هاورێ نەهرۆ 

مەلاحەسەن دەرچووی خانەی مامۆستایان بوو، هەر لە میانەی خۆیندنی دا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی حزبی شیوعی عیراقەوە دەکا بەڵام ئایکۆنێکی بەهێزی شیوعی بوو چەشنی ئیحسان تەبەری و غەنی بلوریان، مەلا حەسەن وەک محەولەی کارەبا وابوو بگرە بلوجەکتەر بوو شەوەزەنگی بارەگاکانی ناوزەنگ و نۆکان و بادینانی رۆشن دەکردەوە، هاوڕی مەلا حەسەن لە کوێ بوایە تیشکی رووناکی لەوێ بوو، مەلاحەسەن سەرکردە بوو بەڵام چ سەرکردەیەک، تێکڕای هاوڕێیانی بە کەس و کاری خۆی دەزانی، هە میشە بۆ ئایندە بە ئەندیشەیەکی روونەوە دەڕوانی، هەردەم و هەمیشە خەریکی دانانی پلانی ستراتیژی بوو، ئەو دەیویست یەکەی نەتەوە پتەوو سەقامگیر بێ، تەنانەت رۆژێکیان تەکلیفی لە هاورێ ماندوو نەناس ئەحمەد شاهین کرد لەبارەگای ناوزەنگ ساڵی ١٩٨٩ پەرتووکی ماتریالیزمی دیالیکتی کە هاورێ جەلال دەباغ تەرجەمەی کردووە بگەیەنێتە دەستی عەلی باپیر کە بارەگایان لە گوندەکانی سەر سنوور بوو، هاوڕێ مەلا حەسەن لەگەڵ تێکچوونی بەرەی حزب لەگەڵ بەعس دا، پەیوەندی دەکا بە خەباتی چەکدارییەوە، وەک هەر پێشمەرگەیەکی لە خۆ بوردوو، بەشداری تێکڕای چالاکیەکانی روژانەی پێشمەرگایەتی دەکرد، پیاوێکی دەم ودەست خاوێن بوو، فریشتە شەرمی لێدەکرد، لەهەر ناوچەیەک بووایە هەموو هاورێیان و خەڵکی ناوچەکە خۆشیان دەویست، لەسەروبەندی ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١، ئێمە مەفرەزەیەک بووین لەگەڵ بەریز مەلا حەسەن بەگوندێکا تێپەرین، هاورێ مەلا کاروانەکەی ڕاگرت و چوو لە دەرگای ماڵێک دا، هاوڵاتێیەک هاتە دەرەوە ئەملاو ئەولای مەلا حەسەنی ماچ کرد، چەشنی مام جەڵال دوور دەڕوانی، ئەوە بوو لە کۆڕەوەکە هاوڕێیان گەڕانەوە بۆ هەمان ناوچەی ئەو هاوڵاتی یە لێبوو ! هاورێ مەلا حەسەن  ڕاستگۆ بەرانبەر بە پرنسیپەکانی شیوعیەت، ئەوەی بە خراپە باسی ئەزموونی شوڕسی ئەکتۆبەری بکردبوایە، لێ قەبوڵ نەدەکرد، رۆژێکیان لەگەڵ هاورێ هادی بەقسە یەکانگیر بوو لەسەر هەڵویست لە شورشی ئەکتۆبەر، تەنانەت دوای پروسەی گلاسنوست و بیرویسترویکا هەر وەک دەروێشێکی جاران مایەوە، کاتێ کە رژێمی سوسیالیستی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات رووخان، لە رۆمانیا چاوچسکۆیان شەهید کرد و نەیانهێشت تەرمەکەی لە خاکی رومانیا بنێژن، کە ئەو هەواڵەی بیست زۆر پێ ناخۆش بوو، دەیگووت ئەگەر ئێمەش فەرمانڕەوا بوونایە خەڵکی کوردستان و عیراق وایان لێدەکردین !

