
هیوا عومه‌ر - ڕزگار عومه‌ر
سه‌ركه‌وتنی سیاسیی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رده‌وام، ته‌نیا به ده‌ست هێنانی سه‌ركه‌وتنی مه‌یدانێك و دووان نییه، به‌رده‌وام بوون ته‌نیا له خۆ گیركردن له یه‌ك جۆر له خه‌باتی مه‌ده‌نی گه‌شه ناكات، ته‌نها له به‌ده‌ستهێنانى چه‌ند كورسیه‌كى په‌رله‌مانیش مانا وه‌رناگرێت به‌ڵكوو به‌ر له هه‌موو شتێك له "ئیراده‌ی هه‌ڵسانه‌وه" له دوای هه‌موو جۆرێك له نائومێدیی خۆڕسك یان سه‌پێنراوی سیاسییه‌وه گه‌شه ده‌كات.
ئێمه به‌شی زۆرمان هاوڕاین كه ئه‌و دۆخ و ژینگه‌ی
سیاسییه‌ی ئێمه كاری تێدا ده‌كه‌ین چه‌ندێك زه‌حمه‌ته، چۆن سیخناخكراوه به ژیانى ئیستهلاكى و مەسروفگه‌رایى و دووركه‌وتنه‌وه له ژیان و بوونێكى ڕاسته‌قینه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامین، چونكه ڕێگه‌ی ترمان له‌به‌رده‌مدا نییه، ئێمه سه‌باره‌ت به ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كه ئه‌م ماوه‌یه فه‌زاى گشتى به جۆرێك له جۆره‌كان كۆنترۆڵكردووه و له جێگاى ئه‌وه‌ى هاوڵاتى ئه‌گه‌ر له چوارساڵ جارێكیش بێت "رۆڵى كارا" بگێرێت، ئەمجارەش له ده‌ره‌وه‌ى به‌شدارییه‌كى مانادار په‌راوێزخرا.
لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان كه له‌لایه‌ن هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه ستراكچه‌ره‌كه‌ى داڕێژراوه و مۆنۆپۆل کراوە (هەموو هەوڵی بزوتنەوەکانی چەشنی ئێمەمانان کارکردنی بەردەوامە بۆ تێك شکاندنی ئەم مۆنۆپۆلەیە) ئێمە دەزانین لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە هه‌رگیز مه‌به‌ست لێی گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌ل و شه‌رعیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، به‌ڵكو ته‌نها بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه و زاڵبوونی هه‌مان كه‌مینه‌ی بنه‌ماڵه سیاسییه‌كان بووه له هه‌رێم و له باشوری عێراق، ئامانجی دیزاینه‌كان ته‌نیا جێگیركردنی جیۆپۆلیتیكی درواسێك و دوان نییه، ئامانجی سه‌ره‌كی نه‌هێشتنی دوا نوزه‌كانی ئومێده له پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و شكاندنی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ره، بۆ ئه‌وه‌ی یەكێك لە ئامرازەکانی "كولتووری به‌شداریی
سیاسی" چیتر خولیای گشتی هاووڵاتییان نه‌بێت.
دووه‌م: ئامانجی ئه‌م دۆخه بریتیە له‌باربردنی
دووباره‌ی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان؛ شێواندنی ڕه‌گه‌ز و پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه، به ئاشكرا بینیمان حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم و عێراق ئه‌مجاره‌ش له جیاتی ڕۆڵ بینین له جێگیركردنی زه‌مینه‌یه‌كی یه‌كسان و هاوسه‌نگ بۆ كێبڕكێی عه‌قڵانی كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابوری به‌ڕێوه‌بچێت، پڕۆسه‌كه به تایبه‌تی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنیان كرده پاشكۆیه‌كی تر له نه‌خۆشییه سیاسییه‌كانیان فرۆشتنه‌وه‌ی مێژوی خۆیان به یه‌ك تر.
لێره‌دا ڕوونه كه ئاسان نییه دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌م هه‌ڵبژاردنه، ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ شه‌پۆڵێكی تر له نائومێدی فه‌رامۆش بكرێت، كاتێك كۆمه‌ڵگە یان ده‌نگده‌ر هه‌ست بكات كه سه‌ره‌ڕای ماندوو بوون و كاركردنی جدی بۆ خولقاندنی ده‌رفه‌تی "گۆڕانكاری" هێشتا دۆخه كۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێته‌وه!
سێهه‌م: ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ناو هێزه چه‌كداره‌كان پێمان ده‌ڵێن كه هێشتا زۆرینه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان نه‌ك هه‌ر له ژێر كۆنترۆڵى ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندایه به‌ڵكو وه‌ك كائینێكى بێ ئیراده به‌كاریان دێنن.
ڕوونه كه ئه‌وان له هه‌ر جۆره ئیراده‌یه‌كی ئازاد بێبه‌شن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك ده‌بینی ده‌یان هه‌زار له هێزه‌كانی ناوه‌خۆ ده‌نگه‌كانیان پوچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه و ناچنه ژێرباری دۆخی بێ ئیراده‌كردن، ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌رمان پێ ده‌ڵێت له‌وه‌ی هیچ هێزێك تاسه‌ر ناتوانێت مرۆڤ له دۆخی بێ ئیراده‌یی بهێڵێته‌وه .
چواره‌م: گرنگى ئه‌م چركه ساتانه له‌وه‌دایه ڕووبه‌رووى جۆرێك له شۆكمان بكاته‌وه، شۆكێك بتوانێت جارێكى تر دوورمان بخاته‌وه له دۆخى له خۆ رازیبوون و گیربوون له ته‌له‌كانى دۆگمایى.
بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ناو خۆڵه‌مێشى ئه‌م ڕووداوانه‌دا خۆمان بگۆرین، خۆ گۆڕێنێك دوور له‌و جۆرە له "خەست کردنەوەی خەبات و به‌شدارىی سیاسى" ته‌نها له پرۆسەی هه‌ڵبژاردن ودەنگدان به كاریزمایه‌كى دیاریکراو كه چۆن به ئاسانى رەنگە "ئومێد" بهێنێت، ئاواش وه‌ك نموونه‌كانى پێشوو ڕەنگە "نائومێدییه‌كى تر" به‌رهه‌م بهێنێت.
ئێمه تێده‌گه‌ین له‌وه‌ى لەئە‌مرۆدا زیاتر له هه‌ر كاتێك هزرى هه‌موومان له‌به‌رده‌م هێرشێكى گه‌وره‌ى زانیارى بازارى میدیا دایه، هه‌ر ئه‌و میدیایه‌شه ناوه‌رۆكى هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى سیاسى كورتده‌كاته‌وه ته‌نها له ژماره‌ى كورسییه‌كانى لایەنه‌كان و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته "پێوه‌رى" سه‌ركه‌وتن و شكست، به‌بێ ئه‌وه‌ى قسه‌یه‌كى مۆڕاڵى هه‌بێت له‌باره‌ى به‌ستنه‌وه و گه‌راندنه‌وه‌ى سیاسه‌ت بۆ ژینگه‌ى كار و ماناكانى سه‌ركه‌وتن و شكست به گرێدراوى به‌شكۆى مرۆیمان و پرسه‌كانى یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى له‌ناو پرۆژه‌ى هێزه سیاسییه‌كان .
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه؛ لە پراکتیکی مەیدانیدا هه‌ڵبژاردن هه‌م "به‌ربه‌سته" و هه‌م "ده‌رفه‌تێكه" بۆ گۆڕانكاری بۆ تەونێك لە دەسکەوت کە ڕەنگە پێوەر بکرێت یان دەم و دەست پێوەر نەکرێت.
ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه تا چه‌ند هێزه‌كانی چه‌پ و ڕزگاریخواز ده‌توانن به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ له پاڵ چینه په‌راوێزخراوه‌كاندا ڕێكبخه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان و گۆڕینی بۆ ده‌رفه‌ت. ئایا پێویستمان به نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی نوێ و واقیعى هه‌یه بۆ ئه‌مه؟ به دڵنیایی و بێگومان "به‌ڵێ".
سه‌ره‌ڕای ئه‌م واقیعه تاریكانه، "ڕه‌شبینی" ناتوانێت كولتوری سیاسی ئێمه بێت. مێژوو نیشان ده‌دات كه زۆرجار گۆڕانكاری مانادار له خنكێنه‌رترین بارودۆخه‌كانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات.
ئه‌ركی چه‌پ و ڕیفۆرمخوازان و نه‌وه‌ی گه‌نج ته‌نیا ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵی یان ئیدانه‌كردنی نادادپه‌روه‌ری نییه، به‌ڵكو ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه گۆڕینی نائومێدییه بۆ ستراتیژیه‌كی تازه‌كراوی كۆلێكتیڤی به كۆمه‌ڵ.
له كورتخایه‌ندا، خه‌بات پێویسته هه‌میشه جه‌خت بكاته‌وه له پره‌نسیبی "بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه" له نێوان چینی په‌راوێزخراو و كرێكاران و ژنان و گه‌نجان له ڕێگه‌ی "ڕێكخستنی بنه‌ڕه‌تی" و "په‌روه‌رده‌ی سیاسی" و "تۆڕه‌كانی هاوپشتی كۆمه‌ڵایه‌تی".
گه‌نجان وزه‌یه‌كی له بن نه‌هاتوون؛ ئه‌گه‌ر جارێك دووان هه‌ڵبژاردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی پێ نه‌خولقا، ده‌توانن هه‌میشه هه‌موو فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و قوتابخانه، پلاتفۆرمی ئۆنلاین، ئه‌نجومه‌نی ناوخۆیی و زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كرێكاران و مامۆستایان بكه‌نه مه‌یدانی خه‌باتی مه‌ده‌نی.
له درێژخایه‌ندا؛ ئه‌م كرداره بچووكانه به‌ڵام "به‌رده‌وامانه" ده‌بێ خۆراك بده‌نه دیدگە و به‌دیلێكی ڕوون: دیدگەیه‌ك كه "دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی" به " ڕزگارىی نیشتمانى و ئازادیی سیاسی و دادپه‌روه‌ریی ئابوورییه‌وه" ببه‌ستێته‌وه.
نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ گۆڕانكاری ده‌بێت "جەختی ستراتیژی" له‌گه‌ڵ ویست و ئیراده‌ی داهێنه‌رانه تێكه‌ڵ بكات، بۆ بنیاتنانی جۆرێك له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كه دیسپلیندار و ئاگادار و چاونه‌ترس بن له پێشنیاركردن و خستنه ڕووی ئه‌لته‌رنانتیڤ بۆ ئه‌م جۆره له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌پێنراو.
مێژوو ده‌یان نموونه‌ی بێ كۆتا ده‌خاته ڕوو كه شكست "كۆتایی نییه" به‌ڵكوو "سه‌ره‌تایه". بزووتنه‌وه دژه كۆلۆنیالیزمه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، خه‌باتی مافه مه‌ده‌نییه‌كان له ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه دیموكراسییه‌كان له ئه‌مریكای لاتین هه‌موویان به شكست و زیانی گه‌وره ده‌ستیان پێكرد كه دواتر پێگه‌یشتن و بوو به سه‌ركه‌وتن.
هه‌مان شت بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ش ڕاسته، هه‌ر ئه‌زموونێك وانه‌یه‌كی پڕ له كرداری دوا ڕۆژه، ئه‌م دۆخه چالاكوانانی فێركرد كه گرنگی و پرسیاری چۆن باشتر ڕێكخستن بكه‌ن یه‌ك وه‌ڵامی نێیه به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كی زۆری به"به‌رده‌وامیه‌وه" هه‌یه.
وانه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه ڕوونتر و چاونه‌ترستر قسه بكه‌ین و قووڵتر ده‌گه‌ینه ناو كۆمه‌ڵگە، لێره‌دا گه‌ڕان نییه به ده‌نگده‌ری "گوێگر" به‌ڵكوو پرسیاری دروست كردنی خۆمان و ده‌نگده‌ری "بكه‌ر"ه.
پێنجەم : ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ ده‌یان ساڵه فێری پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی كۆنترۆڵ بوون، ئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌یه كه فێری به‌رگه‌گرتن و به‌ره‌نگاری نوێ بین. ڕه‌نگه سه‌ركه‌وتنی ڕاسته‌قینه له یه‌ك دوو خولی هه‌ڵبژاردندا مسۆگه‌ر نه‌بێت، به‌ڵكوو له به‌رده‌وامبونی كولتوری "خۆڕاگری و ئومێدی" بابه‌تی بێت، كه بتوانێ چینه په‌راوێزخراوه‌كان و مامۆستایان و كرێكاران و گه‌نجان، نه‌وه‌یه‌كی نوێ فێری ئه‌وه بكات كه سیاسه‌ت ته‌نها مافی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵكو "سیاسه‌ت" پێچه‌وانه و دژ به‌وان له ده‌ستی كه‌سانێكه كه چیتر ته‌نیا وه‌كو "ماف" سه‌یری ناكه‌ن، به‌ڵكوو به دوای هه‌موو ئامرازێك ده‌بن بۆ گۆڕانكاری گه‌وره‌تر.
ئه‌م جۆره له كه‌سایه‌تی به دڵنیایی یه‌كه‌م سوپرایزیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گۆڕینی "بێده‌نگی گشتی" بۆ "شه‌هامه‌تى به‌ره‌نگارى و ئاگایى گشتى " ده‌بێت.
ئێره شوێنی نائومێدی نییه، ئێره شوێنی خۆ ته‌كاندن و بنیادنانه بۆ دوارۆژێكى باشتر بۆ هه‌مووان!