‎لە ۱۳ - ۱۱ - ۲۰۰٤ لە پیلانێکی داڕێژراوی دەستی ڕەشی تیرۆریستان لە ڕێگای نێوان بەغدا و کەرکوکدا هاوڕێ سەعدون لە گەڵ پۆڵێک لە هاوڕێیانی کرانە ئامانجی ئەو پیلانە و شەهید کران.

‎لەم یادەوەریە خەمناکەدا سڵاو و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەنێرم، ئەمڕۆ لێرە لە وڵاتی غەریبی یادی ڕۆژگارێک و برینێکی قوڵ و ساڕێژنەکراو دەکەینەوە کە یادی تێکۆشەرانی رێگای سەختی خەبات و تێکۆشانە کە هەرگیز لە دڵ و ویژدانی کەسانێک کە قەدری ماندووبوونیان دەزانن لە بیر ناچنەوە.

‎ ئێمەی هاوڕێ و هاوسەنگەران کە رۆژگارێک هەموومان پێکەوە تێدەکۆشاین بۆ ڕزگاری چینی کرێکاران و جوتیاران و هەژاران، دەست لە نێو دەست بووین لە مەیدانی خەبات، دژی دڕندەترین ڕژێمی سەردەمی خۆی،لەو ڕێگایەدا چەندان ڕۆژگاری تاڵ و شیرینمان بەیەکەوە بەڕێکرد و چەندان کار و چالاکی و سەرکەوتنمان بەیەکەوە تۆمار کرد، سەرەڕای دژواری رێگاکان، بەردەوام بووین لە خەباتی پێشمەرگایەتی و پەرەدان بە دۆزی گەلەکەمان لە گەڵ تێکۆشەرانی وڵات و دڵسۆزانی شار و دێ. 

‎لێوان لێو لە خۆشەویستی و ڕێز لە گەڵ خەڵک و پێشمەرگە و دۆست و هاوڕێیانمان کە هەموو کات جێگای شانازی و سەربەرزین.

‎تێکۆشان و دڵسۆزیمان بۆ ڕێگای خەباتی چینایەتی لە گەڵ نەمر هاوڕێ سەعدون ساڵانێک بوو،لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان خەباتی بێوچانمان بەردەوام بوو. تا گەیشتین بە ڕۆژگارە هەرە دژوارەکان، (پرۆسەی ئەنفالی بەدناو) لە ساڵی ۱۹۸۸، ئێمە بەشێک لە پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عێراق لە خۆشناوەتی و بەڕانەتی لە شاخ ماینەوە، بەشێکی تر لە هاوڕێیان لە شارەکان جێگای خۆیان کردەوە، یەک لەوانە شەهید سەعدوون بوو کە بە هاوکاری دۆست و هاوڕێیان چەندان چالاکی لە شارەکان ئەنجامدا.

‎من وەک خۆم کە ماوەیێک لە گەڵ هاوڕێ سەعدوون لە یەک نزیک بووین و لە ئەرک و کارە حزبیەکانمان بەیەکەوە بووین، دەتوانم بڵێم، ئاستەمە بتواندرێ لە ڕێگەی نوسین و باسکردن ڕۆڵ و دەوری کاریگەری هاوڕێ سەعدوون هەقی خۆی پێ بدرێت، چ وەک سەرکردەیەک یان وەک شارەزایێکی بە توانا لە سەرجەم ژیانی ساسی و عەسکەری و کۆمەڵایەتی لە قۆناخەکانی پێشمەرگایەتی، دەتوانم بڵێم سەعدوون کەسایەتیەک بوو هاوشانی دەگمەن بوو.

‎دواجار لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ بینیمەوە، هاوڕێ سەعدوون باسی بۆ کردم کە  درێژەپێدەری هەمان رێگایە و بەردەوامە لە خەبات و خەمی خەڵکی لە بەغدا و دەوروبەری کردۆتە کۆڵ  بە هەمان گڕ و تین.

‎هاوڕێ سەعدوون تا دوا هەناسە ڕێبواری ڕێگای ئازادی و یەکسانی بوو، تیرۆریستان ژیانی ئەو زاتە مەزنەیان کردە ئامانج و بەو پەری دڕندانەوە شەهیدیان کرد، نەمری و سەربەرزی بۆ هاوڕێ سەعدوون و هاوڕێکانی ، ڕوڕەشی بۆ تاقم و گروپە تیرۆریستەکان .

‎جاسم خەیلانی ۱۲ - ۱۱ - ۲۰۲۳

‎سوێد

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە