لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 عەبدوڵڵا ئەحمەد مەخموری

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭وتەی بەرایی:

  مامۆستا عەبدوڵڵا یەکێکە لە مامۆستا بەخزمەت و دڵسۆزەکانی هەردوو بواری پەروەردە و نیشتمانپەروەری. ئەو جگە لە خەباتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، بۆ ماوەی نزیکەی 40 چل ساڵ لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووشدا وەکو تێکۆشەرێکی نیشتمانپەروەری چەپ لە خەباتی سیاسی و پیشەییدا درێخی نەکردووە. هەڵگری بیر و باوەڕی چینایەتی و نەتەوەییە. هەروەها لە چالاکی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەنووسیشدا لە حەفتاکان ڕۆڵی خۆی بینیوە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عەبدوڵڵا:

 ــ ناوی تەواوی: عەبدوڵڵا ئەحمەد حەمەساڵح سەعید هەمەوەند.

 ــ ناوی دایکی: هەمین ئەبابکر شێخە.

 ــ لە ساڵی 1948 لە قەزای مەخمور سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە.

 ــ لە 17-9-1954 لە قوتابخانەی مەخموری سەرەتایی چۆتە بەرخوێندن.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1960- 1961) خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1961-1962) لە قوتابخانەی ناوەندی مەخموری وەرگیراوە و لە ساڵی 1964 تەواوی کردووە.

 ــ لە ساڵی 1966 خوێندنی ئامادەییشی تەواو کردووە.

 ــ لە ساڵی 1968 پەیمانگای مامۆستایانی لە هەولێر تەواوکردووە.

 ــ بۆ یەکەمجار لە ڕێکەوتی 15-3-1970بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی ناوشیوان لە ناحیەی هەریر قەزای شەقڵاوە دامەزراوە. دوو ساڵ لەم قوتابخانەیە ماوەتەوە.

 ــ لە ساڵی 1972 لەسەر داوای خۆی بۆ قوتابخانەی گوندی مشار لە قەزای مەخمور گوازراوەتەوە.

 ــ لە ساڵی 1973 بۆ ناو شارۆچکەی مەخمور گوازراوەتەوە.

 ــ لە ڕێکەوتی 7-12-1985 بۆ قوتابخانەی سەڵاحەدین لە گەڕەکی (حی عسکری ــ نەورۆز) لە ناوشاری هەولێر گوازراوەتەوە. حەوت ساڵ لەم قوتابخانەیەدا ماوەتەوە.

 ــ لە ساڵی 1993 بۆ بنەسڵاوە گوازراوەتەوە. لە دوای بنەسڵاوە بۆ (قوتابخانەی ڕابەر) گوازراوەتەوە لە کەسنەزان. لەم قوتابخانەیەدا ماوەتەوە تاکو خانەنشینبوونی لە 15-10-2009.

 ــ لە ماوەی ژیانی مامۆستاییدا چەند خولێکی پەروەردەیی بینیوە وەکو: خولی ماتماتیک و زانست.

 هەروەها لە قوتابخانەی ناوشیوان لە ناحیەی هەریر بە ئەرکی بەڕێوەبەریش هەڵساوە.

 ــ لە هەڵبژاردنەکانی مامۆستایان لە هەردوو ساڵی 1974 و  1992دا وەکو ئەندامی لیستی پیشەیی دیموکراتی بەشداریکردووە.

 ٭ مامۆستا عەبدوڵڵا لەبارەی خەباتی سیاسی لە کاتی خۆیدا بۆی نووسیوم، پێمباشە چۆنی نووسیوە دەقاودەق دایبنێم: "کاری سیاسیم، هەستی چینایەتیم لە نیوەی دوایی پەنجاکان هەبووە، بەڵام لە دوای شۆڕشی1958 واتا لە سەرەتای شەستەکاندا لە ڕێکخراوی قوتابیان ماوەیەک کارم کردووە، جا لە دواییدا بە هۆی باری سیاسی چوومەتە ناوەڕاستی عیراق، لەوێ قۆناغی ئامادەییم تەواوکرد. پاشان گەڕاومەتەوە بۆ هەولێر و لە پەیمانگای مامۆستایان خوێندنم تەواوکردووە و لە سەرەتای حەفتاکاندا بە مامۆستا دامەزراوم. لە قەزای مەخمور بەرپرسی چەند شانەیەکی قوتابیان و لاوان بووم لە حزبی شیوعی عێراق. لە پاشان لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا لە حزب گەیشتوومەتە پلەی ئەندامی قەزای مەخمور. لە دوای شاڵاوە چەپەڵەکەی بەعسییەکان لە حزبی شیوعی دابڕام . واتا لە کۆتایی ساڵی 1978 تاکو ئێستا وەکو دۆستێکی ئەم حزبە ماومەتەوە... زۆر جار ژیانم کەوتۆتە مەترسی هەر کۆڵمنەداوە، چونکە من بەقەناعەتەوە باوەڕم بە مەسەلەیەکی ڕاست هەیە".

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا عەبدوڵڵا دوو جار هاوسەرگیری کردووە؛ جاری یەکەم لە ساڵی 1972 لەگەل خاتوو لەعلیە محەمەد ساڵح ژیانی خێزانی پێکهێناوە، پێنج منداڵیان بووە، تەمەن درێژ بن: (هۆگر 1973، هێمن 1976، هێرش 1978، ئەژی 1979، ئاری 1983) گیانی دایکی هۆگریش شاد و ئارام بێت، یادی بەخێر.

 دووەمین هاوسەرگیری لە ساڵی 1986 لەگەل خاتوو نەجیبە حەمەد قادر ئەنجامداوە، بەرهەمیان پێنج کوڕ و کچ بووە، تەمەن درێژ بن: (ئاریان 1988، ئارام 1990، شادان 1993، ئالان 1997، ئەسما 2001).

 لە کۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی بە تەندروستی باش بۆ هاوڕێی ئازیزمان مامۆستا عەبدوڵڵا و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ منداڵەکانی دەخوازین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا