سوبحى مه‌هدی
میدیاکانی دەسەڵات و لیژنەکانی حکومەت، هەموو بەیەک ئاوازو لە ماوەیەکی کەمی ڕابردوودا مێشکیان بردین بەوەی کە هەموو ڕێکەوتنێک، لەنێوان هەرێم و بەغدادا کراوە و گرفتی مووچەی هاووڵاتیانیان چارەسەرکردووە و بەهاریان دەهێنایە سەرچۆکان. و هەموان دڵخۆش بوون بەوەی کە ئیتر موچە نابێتە مانشێت و یەکەم هەواڵی ڕاگەیاندنەکان و هەموو مووچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٥، وەک ئەوە وایە لەگیرفاندا بێت.
هەردوێنێ بەرپرسێکی دەسەڵات هاتە سەر تەلەفزیۆنەکەی خۆیان و ووتی دارایی عێراق بە لیستەکانی موچەی هەرێم سەرسامە!
هەرئەو بەرپرسەش ووتی لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر پڕ لە پارەیە وکێشەی سیولە بوونی نیە و دەتوانن مووچەی دوو مانگیش دابین بکەن.(١)
دارایی هەرێم لە نیوەی مانگدا ڕای گەیاند کە بەرکەوتەی نیوەی داهاتی نانەوتی کەپێشتر لەگەڵ بەغدا لەسەری ڕێک کەوتوون ئامادەکراوە و خرایە سەر ژمارە بانکی دارایی بەغدا.
سەرکۆماریش لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا ووتی پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ،لە ئاستێکی باشدان(٢).
بەغدا دەڵێت هیچ کێشەیەکی دارایی و کورتهێنان نییە و هەر بەغدا مووچەی هەموو موچەخۆرانی جگە لەهەرێمی کوردستانی بۆ مانگی نیسان، دابەشکردووە و دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگی ئایار.
ئەگەر بە پێی پرۆسەی (تەوتین) لە بەغدا و (هەژماری من) بێت، دەبێت پارەی زیاتر لەجاران لە بانکەکان هەبێت، تا لە گیرفان و ماڵی هاووڵاتیاندا.
دادگای فیدراڵی کە بڕیارەکانی ،دەبێت بەبێ پاساو جێبەجێبکردن، بڕیاریداوە کە مووچەی هاووڵاتیان تێکەڵ بە کێشە سیاسیەکان نەکرێت ولەسەرانسەری عێراقدا وەک یەک دابەش بکرێت.
لەگەڵ ئەو هەموو بەڵگە پێویستانە، کەچی مووچەخۆرانی هەرێم (40) ڕۆژ زیاترە موچەیان وەرنەگرتووە،و هەرئەمڕۆ و سبەی و سەرەتای هەفتە وکۆتایی هەفتەیان پێدەکرێت و بەدەم چاوەڕوانییەوە بێزار دەکرێن و مەترسی بەدەردبردنی موچەکانی ئەمساڵیش وەک ساڵەکانی ڕابردوو سەری هەڵداوە.
پێدەچێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا ئەگەر لە هەموو شتێکدا ناکۆک بن ،دەشێت لە دەست خستنە قورگی ژیان وگوزەرانی هاووڵاتیان و یاریکردن بە موچەکانیان کۆک بن.
ڕەنگە کوتلە گەورەکانی بەغدا، بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ، وڕازیکردنی دەنگدەرە (تایفەگەرو شۆڤێنیەکان)، ئەم جۆرە یاریە قێزەونە بکەن و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێکەوتنە دووقۆڵییەکەیان لەگەڵ هەرێم و ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ کورد کردۆتە تۆپێک و لەنێوان دەسەڵاتەکانی سەرەک وەزیران و وەزیری داراییدا دەستاودەست و یاری پێدەکەن.
لەلایەکی ترەوە کە بەرپرسیارێتی هەرێمە،ڕادەستکردنی نیوەی داهاتە نانەوتیەکانە، ڕەنگە جۆرێک لە کەموکوڕی تێدا بێت و پاساوی داوەتە دەستی بەغدا، کە بکرێتە بیانوو بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە ڕێککەوتنەکەوە.
بۆ هاووڵاتی و مووچەخۆرانی هەرێم گرنگ نییە کێ پابەندەو کێ فرت وفێڵ لەویتر دەکات، گرنگ ئەوەیە (کرێکار و فەرمانبەر،خانەنشین و مامۆستا) ئەرکی خۆی بەجێ هێناوە و لەسەرشانی خۆ بە حوکمڕان زانانە کە مافەکەیان دابین بکات.
چەکی سەرەکی دەستی هاووڵاتی و فەرمانبەران و موچەخۆران، دەنگەکانیانە.
بۆ سەندنەوەی مافەکانیان، وهێنانەسەرکاری جێگرەوەیەکی دیموکراسی و دادپەروەر پێویستە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، بەدەستی خۆیان و بە دەنگەکانیان نوێنەران و حوکمڕانی دڵسۆزو پاک دیاری بکەن.
------------------------------
١-ئاڤا میدیا، ٢٠٢٥/٥/٧
٢-کوردساتنیوز٢٠٢٥/٥/١١

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە