
گوشاد حەمە سەعید
ئەوەی کە بەڕوونی لە ئاخاوتنی کوردیدا هەستی پێدەکرێ، بەتایبەتیش لە دەمودووی خەڵکی گوندنشین وهەندێک شارو شارۆچەکەش ئەوەیە کە ناتوانن ئەو پیتانەی هاتونەتە ناوزمانی کوردی وەکوخۆی نوتق بکەن، یان باشترە بڵێین ناتوانن وەک ئەو میللەتانە نوتقی بکەن کە لە لەبنەڕەتدا خاوەنی پیتەکەن، وەک پیتەکانی:ق،ع،ح،چ،ڤ،غ،یان هه رپیتێکی شەددە داری عەرەبی. ئێستاش زور لەخەڵکی ناتوانن بۆنموونە بڵێن (حەیدەری)هەردەڵێن هەیدەری، خەڵکی ناو عەشایەرە کوردەکان کەمتر تێکەڵی شاربووون ناڵێن (عەیامێک،هەردەلێن هەیامێک)....هتد، جگەلەوەی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان( ح دەکەن بە ع)و بەپێچەوانەوە، خۆ گ،ڤ، هەرباس ناکرێ جگە لەهەندێک ناوچەی کە لە عەرەبانەوە نزیکن و بەتێپەڕینی ڕۆژگارێکی دوورودرێژ دەمیان لەگەڵ پیتە گرانەکان ڕاهاتووە. بۆنموونە،هەرگیز ڕانایەین بە (تەماتە بڵێیین گماگە). له هەمان کاتیشدا، عەرەبەکان و تورکەکان ناتوانن کۆمەڵێک پیت بەکاربهێنن کەکورد لە زمانەکەیدا بەکاریان دەهێنێ .بۆنموونە پیتەکانی، ژ، گ، ڤ، ێ، ۆ. ئەوەی ڕاستی بێ لەکاتی ئاخاوتن زۆرێک لەو پیتانە نوتق دەکەن بەڵام لەنووسیندا ناینووسن چونکە بەهی خۆیانی نازانن. ئەگەر ئێمە هەندێک پیتی ئەوانمان هێناوەتە ناو زمانی کوردی ئەوان ئەوەشیان نەکردوە. لەڕاستیدا کە دوو نەتەوە یان میللەت چەند هەزارساڵێک دەبن بەهاوسێی یەکدی بەتایبەتیش ئەگەر دەسەڵاتی نەتەوەیەک یان میللەتێک بەهەربۆنەیەکەوەبێ خۆی بەسەر میللەتێکی دیکەدا بسە پێنێ ئەوە ئەوسەپاندنە کاریگەری زۆری لەسەر زمانی میللەتە ژێر دەستەکەدا دەبێ، بەتایبەتیش ئەگەر خۆسەپاندنی ئەو زمانە بەهۆی دەسەڵاتی ئاینیەوەبێ و میللەتە ژێردەستەکەش ئەوئاینەیان قبووڵ کردبێ، یان باشترە بڵێین بەسەریاندا سەپابێ وخوویان پێوە گرتبێ و یاساو ڕێساکانی ئەو ئاینە لەناوخەڵکیدا کاریگەری لەسەر بەڕێوە چوونی تەواوی ژیانی یاسایی وئیداریاندا هەبێ، دیارە کەزمانی ئەوئاینە زمانی عەرەبیەو ڕۆژانە خەڵکێک فێری دەبن، یان گوێبیستی دەبن، لێرە فێربوونی هەندێک پیت ئاسانتردەبێ، چونکە زمانی ئاینەکە دەبێتە زمانی ئاڵوگۆری فەرهەنگی، بەڕێوەچوونی سرووتە ئاینی وکاروباری بازرگانی، وەک چۆن هەموو شتێک ئاڵوگۆڕدەکەن زمانیش بەهەمان شێوە، چونکە هەر وابووە هەمیشە میللەتانی ژێردەستە وایان لێ کراوە زمانی داگیرکەر فێر بن بۆئاسان کردنی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانیان، هەندێک کەس هەیە لەگەڵ ئەوەشدا لە میللەتێک دیکەدایە بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو میللەتێکی دیکە دێتە دنیاوە زمانەکەیان بەجۆرێکی زۆر باش فێردەبێ کەهەست بەوەناکا کەسەر بەونەتەوەنیە کەبەزمانەی قسە دەکا. من کوردم دیتوە بەعەرەبییەکی ئەوتۆ قسەی کردووە بەهیچ جۆرێک هەستم نەکردووە کە کوردە، منداڵە عەرەبیشم دیتوە لەنێو کوردان گەوورەبووە هەستم نەکردووە کە عەرەب بووە. دیارە فێربوونی سەردەمی منداڵی زۆرکاریگەرەو لەمێشکی منداڵ دا نەخش دەکێشێ، بۆنموونە، منداڵێکی ئەلبانی بەساوایی ببەیتە یابان ئەوا زمانی دەبێتە یابانی چونکە فێربوونەکانی سەرەتای ژیان زۆربەڕێکی دەچێتە مێشکی مرۆڤەوە، بۆیە لەوباوەڕەدانیم پێکهاتەی ئەو ئەندامانەی کەدەبنە هۆی فێربوونی زمان و قسەکردن لە میللەتێک بۆ میللەتێکی دیکە لێکدی جیاوازە
