لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە
عوسمان زیندانی
لەجاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا هاتووە بەتایبەت لەبەندی (١٤و ١٥)دا ؛ لەبەرامبەر ئەشكەنجە و ئازاردان و ڕەودووناندا، هەر كەسێك مافی ئەوەی هەیە بەشوێن پەناگەیەكدا بگەڕێت و پەنا بباتە بەر وڵاتێكی دیكە ٠هەركەس مافی ئەوەی هەیە (تابعیت) مافی هاونیشتمانی پێ بدرێت٠
هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەی زۆرێك لە پەنابەرانی كوردانی سوریا و توركیا و ئێران بەهۆی جەنگی دەرەكی و ناوخۆیی و زوڵم وستەمی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەوە لە ناوخۆدا دژی چالاكانی سیاسی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە سیاسی وكۆمەڵایەتیيەكان٠
لەباری كۆمەڵایەتی و ڕەفتاری خەڵكەوە هەمیشە ڕێزلێگیراو بوون وهاوكار بوون لەگەڵیاندا ، بەڵام ئەوەی جێگای داخ ونیگەرانی و ڕەخنەی جدییە و دەبێت هەڵوێستی لەبەرامبەردا وەربگیرێت مامەڵەی دەوڵەتانی ناوچەكەیە كە لە وڵاتی دووەمیش وازیان لێ ناهێنن و بەردەوام ژیانیان لەبەرامبەر مەرگ و فڕاندن كوشتن و دڵەڕاوكیدا ڕاگرتوون ٠
هێرش و پەلاماردانی ئەم دەوڵەتانە پێچەوانەی یەك بەیەكی بەندەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤە كە لە ناو هەرێمی كوردستاندا ئەنجامی دەدەن ٠
دۆخی پەنابەرانی سیاسی ناو هەرێمی كوردستان سەرەڕای مەترسی دەرەكی لەسەریان، بەڵام لە ناو عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەك یاسا وڕێسا نێو دەوڵەتیيەكان مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت و پێشێلی مافی پەناهەندەيی و مافی ژیانێكی شایستە كە ئەمنيیەتی سیاسی كۆمەڵایەتی و ئابووریان پارێزراو بێت دەكەن ، ئەو هەموو تاوانە دەبینن بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە دەكرێت وهیچ هەڵوێستێكیان نیيە ، بگرە خۆیشیان بەندەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ جێبەجێ ناكەن و بەسەدان پەنابەری سیاسی كە بەدەیان ساڵ دەبێت نیشتەجێێ هەرێمی كوردستانن مافی مانەوەیان پێ نادەن یان مافی كاركردنیان نیيە و ڕێگری دروست دەكەن بۆ تازەكردنەوەی پەنابەرێتیان ، وە ڕێوشوێنی پێویست ناگرنە بەر بۆ هاوكاری مادی ومەعنەوی خۆیان و مناڵەكانیان لە ڕووی پێداویستی خۆراك و تەندروستی وجلوبەرگ و هەر پێوستیيەكی تری مرۆیی لە ئاستی ناوخۆ و هاوكاری جیهانیدا ٠
لە كاتێكدایە هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ساڵی (٢٠٢١) دا بەئامادەبوونی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان پلانی جێبەجێكردنی مافی مرۆڤیان داناوە بۆ ساڵانی (٢٠٢١ تاكو ٢٠٢٥)، بەڵام لەم ساڵانەدا زۆرترین پێشێلكاری كراوە بەرامبەریان ، جگە لەوەی لەپێشەنگی ئەو وڵاتانە بوون كە جاڕنامەكەیان لەكاتی خۆیدا واژۆ كردووە ٠
هەڵوێست و مامەڵەی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوانێكی گەورەیە و بێ بەڵێنیە لە ڕەفتار كردن لەگەڵ پرسە ئینسانیيەكانی ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەهەمانكاتدا پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە، كە لەبەرامبەر پەناهەندەكاندا دەكرێت و لەباری سیاسی و مەعنەویشەوە كارێكی دوور لەڕەوشتی مرۆییە كە بەهەزاران ئینسانی كوردی هاوزمان كە بەهۆی ستەمی دەوڵەتانی دیكتاتۆری ناوچەكەوە پەنایان بردۆتە بەر هەرێمی كوردستان ، بەڵام هەمیشە لەژێر هەڕەشەی دەوروبەردان و لەناو خۆیشدا هاوكاریان نین بۆ بدەیهێنانی مافەكانیان ٠
بۆیە ئەركی ڕێكخراوەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ و ڕێكخراوە مەدەنیيەكانە، كە داكۆكی بكەن لەم پەناهەندە و چالاكوان و لایەنی سیاسی بەكردەوە فشاری بەردەوام هەبێت بەرامبەر ئەو مەترسیيانەی لەسەریانە و ئەو بێ مافیيەی لە هەرێم و عێراقدا دەرحەقیان دەكرێت ٠
ئەمە لایەنی كەمی هەڵوێستێكی ئینسانی و سیاسیيە بۆ ناچار كردنی دەسەڵات لەبەدیهێنانی بەندەكانی مافی مرۆڤ، كە زۆر جار لافی پێوە لێدەدرێت و بانگەشەی بۆ دەكرێت ٠
عوسمان زیندانی
٥-شوباتی ٢٠٢٤