بەشبەحاڵی خۆم زۆر دەرس و وانەی لێوە فێر بووم، بەتایبەتی من لە ڕاگەیاندن ئیشم دەکرد، ئەویش سەرپەرشتی ئێمەی دەکرد وەک هاورێیەکی روشنبیرو بەتوانا، مێشکی هاوڕی مەلا دەتگوت کەلەندەرە ! یادی کۆماری مەهاباد و یادی لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرە کوردەکەو دەیان یادی و یادەوەری نەتەوەیی و چینایەتی تیا بوو !

پێش ڕاپەرینەکە هاورێ مەڵاحەسەن و هاورێ مام سالح بەحمایەی هاورێ هادی چوون بۆ قاسمە ڕەش بەمەبەستی سەردانی کاک نەوشیروان، کە گەڕایەوە لای من گلەیی ئەوەی دەکرد،  کەکاک نەوشیروان لە کاتێ کۆبوونەوە تەنیا بلوزێک و شەرواڵێکی لەپێ بووە، مەبەستی ئەوە بوو تەواو جل و بەرگی کوردی و کڵاو چەمەدانییی نەپۆشیوە، بەڵی هاورێ مەلا حەسەن زۆر پەیگیری داب و نەریتی کوردەواری بوو، تاسەر ئیسقان هەم کوردپەروەر بوو هەم شیوعی تەنانەت لە بواری گیانی ئەنتەرناسیوناڵی دا کەم کەس لە هاورێیانی نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان گلەییان لێ هەبوو، دوستی گیانی بە گیانی هاورێ ئەبوو جنان بوو کە خەڵکی عەینکاوە بوو، تێکرای هاورێیانی عەرەب بە گەورەو گچکەوە خۆش دەویست !

هاوری ئەبو ڕاستی گێڕایەوە گوایا پێکەوە چوونە بۆ ئاهەنگێکی پارتی، لەوێ هاورێ مەلا حەسەن گوتاری حزبی خوێندۆتەوە، کاتێ هاتووتە سەر یادی شەهیدان، فرمێسک بەچاویا هاتووتە خوارەوە، هاورێ ئەبوو ڕاستی ناچار بووە هانی بداو لە گریان بیوەستێنێ !

بەڵی هاورێ مەلا حەسەن ئەوەها ڕاستگۆ بوو، هاورێ مەلاو هاورێ ئەبو تارا دەستی باڵایان هەبوو لە پەیوەندی کردن لەگەڵ رێکخراوو سازمانە ئیرانیەکان بەتایبەتی هاورێیانی حزبی تودە و حزبی دیموکرات، چەندین هاورێ تودەیی لە بارەگاکان میوانمان بوون لە وانە ئەرسەلان و هاوری هەژار هەوارامی کە ئێستا بەداخەوە نەخۆشە ! هەروا برادەرانی دیموکرات هاتن و لەلامان مانەوەو ئەچوون بۆ کاری رێکخراوەیی بۆ دیوی ئیران تەنانەت برادەرانی رابەرایەتی شورشگیر کە لە دیموکرا ت ئینشعاب و ئینشقاقیان کرد بوو ئەهاتن وەک ڕاەگوزەر لە بارەگاکانی ئێمەوە مانەوە، روژێکیان بە بەرگەی یەکیتی خانەوادەی دیموکراتم لە پاوەوە هیناو هەروا لە شاری کرمانشا سەماوەرێکی بۆ یانم هێنا ئەو دەم هاورێ مەلا حەسەن گوتی بە زمانی روسیش پێ دەڵین سەماوەر !

دوکتور حەسان عاکف هاورێیەکی دڵسوزی عەرەب بوو خەڵکی رومادی بوو، دوو برای لەشەری قرناقەو پشتئاشان شەهید ببوون، دوای کوچکردنی هاورێ مەڵا لە چلەکەی دا، دکتور ئەبو یەسار کۆرێکی لەسەر ژیانی هاورێ مەلا پێشکەش کرد، بەداخەوە من نەمتوانی بەشدار بووم ئەگینا یەکێک بووم لەو هاورێیانەی کە تیشکم دەخستە سەر ژیانی هاورێ مەلا ! و مام قادر و هاورێ ئەبو سیروان، تێکڕای ئەمانە نموونەی مروڤی شیوعی خۆنەویست بوون بە تایبەتی هاوری ئەبوو سیروان نموونەی بێ فیزی و تەوازع بوو، شایانی باسە من لەساڵی ٢٠١٩ چیرۆکێکم لەسەر هاورێ مام قادر نووسی و بڵاوکردەوە بە نێوی ئەو مرۆڤەی بوو بە هەڵو، تەنانەت کاک نەوشیروان لە بیرەوەریەکانی بە نێوی پەنجەکان یەکتر دەشکێنن ! باسی ناوبانگی هاورێ مام قادر دەکا وەک شیوعیەک کاتێ نەوشیروان لە پولی شەشی سەرەتایی بووە !

شایانی باسە کە مام قادر کۆچی دوایی کرد تاقە ماڵەکەی پێشکەشی خەستەخانەی سولەیمانی کرد ! بروانە گەورەیی شیوعیەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان !

شایانی باسە لە ساڵانی پێشوودا، کومەڵێک سەرکردەو پیاوی ناودارمان بەداخەوە لێ رویشتین، قەرەبووکردنەوەیان زەحمەتە، تا ئێستاش دەسەڵاتی کوردی پێوەی دەناڵێنێ لەوانە شەهیدان سامی عبدالرحمن، مولازم چەتۆ، خسرەو شیرەو، شاخەوان، شەهیدان ریبازو حەسەن کویستانی ودەیانی تر بەڵام ئەوەی زیاتر جێگای ئازار بێ کوچکردنی ناوادەی هاورێ مەلاحەسەن بوو، پیاوە پوڵاینەکە!

بە کوچکردنی تەنیا زیان لە حزبی شیوعی نەکەوت بەڵکو زیان لە سەراپای بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردو کوردستان کەوت، هاورێ مەلا پیاوێکی هەم پراکتیکی بوو هەم تیئوری بوو لەکاتی حەوانەوەی رەخساو دا هەمیشە پەرتووکی دەخوێندەوە، هاورێ وەک هەندی چەمولەی بەناو هاورێ تەنیا بۆ خانەوادەو خزم و کەس و کارەکانی ئیشی نەدەکرد، ئەو لە کوێ خەڵکی داماوی کورد هەبوایە، دەستبەجێ بە ئەرکی  خۆی هەڵدەستا وەک بڵاوکردنەوەی هوشیاری و بایەخ دان بە رێکخستن و چالاکی نواندن، هاورێ مەلا زۆر بروای بە نووسینەکانی هاورێ فەهەد بوو، هەمیشە هاورێیانی بە ئامۆژگاریەکانی گۆش دەکرد !

دوا قسەم ئەوەیە من کە خەڵکی خانەقینم جگە لە چەند ساڵی بەیانی ١١ ئاداری ١٩٧٠ خوێندم بەزمانی عەرەبی بوو، لەبارەگای ناوزەنگ گۆشەی ئازادمان هەبوو، تیایدا من بابەتم بەزمان عەرەبی بڵاودەکردەوە، رۆژێکیان هاورێ مەلاحەسەن پێگوتم، هاورێ نەهرۆ عەرەب نووسەری کەمە تا تۆ بچیتە پاڵیان و بەزمانی عەرەبی بنووسی، لەو رۆژەوە هەڵوەستەم کرد و دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ گوتم هاورێ مەلا ڕاست دەکا، گەرچی ئێستاش هەندێ دەق بەزمانی عەرەبی دەنووسم !

 

بەرز و بەرێز بێت یادی هاورێ مەلاحەسەن

نووسینی/ هاورێ نەهرۆ / ئۆسلۆ

١٩ / ١١ / ٢٠٢٣

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە