زیرەك كەمال 

مێش زۆر جۆری هەیە، مێشەڕەشە، زەرگەتە، زەردەجیرە، زەنگەسۆرە، مێش هەنگ، مێشەكەرانە، بەڵام مێش  بەگشتی لە بیركردنەوە و بەرچاوی خەڵكی گوندەكەم، تابڵێی ناچیز و ناشیرین و قێزەون بوو، تەنانەت مێش هەنگیش كە هەنگوینی دروست دەكرد ڕاو دەنراو دەكوژرا.

دایكم بەردەوام دەیگوت مێش خۆی هیچ نییە، بەڵام گیزەگیزی ناخۆشە و، سەرودڵی ئینسانی تێكدەدا، لەكاتێكدا منی ئەوسای  منداڵ كە سەرم چووبا نوێژم نەدەچوو، بەردەوام گوێم لە مەلای گوندەكەم دەبوو، دەیگوت: خوا هیچ زیندەڕۆح و بوونەوەرێكی بەلاش و بێ حیكمەتی دروست نەكردووە، كەچی باوكم هەرجارێك بچووبا شار، یەك دەسكە مێشكوژی لەگەڵ خۆی دەهێنایەوە.

دواتر سەروو دانەی دەدایە دەستی من و خوشك وبراكانم،  ئێمەش لە خۆشیان وەك بڵێی هەنگمان لە كلۆرەدار دۆزیبێتەوە، لێرەو لەوێ بە مێشەكوژەی ناودەستمان،  بەدوای  مێشەكاندا ڕامان دەكرد و بەوپەڕی چێژ و لەزەتەوە دەمانكوشتن.

هەمووجارێكیش  پێشبڕكێمان لەسەر ژمارەی ئەو مێشانە دەكرد، كە دەمان كوشتن و دواتریش بەپڕتاو ڕاماندەكردە لای باوكمان و هەواڵی ژمارەی مێشە كوژراوەكانمان پێدەدا، نەك هەر ئەوە، بەڵكو باوكم هەرجارێك لە شار دەهاتەوە، قوتووێك دەرمانی مێشكوژی لەگەڵ خۆی دەهێنا و دایكیشم دەرمانەكەی ڕۆدەكردە ناو سنییەكی گەورە و، ژێرپیاڵەیەكی شەكریشی  لەناو دەرمانەكە دەكرد، دواتر لە چەند چركەیەك سەدان مێش لەسەر شیرینیەكە هەڵدەنیشتن و دەمیان پێوەدەناو  دەیانخوارد.

ئای های ... مێشەڕەشەكانی گوندەكەم چەندە شێت و شەیدای شیرینی بوون، بەڵام ئەو زیندەوەرە داماوە كە هەموومان بەچاوی دوژمن سەیرمان دەكرد، نەیاندەزانی ئەوەی لەسەر سنیەكە ڕۆكراوە (دانەو داوە) نەك خواردن، بۆیە دوای چەند چركەیەك  یەك لەدوای یەك دەمردن و لە ماوەیەكی كەم تەرمی مێشەكان ڕووبەری سنیەكەی دادەپۆشی، بەڵێ جاران وابوو هەر مێش بەدوای شیرینیەكاندا ڕای دەكرد، كەچی بە مەرگی خۆیان كۆتایی دەهات، كەچی ئێستا هاوكێشەكە پێچەوانە بۆتەوە. 

جارێك خەونێكی سەیرم بینی، سینیەكی گەورە دانرابوو، دەیان جۆر شیرینی لەسەر دانرابوو، چەندین خواپێداو و ملۆزمی كەتە لەسەر سینیەكە خەریكی خواردنی شیرینی بوون، بەڵام سەرم سوڕمابوو، ئەوان شیرینی سەر سینیەكەیان دەخوارد، كەچی خەڵكی داماو و هەژاری چەند مەتر دوور لە سینیە شیرینییەكە دەمردن.

كاتێ خەبەرم بووەوە دەیان پرسیارم لێ ئاڵان، ئاخر سیاسەتی بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم پەرەی سەندووە، سیاسەتی نادادی و پێوانی هەموو شتێك بە فووتەی سیاسی بووەتە كولتورێكی باو، كولتوری نان بۆ قەساب و گۆشت بۆ نانەوا سەرشارە، سیاسەتی منی هەمووشت و تۆی هیچ، هەلومەرج و دۆخێكیان خوڵقاندووە، كە هاوكێشەی نێوان مێش وشیرینی گۆڕیوە، بڕوا بكەن ئەو ڕۆژە مێشێكم بینی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن باسی خاوێنی دەكرد، مێشێكی ترم بینی لە ڕادیۆ باسی جوانی و گرنگی خۆی دەكرد، مێشێكی ترم بینی لەسەر ملی كوڕە هەژارێك دانیشتبوو سەدان مرۆڤی تریش بەدوایەوە بوون.

 مێش پڕبەدەم باسی جوانی و گرنگی خۆی دەكرد و سەدان مرۆڤی گیرفان بەتاڵیش چەپڵەیان بۆ لێدەدا و، ئەشهدویان بۆ دەكرد، لە هەمووی سەیرتر، دوێنی لە كوچەیەكی وڵاتەكەم شیرینیم بینی، بەعەشقەوە بەدوای مێشەكەرانەیەكدا ڕای دەكرد، لەوڵاتێك كەوا خیانەت و گەندەڵی بەردەوام بسكەی سمێڵیان دێ‌.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا