ماراسۆن، یارییەكی وەرزشتی بە كۆمەڵە ولە مەودایەكی جوگرافی درێژ، بۆ ماوەی چەند كیلۆمەترێك ئەنجام دەدرێت. بەشێك لە وەرزشوانەكان ناتوانن تا سەر بەردەوام بن، بەشێكیشیان تا سەر لەگەڵی دەڕۆن و ئیدی پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بە دەست دێنن. ڕەنگە لە كۆی هەزاران وەرزشكار، كە بە هێواشی غاردەدەن، سێ كەس تا دەكەس لە ڕێزبەندی یەكەمەكان بن، چونكە نابێ هەر هەمووان یەكەم بن، بەڵام پێ دەچێ لە زانكۆكانی كوردستاندا، لە ماراسۆنی یەكەمبوون لە سەر ئاستی زانكۆ هەمووان یەكەم بن! بە پێی هەواڵێك كە ئاڤا بڵاویكردۆتەوە، سەد و شانزە هەزار  و دوو سەددوو هاشتاو چوار كەس دەرچووی یەكەمەكانی زانكۆ هەن و داوای دامەزراندن دەكەن. واتا سەدو شانزە هەزار خوێندكار، یەكەمی سەر ئاستی بەش و كۆلیژەكانی زانكۆكانی كوردستانن! بە ڕاستی ئەمە نەك جێگەی گاڵتە جاڕییە، بەڵكو كۆی پرۆسەی خوێندنی زانكۆیی و خوێندنی باڵا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. كاتێ لە نەبوونی ئەقڵێك و پلانێكی زانستی و مەعریفییەوە، دێیت لە هەر ناحیە و و قەزایەك زانكۆیەك دەكەیتەوە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بیت، كە هەزاران كەس لە پێناوی خوێندن نا، بەڵكو بڕوانامە و دەرچوون و مووچە و پۆست دەخوێنن. ئاخر لە كوێی دونیا هەیە، هەرێمێك ژمارەی دانیشتووانی پێنچ ملیۆن بێت، ملیۆن و نیوێكی زیاتر خوێنكار بێت، نزیك بە دوو ملیۆنی فەرمانبەر بێت؟ سەدوو شانزە هەزار خوێندكاری یەكەم و دووەم و سێیەمی  سەر ئاستی زانكۆی هەبێت؟ بە ڕاستی هیچ مەنتقێك لە مەدانییە و ئەمە نیشانەی بەرزی ئاستی زانستی و خوێندنی زانكۆ و خوێندكارەكان نییە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ بازاڕیبوون و بێ بەهاكردنی خوێندن، تا ئەو ئاستەی كە دەڵێت كە زۆر هات قەواڵە بە تاڵە! لەمەشدا نەك هەر زۆر هاتووە، بگرە زۆری زۆریش هاتووە. ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستاندا، لە پەراوێزی ئەو بەناو گۆڕانكارییە پەروەردەییانەی لە پەروەردەو فێركردندا دەكرێن، خوێندن بۆتە كایەیەكی بێ ئەرزش و بێ مانا، هەمووان دەیانەوێت بڕوانامە وەربگرن، چش لەوەی چی فێر دەبن. ئەم ژمارە زۆرەی یەكەمەكان، كایەی زانستی و ئەكادیمی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونكە ناكرێ و نابێت، سەدوو شانزە هەزار خوێندكار، هەر هەموویان یەكەم و دووەم بن، كە ئەمە لەگەڵ سرووشتی خوێندن و كایەی خوێندنی باڵا یەكناگرێتەوە. دەكرێ بپرسین پێوەرەكانی یەكەم بوون چین؟ خوێندنیان چۆنە؟ ئاستی مەعریفی ئەو خوێندكارانە لە دەرەوەی زانكۆ لە پسپۆڕیەكانیان چین؟ چی فێر بوونە؟ بە داخەوە ئەمە مانای وایە هەر هەمووان بێ هیچ پێوەرێكی زانستی و مەعریفی، دەتوانن یەكەمی زانكۆ بن ، وەك ئەوەی خوێندنی زانستی زانكۆ، ڕاكردنی بە كۆمەڵ بێت !

•    بۆ ئەم هەواڵە بڕوانە،  ماڵپەڕی ئاڤا نیوز، بەرواری 9 ی ئاب.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا