ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

٭ وتەی بەرایی:

سائرە خان، یان هاوڕێ سائرە، یان مامۆستا سائرە؛ یەکێکە لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی عنکاوا و کوردستان. لە شارە جوانەکەی عنکاوا لانکەی شۆڕگێڕ و ئاشتیخوازان چاوی بەدنیا هەڵێناوە و پەروەردە بووە. ئەو عنکاوا دێرینەی بەسەدان و هەزاران مامۆستا و پزیشک و سستەر و ئەندازیار و تێکۆشەری دڵسۆزی بە شاری هەولێر و وڵات بەخشیوە و جێگای شانازیمانە.

هاوڕێ (شەماڵ عادل سەلیم) لە بارەی مامۆستا سائیرە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان نووسیویەتی و دەڵێ: "بنەماڵەی مامۆستا سائرە قوربانییەکی زۆریان پێشکەش بە نیشتمان کردووە. مام پۆڵس سڵێوا پڵنداری مامی و هاوسەرەکەی (نێرگس یۆنا گلیانا) و چوار کچی بە ناوەکانی: (حەمامە، سەبیحە، شەزا، نادیە) و هاوسەری کوڕەکەیان (سێبەر سڵێوا) و کۆرپەکەی (ژاڵە)، کە تەمەنی 40 ڕۆژ بوو، هەموویان لە ساڵی 1988 بەبڕیاری تاوانبار عەلی حەسەن مەجید زیندە بەچاڵکراون، دوای ئەوەی عەبدولمەسیح ناسراو بە (سۆران)ی کوڕی مامی، کە کادیرێکی سەربازی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە لایەن دائرەی ئەمنی هەولێر شەهید کرا".

٭ کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا سائرە:

ــ ناوی تەواوی: سائرە (ثائرة) یوسف عەزیز.

ــ ساڵی 1960 لە ئامێزی بنەماڵەیەکی جوتیاری عنکاوا لەدایکبووە.

ــ لە ساڵی 1973 خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (باعوث)ی کچان تەواوکردووە.

ــ قۆناغی ناوەندیشی لە ساڵی 1976 لە ناوەندی عنکاوا تەواوکردووە.

ــ ساڵی 1979 خانەی مامۆستایانی کچانی لە هەولێر تەواوکردووە.

ــ لە ساڵی خوێندنی (1979-1980) بە مامۆستای سەرەتایی لە قوتابخانەی ئالانەی سەر بە خەلیفان ناوچەی سۆران دامەزراوە و 7 ساڵ لە ئالانە ماوەتەوە و خزمەتیکردووە.

ــ لە دوای ئالانە بۆ قوتابخانەی گەڕەشێخانی ناحیەی قوشتەپە گوازراوەتەوە.

ــ دوو ساڵ لە گەڕەشێخان بووە، لەوێ بۆ قوتابخانەی گەزنەی سەر بە ناحیەی عنکاوا گوازراوەتەوە.

ــ لە دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر وەکو مامۆستایەکی دڵسۆز لە گوندەکان خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەکات، بۆ قوتابخانەی (فتوة) لەناو شاری هەولێر گوازراوەتەوە. دواجار مامۆستا سائرە دەگەڕێتەوە بۆ عنکاوا و بۆ قوتابخانەی عنکاوای کوڕان دەگوازرێتەوە و دوای ئەوەی 20 ساڵی تەواو خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی کردووە، لە ساڵی 2000 لەسەر داوای خۆی خانەنشینکراوە.

٭ خەباتی سیاسی و مەدەنی و باری کۆمەڵایەتی:

هاوڕێ سائیرە هەر لە تەمەنی گەنجی لە تەک ئەرکی پەروەردەییدا، چالاکی حزبی و سیاسی هەبووە. هەستی بە ئازار و مافخوراويی مرۆڤەچەوساوەکان و گەل و پێکهاتەکانی کوردستان کردووە. تاکو ئێستا بێ دابڕان و پچڕان وەکو ژنە تێکۆشەرێکی شیوعی لە عنکاوا و لە شاری هەولێر لە گەڵ هاوڕێیانی لە مەیدانی تێکۆشاندا ماندوونەناسانە بەردەوامە.

هاوڕێی نووسەر و ڕۆژنامەنووس شەماڵ عادل سەلیم لە بارەی کاروانی خەباتی مامۆستا سائیرە بۆی نووسیوم و دەفەرموێ: "مامۆستا سائیرە لە گوندی (ئالانە)ی ناحیەی خەلیفان پێش ڕاپەڕینی 1991 وەک مامۆستا دامەزراوە (لە بەشی یەکەمدا ڕوونمانکردۆتەوە کە مامۆستا سائیرە لە ساڵی 1980 بۆ یەکەمجار وەکو مامۆستا لە ئالانە دامەزراوە و 7 ساڵ لەم گوندەدا مامۆستا بووە م.ح) سەرەڕای خزمەتکردن و پێگەیاندنی قوتابیيان، بەردەوام کاری ڕێکخستنی کردووە نامە و ئەدەبیاتی حزبی گەیاندۆتە هەولێر. هەروەها خێزانی پێشمەرگەکانی گەیاندۆتە ناوچە ئازادکراوەکان . چەندین گەنجی (عنکاوا) لە ڕێگای مامۆستا سائیرە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.

مامۆستا سائیرە چەندین کاری نهێنی حزبی ئەنجامداوە، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە بەسەردان دەگەڕایەوە بۆ عنکاوا. بەهۆی هاتوچۆی بەردەوامی لە بازگەکان ڕایاننەدەگرت و دەیانزانی مامۆستایە و دەچێتەوە ماڵەوە. هەر بۆیە مامۆستا سائیرە ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ گواستنەوەی ئەدەبیات و نامە و بەریدی حزبی و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی " .

٭ مامۆستا سائیرە و (کۆمەڵەی خێرخوازی شەهید کارزان):

کۆمەڵەی خێرخوازی شەهید کارزان لە 17-2-1992 لە عنکاوا لە لایەن کۆمەڵێک تێکۆشەری شیوعی و پێشکەوتنخواز دامەزراوە و هاوڕێ مامۆستا سائیرە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنیدا. ئەم کۆمەڵەیە، کۆمەڵەیەکی خێرخوازی سەربەخۆی بێلایەن بوو، تێدەکۆشا بۆ یارمەتیدانی هەژار و لێقەوماوان. تاکو ساڵی 1998 ژمارەیەکی زۆر چالاکيی خێرخوازی و ڕۆشنبیری ئەنجامداوە. ئەو خانووەی ماڵی شەهید کارزان و مامۆستا سائیرەی تیا نیشتەجێبوون، لە دوای ڕاپەڕینی 1991، کرایە بارەگای کۆمەڵەکە.

٭ سەفەرکردنی مامۆستا سائیرە بەرەو ئەڵمانیا: لەم بارەیەوە مامۆستا سائیرە بۆی نووسیوم و دەڵێ: "لە ساڵی 2000 داوای مافی پەناهەندەییم لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد، تاکو ماوەی حەوت ساڵ هیچ جۆرە لجوئێکم پێنەدرا. لە ئەڵمانیا لە زۆر بواری جۆربەجۆردا خۆبەخشانە کارمدەکرد، زمانی ئەڵمانیم خوێند، لەگەڵ خوێندکارانی بیانی لە ڕێکخراوی  (B .C .Fی ئەڵمانی کارمکرد، هەروەها لەگەڵ قوتابییە پەککەوتەکان کارمدەکرد و یارمەتیمدەدان. لە هەمان خوێندنگەدا لە شاری ماربورک زمانی عەرەبیشم خوێند، ئەم خوێندنگەیە تایبەت بوو بە خوێندکارانی عەرەب. هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوی (F i b) ئەڵمانی کارمکرد بۆ یارمەتیدانی قوتابیيانی کەمئەندام. ڕۆژانە 8  تاکو10 سەعات ماندوونەناسانە کارمدەکرد، تاکو ئیقامەی کارکردنم پێدرا. دوایی بۆ ماوەی چەندین ساڵی دی لەسەر کارکردن بەردەوامبووم تاکو ڕەگەزنامەی ئەڵمانیم وەرگرت. دوای 20 ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا گەڕامەوە بۆ عنکاوا" .

٭ لێدوانی دوو لە هاوڕێیانی دەربارەی (م. ساهیرە):

هاوڕێ نەرمین نەجمەدین مامۆ نووسیویەتی و دەڵێ: "جێگای شانازيیە هاوڕێی بەڕێزم مامۆستا سائیرە، ئەو ئافرەتە تێکۆشەرە مێژووی ژیانی پڕە لە خۆڕاگری و خەبات و شانازی، تا ئێستاش کەسێکە لە کەسە پاک و جوانەکان".

شاعیر و نووسەری بەڕێز سەلما تۆما کاکۆ، لە بارەی هاوڕێ سائیرە لە کۆمێنتێکیدا نووسیویەتی دەڵێ: " .. مامۆستا سائیرەی بەڕێز بە خەبات و خۆڕاگرییەکەی ناوێکی ناسراوە لە لای هەموو خەڵکی شەقڵاوە و عنکاوا و هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دۆستایەتی خێزانەکەیان کردووە. لە بنەماڵەیەکی بەڕێز و شۆڕشگێڕ و قوربانیدەرە و خێزانی پێشمەرگەیەکی ئازا و بوێری بەناهەق شەهیدکراوە".

٭ باری کۆمەڵایەتی:

هەر بەهۆی کارکردنی مامۆستا ساهیرە لەناو ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی عێراق و ئازایەتی و دڵسۆزيی، کادیری دیاری حزبی شیوعی (دیدار بیا سڵێوە) ناسراو بە (ملازم کارزان)، کوڕی شەهیدی شیوعی بیا سڵێوە شەقڵاوەیی، پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دەبەستێت و دواتر لە ڕێکەوتی 24-6-1990 هاوسەرگیری دەکەن و ژیانی خێزانی پێکدێنن.

لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ملازم کارزانی پێشمەرگەی دلێر، ڕۆڵی کارای بینی لە ڕزگارکردنی شارۆچکەی عنکاوا و وەکو کادیرێکی سیاسی و عەسکەری ناسراو لە تەک هاوڕێیانیدا ڕۆڵی کارای دەبینی..

زۆر بەداخەوە لە ڕێکەوتی 22-12-1991 دەستێکی نامەرد، لەوکاتەی ملازم کارزان لە عنکاوە لە پرسەیەک دەردەچوو، لە پشتەوە دەستڕێژی گوللـەی لێکرد و بە غەدر و ناحەق شەهیدیکرد.

لە نەوەتەکان پەیکەرێک بۆ شەهید کارزان لە عنکاوا دانرا، بەڵام بەداخەوە لە دوای ساڵی 1996 لە لایەن دەسەڵات پەیکەری شەهید لادرا و هەڵگیرا!!

مامۆستا سائیرە بۆ زیندووڕاگرتنی ناو و یادەوەری شەهید کارزان، لە ساڵی 1992 لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانان، کۆمەڵەی خێرخوازی شەهید کارزانی دامەزراند و لە ماوەی 6 ساڵدا ئەم کۆمەڵەیە زۆر کار و چالاکيی خێرخوازی و ڕۆشنبیری ئەنجامداوە.

٭ وتەیەکی پێویست:

ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بۆچوونی کاک سلێمان تەقیەدینی گوندی ئاڵانەیە لەسەر مامۆستا، ئەوگوندەی مامۆستا سائیرە حەوت ساڵ لە قوتابخانەکەیدا لە هەشتاکان خزمەتی کردووە، پێم باشبوو لێرەدا و لە کۆتایی ئەم نوسینەم دەربارەی مامۆستا سائیرە دایبنێم.

" .. ئێمە وەکو خەڵکی گوندی ئاڵانە کە باسی ئەم خاتوونە بکەین؛ هەر لە حەفتەی یەکەم و ئاشنابوونمان لەگەڵ ئەم بەڕێزە خاتوونە، هەستمانکرد زۆر ئاکاری شیاوی جوانی تیادا ڕەنگدەداتەوە. هەر لە ماوەیەکی کەمدا تێکڕای گوند وەک خوشکێک لە خانەوادەی خۆیان ئەژماریاندەکرد. ئەمە وێڕای ئەوەی خۆشەویستی و وەفای قوتابییەکانی تاکو ئێستا بۆ مامۆستا سائیرە بەردەوامە.

مامۆستا نموونەی ڕێز و خۆشەویستی بوو، جێی متمانە لە هەڵس و کەوت، ئارام، بەئاداب، شارستان، لای گوندیان گونجاو، لەگەڵ نەریت و هەڵس و کەوتی گوندا خۆجێی بوو..

کەسایەتی ئەم خاتوونە ئەوەندە بەهێز بوو چەند بتویستایە بە مانگ و ساڵ شتێکی ناباو و نامۆت تیا نەئەبینی. هاتییە بڵێم سائیرە خان نموونەی مرۆڤی سەرکەوتوو بوو، هەموو مەرجێکی کەسێتی سەرکەوتووی تیا جێگیر بوو، ئەمەو سەرەڕای ئەم ڕەوشت و ئاکار بەرزییەی، لە کاتێکدا کە ناوچەی ئێمە مەئوای پێشمەرگە و شەڕەکان بوو، هەموو حزبەکان سەردانیان ئەکردین، ناوبراو بە هەست و عەقلێکی هۆشیارانەی کراوەی ئەوتۆ هەڵس و کەوتی ئەکرد، جێی ڕێز و متمانەی هەموو حزبەکانیش بوو. جیاوازی ئەم خاتوونە هەر لە پەنهانی و لێزانی و هەڵس و کەوتە جوانەکانیدا نەبوو و بەس، کە تێبینیتدەکرد گورج و گۆڵ و بەدیسپلین و مەرد و ڕەند لە ئەرکەکانیدا، بوێر و ئەنگوستەچا و لە نهێنیپارێزیدا کەس پەی پێنەدەبرد، گەر بڵێم ئاکار و تایبەتمەندییەکانی ئەم خاتوونە بە چەند لاپەڕەیەک تەواونابێت، بڕوابکەن زیادەڕۆییم نەکردووە. ئەمەو وێرای ئەوەی لە خانەوادە هەرە قوربانیدەرەکانی عنکاوا و هەولێر بوو، کە تێکۆشەری بوێر و گەورەیان بە گەورە و بچووک کردۆتە قوربانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی، (سۆران) یەکێ لە تێکۆشەرانی هەرە دلێر و ئازای هەمان بێشکەی ئەم خاتوونە بەڕێزە بوو، کە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس لێی تۆقیبوون تاکو بە پیلانێکی تۆکمە کاکە سۆران و هەموو خانەوادەکەیان قڕکردن، ئۆقرەیان نەگرت.

خاتوو سائیرە مەکۆی خەمی گەورە بووە لە ژیان و تێکۆشانیدا نەک هەر خانەوادە بەڕێزەکەی، خۆی هەر لە ڕیزی حزبی شیوعی بە هاوڕێ و هاوبیری و هەڵبژاردە و خۆشەویستی خۆی شاد بوو، کەچی مخابن لە ماوەیەکی کەمدا چارەنووسی شووم لە ویشی دابڕی و ئاوێتەی نیگەرانییەکی ئاستەمی تری کردەوە، هەموو کۆستەکان یەک لە یەکێ وێران و جەرگبڕتر بوون، کەچی هەر بەئیرادەی بەرز کەوتەوە کایەی ژیان بۆ ئەوەی بە چارەنووسی شووم بڵێ: ئێمە مەکۆی ئازادی و نەبەردی ژیانین هیچ ئاستەنگێک بوێری و بڕوابوون بە ئازادی ژیانمان پێ لاواز ناکات.

حەیف ئەبوو دەور و ئەزموونی ئەم تێکۆشەرانە لەبنیاتی وڵاتدا سوودی لێوەربگیرایە، نەوەک کۆمەڵگە و دەسەڵات بێباک بن دەرحەق هەموو ئەم تێکۆشەرانە..

هەربژیت و ڕوو سوور بیت".

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا