لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی یەکەم
٭ مامۆستا سلێمان شاکر یەکێکە لە مامۆستا تێکۆشەرە پێشکەوتنخوازە دڵسۆزەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم تاکو ئێستا لە باشووری کوردستاندا..
یەکێکە لە هونەرمەندە شێوەکارە بەتواناو داهێنەرەکانی بواری هونەری شێوەکاری لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا.
مامۆستا سلێمان وەکو پەروەردەکارێکی دڵسۆز بەسەدان نا بەڵکو بە هەزاران قوتابی پێگەیاندووە، بە تایبەتی لە بواری هونەری شێوەکاریدا..
مامۆستا جێگای شانازی هەموو لایەکە بەبێ جیاوازی..
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا سلێمان شاکر:
ناوی تەواوی:سلێمان شاکر عارف.
ــ ساڵی 1937 لە شارۆچکەی گوێر سەربە قەزای مەخمور ، پارێزگای هەولێر لەدایک بووە.
ــ لە گوێڕ چۆتە بەرخوێندن لە قوتابخانە، پۆلی یەکەم و دووەمی لە گوێڕ خوێندووە. نیوەی یەکەمی پۆلی سێیەمی لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا خوێندووە، نیوەکەی تری لەگەل پۆلی چوارەم لە قوتابخانەی شەقلاوە تەواوکردووە.
جارێکی تر گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر لە قوتابخانەی ئەربیل سانیە کە خوێندن تیایدا بە عەرەبی بوو پۆلی پێنجەمی خوێندووە. پۆلی شەشەمیشی لە شاری کۆیە خوێندووە. دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ هەولێرو قۆناغی خوێندنی ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە. ئەم هەموو گواستنەوانەی بەهۆی وەزیفەی باوکی بووە.
ــ ساڵی خوێندنی (1952-1953) لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا بەشی شێوەکاری وەرگیراوەو ساڵی خوێندنی (1956-1957) بە پلەی سێیەم لە دوا قۆناغدا بڕوانامەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەدەستهێناوە.
ــ دوای دەرچوونی لە پەیمانگە لە ساڵی 1957 بە مامۆستا لە شارۆچکەی شەقڵاوە دامەزراوە. ساڵێک لە شەقڵاوە وانەی بە قوتابیان وتۆتەوە، لەسەر داوای خۆی بۆ شوێنی لە دایکبوونی (گوێڕ) گواستراوەتەوە. دوای ماوەیەک خۆی بۆ هەولێر گواستۆتەوەو لە ناوەندی زازا مامۆستای هونەر بوو.
ــ لە ساڵی 1962 بە هۆی سیاسی ( بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل حزبی شیوعی عیراق) زیندانی کراوە، تاکو ساڵی 1965 لە زیندان ماوەتەوە . دوای ئازادبوون و گەڕانەوەی بۆ وەزیفە دوور خراوەتەوە بۆ ناسریە لە باشووری عیراق و لە قوتابخانەی (الیعربیە) دانراوە و هەژدە مانگ لە ناسڕیە ماوەتەوە ئینجا کە بڕیارێک لە بەغدا دەرچووە بە گەڕاندنەوەی دوورخراوەکان، مامۆستا سلێمان گەڕێنراوەتەوە بۆ لیوای هەولێر، بەڵام لەهەولێریش کۆنەپەرستەکانی نەیارانی پێشکەوتنخوازی لە پەروەردە باڵادەست بوون بۆیە لە قوتابخانەی گوندی گەڕەسۆری نزیک مەخمور دانراوە، دوایی بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی قوتابی فنون بەیتیە بوو، مامۆستایان هێناوەتە گوندی گردعازەبان لەوێ توانیویەتی هەموو ڕۆژ لەگەل سەنتەری شار هات و چۆ بکات. دوای گردعازەبان هێناویانەتەوە بۆ سەنتەری شارو بۆتە مامۆستای هونەر لە ناوەندی جمهوری کوڕان.
ــ لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە هەمیشە فشاری لەسەر بووە بۆیە لە ساڵی 1983 خۆی خانەنشینکردووە.
ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و دواتر دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 1993 مامۆستا سلێمان شاکر گەڕاوەتەوە بۆ کارکردن لە بواری پەروەردە و لەگەڵ دامەزراندنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە هەولێر بە مامۆستا لەم پەیمانگەیە دەستبەکار بووە و لە ڕێگای وتنەوەی هونەری شێوەکاری خزمەتی زۆری پێشکەش بە قوتابیان و پەیمانگەو ڕەوتی هونەرەجوانەکان کردووە.
ــ مامۆستا سلێمان شاکر لە ساڵی 2004 بە گوێرەی تەمەن خانەنشینکرا.
(ماویەتی، لە بەشی دووەمدا باس لە خەباتی سیاسی و هونەری دەکەین)