ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 وتەی بەرایی:

 مامۆستا محەمەد قادر ڕۆشنبیر و خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و پێشکەوتنخوازانەیە، مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی بەڕێز و خۆشەویستە لای هاوڕێکانی. بەدرێژایی ساڵانی خزمەتی وەکو مامۆستا لە هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا بەسەرکەوتوویی وانەی ئینگلیزی دەوتەوە و بەهۆی شارەزایی لە زمانی ئینگلیزیدا زۆر بابەتی لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا محەمەد:

 ــ ناوی تەواوی: محەمەد قادر ئەحمەد سەفار

 ــ ناوی دایکی: گوڵعوزار ئەحمەد

 ــ لە ساڵی (1946) لە قەڵای هەولێر لەدایکبووە.

 ــ لە ساڵی (1952) ماڵیان لە قەڵاتێ هاتۆتە خوارێ و لە گەڕەکی تەعجیلی نیشتەجێبووینە. لە دوای تەعجیلی چوونەتە تەیراوەی  دوایی چوونەتە گەڕەکی ئیسکان.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1955-1956) لە قوتابخانەی ئەلمزەفەرییە  چۆتە بەرخوێندن.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1960-1961) قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1963-1964) قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی جمهوری تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی (1965-1966) خوێندنی ئامادەییشی لە دواناوەندی هەولێر تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی (1967-1968) پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە موسڵ تەواوکردووە.

 ــ لە ڕێکەوتی (22-1-1970) وەکو مامۆستا دامەزراوە و لە قوتابخانەی برایم باول لە ناحیەی قەراج قەزای مەخمور دەستبەکاربووە.

 ــ لە ساڵی (1971) بۆ قوتابخانەی باوەخەلان، ناحیەی سەڵاحەدین گوازراوەتەوە.

 ــ لە ساڵی (1971) تاکو (1980) لە قوتابخانەی گوندی گەلیاوە ناحیەی سەڵاحەدین (پیرمام) وەکو مامۆستا خزمەتی کردووە.

 ــ لە ساڵی (1980) گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی ئاسۆ لە گەڕەکی مامۆستایان ــ هەولێر تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی (2007) لەم قوتابخانەیەدا خزمەتی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی کردووە. بەهەزاران قوتابی پێگەیاندووە بەتایبەتی لە وانەی زمانی ئینگلیزیدا.

 ــ لە چەندین خولی پەروەردەیی بەشدار بووە بەتایبەتی لە خولی زمانی ئینگلیزیدا. لە ساڵی (1984-1985) لە خولێکی زمانی ئینگلیزیدا لە شاری بەغدا بەشدار بوو بۆ ماوەی یەک مانگ، بەپلەی زۆرباشە لەم خولەدا دەرچووە.

 ــ مامۆستا محەمەد هەڵگری بیروباوەڕی مارکسی و کەلەپووری پێشکەوتنخوازانەیە، هەر لە تەمەنی گەنجی تاکو ئێستا، خۆی بە دۆستی حزبی شیوعی و بزووتنەوەی چەپ دادەنێت و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی و توێژی مامۆستایان و خانەنشینان دەکات.

 ــ لە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایاندا لە ساڵی (1992) پاڵێوراوی لیستی پیشەیی مامۆستایان بوو.

 ــ مامۆستا محەمەد خوێنەرێکی چاکە نووسەر و وەرگێڕیشە لە ئینگلیزی بۆ کوردی و عەرەبی. گەلێک بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی کزبوونی بینینی توانای خوێندنەوە و نووسینی وەکو جاران نەماوە. ئێمە هیوای تەندروستی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازین.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا محەمەد لە ساڵی (1973) ژیانی خێزانی لەگەڵ مامۆستا ئەدیبە ڕەحمان سلێمان پێکهێناوە. بەرهەمی هاوسەرگیریەکەیان (6) منداڵە (تەمەن درێژ بن):

 1- ژین، (1974)، کۆلێژی پەروەردە بەشی زیندەوەرزانی تەواوکردووە.

 2- ژاڵە، (1976)، کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی تەواوکردووە.

 3، 4 - ئەژین و ڕێناس خاوەن پێداویستی تایبەتن. هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین.

 5- شیلان، (1986)، دەرمانسازە و لە سوێد نیشتەجێیە.

 6- فێنک، (1987)، کۆلێژی کشتوکاڵی تەواوکردووە و مامۆستایە.

 لە کۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی بەتەندروستی باش بۆ مامۆستا محەمەد و مامۆستا ئەدیبەی هاوسەری و کچە بەڕێزەکانی دەخوازین.

وتاری نووسەران