ئەوەی کەگرنگەو دەکرێ لێی بکۆلرێتەوە ئەوەیە هەوڵ بدەین بزانیین ئەو وپیتە بێگانانە چۆن و لەچ سەردەمێکدا کورد ناسیوینیەتی و ئینجا دواتر تەوزیفی ناو زمانی کوردی کردوون و بەکاری هێناون، دیارە کارێکی لەوبابەتە لە نیازم مەبەست خالی نیە بەتایبەتی بە ئامانج ومەبەستی دەوڵەمەند کردن و لێکدی جیاکردنەوەی یان درووستکردنی کۆمەڵێک وشەی نوێ کە لەفەرهەنگی زماندا جێگای تایبەتیان دەبێ. هەڵبەتە لەبەرئەوەی ناسین و دانانی پیتەکان بەگوێرەی گونجان لەگەڵ زمانی کوردیدا کارێکی گرانە، چونکە هێنانە ناوەوەی ئەو پیتە غەریبانەو بەکارهێنانیان ڕەگە زۆر لەمێژبێ یان هەزاران ساڵ بێ و ئەوساکەش نووسراوێکمان بەزمانی کوردی لەبەردەست دانیە تا بیکەینە بناغەی ئەو لێکۆڵینەوەمان،بۆیە دەبێ بۆ زەمەنێک بگەڕێینەوە کە هەندێک سیپارەو دەکۆمێنت سەیرکەینو بینای کارەکەمانی لەسەر هەڵنێیین. ئەوەی کە لێمان ئاشکرایە ئەوپیت لێکدی وەرگرتنە بەهۆی ئاشنابوون بوە بەزمانی یەکدی جا لە چ ڕێگایەکەوە بووبێ. بۆنموونە کە عەرەبەکان کوردستانیان داگیرکردەوئاینێکیان وەککتێبێکی پیرۆز هێناوە وبەوناوەناکە چاویان لە موڵکوماڵی خەڵکی بڕیوە بەڵکە بەوناوەی کە ئەم کتێبە کەلامی خوایەو هەر خواش فەرموویەتی هەرکەسێک یاساو ناوەرۆکەکانی ئەوکتێبە جێبەجێ نەکا سزاکەی تاڕادەی مردن گران دەبێ. نابێ لەبیرمان بچێ کتێبەکە لەلایەنی زمان و زمانەوانیەوە کارێکی تۆکمەو ڕێک داڕێژراوە کە هەموو زاراوە جیاجیانی عارەبانی لە چوارچێوەیەکدا کۆکردەوە. دوای چەند سەدەیەک زۆربەی کورد ئاینە ڕەسەنەکانی خۆیان لەبیرکردو مەگەر لەملاوئەولا ئەگینا بن بوو کرا. ئەم ئاینە نوێیە یەکەم وشەی بە پتی (ق)(قل هو اللە احد)دەست پێدەکات وهەمووڕۆژێک نوێژکەران پێنج جاران ئەو پیتە دەخوێننەوە وچەندبارەی دەکەنەوە،هەڵبەتە ئەمە وای کردوە بەناجاری خەڵکەکە بالەماوەیەکی درێژیشدا بووبێ فێری نوتقکردن ودەربڕینی ئەم پیتەبن و بۆ پیتەکانی دیکەش هەر هەمان شت. بەدوریشی مەبینە خوێندنەوەر ڕاستودرووست بە ئەرکێک زانرابێ،بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە ئاین بووبەپیشەو مامۆستاو شاگردو شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان کرد ،لێرەدا جۆرە مونافەسەیەک لەسەر ڕاستودرووستی کتێبەکە هاتبێتەکایەوە پەیوەنی بەدواڕۆژو ژیان وگوزەرانیانەوە هەبووبێ ئەمانەش هەموویان وایان کردبێ کورد بەناچاری فیری نوتقکردنی پیتە گرانە غەیرە کوردیەکان بووبێ. جگە لەمانەش دیارە لەسەردەمی پێش هاتنی ئیسلامیش دا کۆمەڵێک نەتەو ە ومیللەتی جیاجیا لەخوارووی عیراق و ئەوناوچانەی کوردیان تێدا دەژی،وەک بابلیەکان،ئەکەدی و.....زۆرانی دیکە حوکمی ئەوناوچەیان کردوە ولەگەڵ حوکمە کوردییەکاندا جگە لە شەڕوشۆر و جەنگ و پێکدادان هەموو پەیوەندییەکی بازرگانی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیان هەبووە،بەدوریش نازانرێ لەو سەردەمانەوە بابوباپیرانمان سوودیان لە زمانەکانی ئەو میللەتانە وەرگرتبێ.جا لەو کاتەدا زمانی کوردی چۆن بووەو ئەمە کەمتر ڕوونە،چونکە تازە بەتازە زانراوە کە پەیوەندی لەنێوان زمانی سۆمەری و کوردی ئەمڕۆ دا تائێستا ماوەتەوە..ئەمەش بەهۆی مێژوو نووس و ئەرشەلۆگەکانەوە ئاشکرا کراوە کە ئەوپەیووەندیە ڕۆژ بەڕۆژ پتر بەدەر دەکەوێ ،بەتایبەتی لەگەڵ ئەوگەلانی وەک لۆلۆ،گوتی ،سۆمەری و...هتدکە شوێنەواریان لەدوای خۆیاندا بەجێهێشتوە
ئەگەر لێرەوە لەکورتی بیبڕێنینەوە،تەنیا لەبەرئەوەی جگە لە قورئان کتێبێکی کۆنترمان لەبەردەست دانیە کە ئەو پیتانەی تێدابێ کە ناومان هێنان، بۆیە وامەزەندەدەکەم کەسەرەتا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئیسلام هەڵیانکوتایە سەر ناوچەکانی کوردستان، جگە لەوەی خاکێکی زۆری کوردستانیان بەتەواوی وەک ناوچەی کوردستان لەسەر نەخشەی ئەو وڵاتە لادانەهێشت وهەندێکیشی بەتەواوی بە عەرەب کرا و هەندێکی تێکەڵ وەک تاڕۆژی ئەمڕۆش لەو کارەیان کۆڵیان نەداوەو بەردەوامن دیارە بەرلەهەموو ناوچەیەک شارەکان داگیرکراون چونکە چڕی دانیشتوانیان زیاتر بووە، ئینجا ناوچەکانی دیکە. ڕەنگە هەرلەبەر ئەمەشبێ تاکو ئەمرۆش خەڵکی شارەکان ئەو پیتە دەخیلانە باشتر نوتق دەکەن چونکە لەڕێگای فێربوونەوە لەبەریانکردوە تا بەرەبەرە زمانیان ڕاهاتوەو وەک پیتێکی زمانەکەی خۆیان قبووڵیان کردوە، کەچی بەپێچەوانەوە خەڵکی ناوچە دوورە دەست و گوند نشین و کۆچەرو دەوار نشینەکان تا ئەمڕۆش وەک خەڵکی شارەکان فێری دەربڕینی ئەو پیتانە نەبوون. دواتر کورد ئەو پیتانەیان بۆ تەوزیفکردنی، یان گۆرینی پیتی وشەیەکی دیکە بەکارهێناوە بۆئەوەی کە ناوێک چەند مانایەک دەگەیەنێ لێکدی جیا بکەنەوە بۆنموونە؛ کون= قوون. ئێستاش لەزۆر ناوچەدا بەوەی دوەمیان هەردەڵێن کوون، واتا بە زیادکردنی واوێک بۆسەر واوی یەکەمی. یان وشەی قین لەدڵ=هەمان وشەی کینە لەدڵە.قیز=کیژ. قۆڵت=کۆلتە، واتە زەویەی هەڵکۆڵراو، قشپل = کشپل، قرتقرتۆکە = کرتکرتۆتە، قەمەرە=کامەرەی ئینگلیزیە،کوڵین=قوڵین،کەلە قوڵپدانەوە هاتوە.قارچک،کارچک...هتد بەمجۆرە کورد لیکسیکۆنی زمانەکەی فراوانترو دەوڵەمەندترکردوە،. بۆیە هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی ئەونووسراوانەی کەسەرەتا کورد نووسیونی بەکارێکی پێوویست دەزانرێ بەتایبەتیش کتێبە ئاینییە پیرۆزەکانی وەک جیلوە، مسحەفا ڕۆژ، سەرەنجام...هتد.چونکە مێژووی نووسینی ئەوکتێبانە زۆر کۆنە ڕەنگە کاریگەری کتێبی پیرۆزی موسڵمانانی کەمتر بەسەرەوەبێ، یان هێشتا زمانی کوردی ئەو پیتە دەخیلانەى نەهاتبێتە ناو.