوتۆ لە ماهیەتی پرسیارو شێوازەکەی بەبێ بوونی هیچ شارەزایی وپێشینەیەک لەکاری حزبی یان ڕێکخستن، بەبێ ئاگاداریم لەهیچ ململانێیەکی فکری یان پاشخانی مێژوویی، وەڵامێکی سادەو بێ پێچ وپەنابوو «نەخێر من لەگەڵ پەرتکردن ولاوازکردنی حزب نیم »
دوای چەند مانگێک لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری دامەزراندنی حزبی شیوعی کوردستان- عێراق بەبڕیاری کۆنگرەی دووەمی هەرێم درا کە ١٩٩٢/٦/٣٠ دیاریکرا وەکو ڕۆژی دامەزراندن، لەدوای ئەوە من و هاوڕێیانی شانەکە لە پرۆسەیەکی نەرم وبێدەنگدا بووینە ئەندامی حزبی شیوعی کوردستان و خراینە ناوڕێکخستنەکانی محەلی سلێمانی. 
پێکهێنان و دامەزراندنی حزبی شیوعی کوردستان جگەلەوەی مافێکی سروشتی و پێویستیەکی مێژووی  بوو بۆ ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵدابێت، بەڵام پێش دامەزراندن وچەندین ساڵ دوای ئەوەش لەملانێیەکی قووڵی ڕەوایی بوونیدا  نقوم بوو، بەداخەوە ئێستاش ئاسەواری ئەوململانێ  ناتەندرووستە و هەندێك جاریش بەئانقەست دروستکراوە هۆکارێکی ڕوونی لاوازی حزبە لەکایەی سیاسیدا.
هاتنە بوونی حزبمان لەوبارودۆخە ناهەموار وپڕ کێشەیەی کوردستان و لە سەروبەندی داڕمانی بەناو (  بلۆکی سۆسیالستی) سەرکێشییەکی گەورەبوو کە هەوڵ وتێکۆشانی کۆمەڵێ سەرکردەو کادری بەتوانای حزب ئەوکات ئازایانە بەرجەستەیان کرد تا ببێتە چوارچێوەیەکی زیندوو بۆ برەودان بەتێکۆشانی شیوعیەکان لەکوردستان بەبێ دابڕان لەمێژووی دەیان ساڵەی هەزاران شیوعی و قوربانیە مەزنەکانیان لەچوارچێوەی حشع دا. ناوی ئەوهاوڕێیانە بۆ ئێمەی تازە ئەندام و گۆشکراو بە ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕی و خاوەن خەونی گەورە بۆ داهاتوو، وەکو ناوی فریشتەو پاڵەوانە ئەفسانەییەکان بوون کە بینین و ووتەکانیان لەلامان تائاستی پیرۆزی هەڵدەکشا. 
دوای چەندین ساڵ لەکاری حزبی و ڕێکخراوەیی بەتایبەت لەسوید، شەرەفی کارو تێکۆشانی ڕۆژانەم لەگەڵ زۆرێك لەوهاوڕێیانە بەرکەوت کە بەشێکیان لەژیاندا ماون وبەشێکیش کۆچی دواییانکردووە بەڵام هەرگیز یاد و وانە گەورەکانیان بۆ تێکۆشان لەیادەوەری مندا کاڵ نابنەوە، ئەگەرچی لەهەندێک هەڵوێست و بۆچوونیشدا جیاوازیمان هەبووبێت، بەڵام من لەنزیکەوە ناسیمن و دڵنیابووم کەزۆربەی ئەوهاوڕێیانە پاڵەوانی ڕاستەقینەو نمونەی بەرزی تێکۆشان و دەستپاکی و دڵسۆزی بوون کە ئەگەرچی لەئێستادا کەس ناویان ناهێنێت بەڵام هەریەکەیان شایانی پەیکەری زێڕین و کتێب وفیلم ودەقی شانۆیین بۆ وون نەکردنی مێژوو و نەخش وڕۆڵیان لەبزووتنەوەی ئازادیخوازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. 
لەیادی دامەزراندنی حزبدا ویستم وەکو وەفایەکی هاوڕێیانە ئەم دێڕانە بکەمە پیرۆزبابییەکی سادە بۆ ئەو هاوڕێیانەی لەنزیکەوە کارم لەگەڵ کردوون،
لەم یادەدا سڵاو بۆ هاوڕێ ئیبراهیم سۆفی (بابی تارا) سەرکردەو دامەزرێنەری ڕێکخراوەکانی دەرەوەی ووڵات و ڕێکخراوی سوید، بەهیوای لەشساغی و تەمەنی درێژ.
سڵاو لەیادی هاوڕێی نەمر عیزەت عوسمان(ئەبو عەلی) دامەزرێنەرو مامۆستای تێکۆشان،
 سڵاو بۆ یادی سەرکردەو دامەزرێنەری حزب پاڵەوانە مەزنە خاکیەکە ئەحمەد بانیخێڵانی (ئەبو سەرباز) 
سڵاو بۆ یادی فریشتەکەی ڕێکخراوی سوید هاوڕێی هەمیشە لەیاد جەبار حەسەن ( ئەبو سەرکەوت)دامەزرێنەر وسەرکردەی هەقخواز.
سڵاو بۆ پاڵەوانە ڕووخۆشەکەی کەرکوک و سوید، سەرکردەو فریشتە بەویژدانەکەی حزب هاوڕێ فەخرەدین نەجمەدین (مام ساڵح) 
سڵاو بۆ یادی هاوڕێ خاکیە دڵگەرمەکە، سەرکردە نەجیب عەتۆ (ئەبو جنان)
سڵاو بۆ یادی دەیان هاوڕێی کۆچکردوو کە ناویانم نەبردووە بەڵام هەریەکەیان داستانێکن بۆ تێکۆشان.
سڵاو لەهەموو هاوڕێیانم لەسوید کە تائێستاش پەیوەستی حزبن بۆ ئازادی وعەدالەتی کۆمەڵایەتی
سڵاوو ڕێز بۆ هاوڕێیانی حزبەکەم لەهەرکوێ بن کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ وبەربەست وکۆسپی سیاسی و پۆلیسی و ئابووری، کاروانی تێکۆشانیان کردووەتە بەشێکی ژیانیان بۆ ئازادی نیشتمان و بەختیاری گەل.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا