لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە
عوسمان زیندانی
مافی خۆپیشاندان و سەرکوتی دەسەڵاتداران
لە بەندی (٣) جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا ھاتووە
ھەموو مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی وئەمنیەتی تایبەتی خۆی ھەیە ٠
چەندین ساڵە حکومەتی ھەرێم خۆی یاساکانی بەرکار لە یاسای خانەنشینی مەدەنی و یاسای خزمەتی مەدەنی کە ئەرک و مافی پێکەوە گرێداوەو ژیانی مووچەخۆران لەسەر ئەو مووچەییە جێبەجێ ناکات ، بەڵام بەردەوام داوای کار و دەوام و خزمەت پێشکەش کردن دەکات لە مامۆستایان و فەرمانبەران ، لەلایەکی ترەوە بەردەوام مووچەکانیان دوا دەخات و ساڵانە چەند مووچەیەک نادات و بەدەیان مووچەی زەوت کردووە و پلە بەرز کردنەوەی ڕاگرتووە ، ئەم بەرنامەیەی حکومەتی ھەرێم پێشێلکردنی مافی ژیانێکی شایستەیە بۆ مرۆڤە چونکە ژیانی مووچەخۆرانی پێوە بەندە ٠
لە ئاستی ئەم تاوانەی بەرامبەر مووچەخۆران دەکرێت ھەمیشە جەماوەر بەگشتی وفەرمانبەران مامۆستایان و خانەنشینانی مەدەنی وچالاکوانان بەتایبەتی بەشێوەیەی مەدەنی و بەپێی یاسا و ڕێساکانی ھەرێم کار و چالاکی دوور لە توند وتیژیان ئەنجامداوە ھەر لەنوسینی بەیاننامە و ناردنی نوێنەر بۆ گفتوگۆ لەکەڵ حکومەت تا یاداشتنامە و ئیمزا کۆکردنەوە گردبوونەوە و خۆپیشاندان دەگات ٠
بەڵام حکومەت بەردەوامە لەسەر برسیکردنی خەڵک ، و داخوازیەکانی جەماوەر جێبەجێ ناکات و دەسەڵاتی ھەردوو زۆنەکە ھەر یەکە و بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان دەکات ٠
لە سنوری پاریزگای سلێمانی تەنھا دەھڵێن لە بەردەم پەروەردەوە بۆ لای بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردە یان بەردەم پارێزگار خۆپیشاندان بکرێت و ڕێگە نادرێت لەھیچ شوێنکی تر سلێمانیدا چالاکی سەرشەقام بکرێت تەنھا لە ھەندێ حاڵەت کە جەماوەر بەزۆر سەپاندویەتی ، ئەویش لە ماوەی (١٠٠) ڕۆژدا ئەم ئاسانکاریە کراوە و ماوەیەکە دەستیان کردووە بەچاو سورکردنەوە و سزادانی مامۆستایانی ناڕازیی وھەڕەشەی نقل کردن و فێڵ کردن ٠و لە سنوری ھەولێر ھەر نایەڵێن خۆپیشاندان بکرێت و باشترین نموونە ڕێگری کردن بوو لە خۆپیشاندانی مەڵبەندی ھەولێری حزبی شیوعی کوردستان کە بۆ پشتگیری لە داخوازی مامۆستایان و فەرمانبەران وخانەنشینان و جەماوەری گەل ڕیکخرا بوو و داوای مۆڵەتیی یاساییان کردبوو، بەڵام بەھێزێکی ئەمنی زۆرەوە چوار دەوری بارەگای حزبی شیوعی کوردستانیان کرد کە حزبێکی مۆڵەت پێدراوە و دەیان ساڵە لەم ووڵاتەدا تێکۆشان دەکات بەڵام دەسەڵات ڕێگریان کرد لەوەی جەماوەرێکی زۆر بچێت بۆ شوێنی دەست پێکردنی خۆپیشاندانەکەو پاشانیش نەیانھێشت بچنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران کەبەرپرسیاری یەکەمی ئەم نان بڕین وبرسیکردنەیە ھەرچەند ئامادەبووان ئازایانە دروشمەکانیان بە دەنگی بەرز دەوتەوە و یاداشتنامەکەیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە ٠
ئەم ڕێگری کردن و سنوردارکردنەی چالاکی جەماوەری دژی بە بەندی (٣) جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە کە ئازادی داوەتە مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی سیاسی و مەدەنی وئەمنیەتی ھیچ کەس پارێزراو نیە لە دۆخێکی ئاوادا کۆمەڵگە کراوەتە سەربازگەیەکی ئەمنی و سەربازی٠
چارەسەری کێشەکانی جەماوەری مووچەخۆران. بەسەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ھەڕەشە و ترس و تۆقاندن ناکرێت ، پێویستە حکومەت پێداچوو ەوەی بەسیاسەتی ئابووری پیادە کراو بکات کە سیاسەتێکی سەرمایەدارانەیە و دژی مافەکانی ئینسانە کە خۆیان لەکاتی سەردانەکانیان بۆ دەرەوی ووڵاتبانگەشەی بۆ دەکەن ٠
ئەم دۆخە مەترسیدارەی جەماوەر پێویستی بەپاڵپشتی و بەشداری ھەمەلایەنەی لایە سیاسیەکان ھەی کەناکرێت چەندین لایەن خۆیان بەجیاواز و نەیار دەردەخەن لەگەڵ سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ھەرێمدا ، ھاوکات ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئەرکیان پارێزگاری لە مافی خۆپیشاندان. ومافەکانی مرۆڤ بکەنە و ھەردوو لایەنی سیاسی و کۆمەڵی مەدنی پێکەوە ئەم خەباتە لە کار و چالاکی مەدەنیەوە بگۆڕن بۆ تێکۆشانی سیاسی ومەدەنی لەپێناو گۆڕینی سیاسەتی قۆرخکاری و پلانە گڵاوەکانیان کە دایانناوە بۆ کۆکردنەوەی سامان بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان ، وانەکانی مێژووی سیاسی کۆن و تازەش پێمان دەڵێت ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت تا سەر بەستەمکاری درێژە بدات بەحوکمڕانی خۆی ھەر ڕۆژێک بێت دەخرێنە بەردەم دادگای گەل ٠
١٢شوباتی ٢٠٢٤