لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستا و هونەرمەند سلێمان شاکر

بەشی دووەم و کۆتایی

(کورتەیەک لە خەباتی سیاسی و هونەری)

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

  ٭ ئەوەی سەرنج دەدرێت خەباتی سیاسی و هونەری مامۆستا سلێمان شاکر تێکەڵ بە یەکتر بووە. مامۆستا خۆی لە بارەی دەستپێکی ژیانی هونەری و سیاسی دەڵێ:" لە قۆناغی ناوەندی، سەرەتای دەستپێکی هونەریم دەستی پێکرد،ئەوکات خوێندن لە قوتابخانە بە دوو بەش بوو واتە بەیانیان و ئێواران دەخوێندرا، هەروەها خوێندنی لاسەفیش هەبوو ئەویش ئێواران دەیانخوێند، ئەو ڕۆژانە چالاکی هونەری و وەرزشی و شانۆو زمانەوانی فێری قوتابیان دەکرا. ئەوکات ئێمە لە ڕیزی یەکێتی گشتی قوتابیانی عیراق بووین، ئەوە لە ساڵەکانی (1948 - 1949)بوو، لە لایەن ڕێکخراوەکەمانەوە توجیهاتمان بۆ دەهات کە بچین لە وتار بێژی و زمانەوانی بخوێنین. مامۆستای هونەریمان ئەوکات هونەرمەند (جەواد ڕەسوڵ ناجی) بوو، کە دەورێکی زۆری هەبوو بۆ فێرکردنمان، ڕۆژێکیان تەماشای دەفتەری وێنەی منی کرد گوتی: تۆ پێویستە بێیت لە  بەشی ڕەسم بخوێنی زیاتر فێری ڕەسم بیت واز لە خیتابە(وتاربێژی) بێنە و داخلی مەرسەم بە". ئەوە سەرەتای دەرکەوتنی توانای هونەری سلێمان شاکر بووە.

 ــ لەو کاتەی قوتابی بووە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان لە بەغدا تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و جەماوەری بووە، بە تایبەتی لە ساڵەکانی (1952-1953)کە ڕاپەڕینی جەماوەری لە بەغدا دژی ڕژێمی پاشایەتی بەرپابوو، ڕژێم دەستی بە گرتنی قوتابیانی زانکۆو پەیمانگاکان کردووە. سلێمان شاکریش لەگەل ئەم هەڵمەتە گیراوەو دوو ساڵ لە خوێندن دەرکراوە. دوای دوو ساڵ بە پێی فەرمانێکی وەزاری گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن. ساڵی (1956-1957) پەیمانگای تەواوکرددووە.

ــ لە ساڵی  1962لەو کاتەی بەدرەدین عەلی دژ بە شیوعییەت و دیموکراسییەکان پارێزگاری هەولێر بوو، هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانی خەڵکی دەستپێکرد، مامۆستا سلێمان شاکریش دەستگیرکرا و ڕەوانەی گرتوخانەی (فەزیلیە) کراوە لە بەغدا لەگەل ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی پارتی و شیوعی.

 مامۆستا سلێمان شاکر دەڵێ :" دوای ماوەیەک لەو  بەندیخانەیە، وێنەو تابلۆی چیاکانی کوردستان و وێنەی سوارچاکی کوردو وێنەی هاوڕێیانم دەکێشا یەکێک لەوانە وێنەی هاوڕێیان ڕەحمانە شەل و حەسەن تەها"..

 ــ لە بەندیخانەی فەزیلیە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی (نوگرە سەلمان) لە بیابانەکانی خوارووی عیراق، لە نوگرە سەلمانیش وێنەی زیندانییە سیاسییەکانی هاوڕێی دەکێشا.

 ــ لە ساڵی  1964 لەگەل هاوڕێ عادل سەلیم گواستراونەتەوە بۆ بەندیخای هەولێر، گوایە ئازاد دەکرێن، بەڵام لە هەولێر بردویانن بۆ دائرەی ئەمن و داوای پاکانەیان لێکردوون، هەردووکیان ڕەتیان کردۆتەوە. دوای ساڵێک لە سەردەمی عەبدولسەلام محەمەد عارف لە ساڵی 1965 ئازادکراون.

ــ لە دوای ئازادکردنیشی وەکو سزایەکی دیکەی سیاسی بۆ خوارووی عیراق ،شاری ناسریە دوورخراوەتەوە و ساڵ و نیوێک لەم شارە وەکو مامۆستا ماوەتەوە ئینجا گەڕێنراوەتەوە بۆ هەولێر.

 ــ لە ساڵی  1976 دامەزرێنەرو سەرۆکی تیپی هونەری نوێی کوردبوو لە هەولێر.

 ــ ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی عیراق و کۆمەڵەی شێوەکاری عیراق بووە.

 ــ ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.

 ــ لەماوەی تەمەنی هونەریدا بەشداری لە چەندین پیشانگای بە کۆمەڵ و هاوبەش کردووە لە هەولێرو بەغداو سلێمانی و دهۆک و کۆیەو کەرکوک و ناسریەو پۆڵۆنیاو یۆنان.

 ــ چەند تابلۆیەکی لەم وڵاتانە هەیە (بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، پۆڵۆنیا، یابان، ئەمریکا)

 ــ له 18-6-2007 چوارەمین پیشانگای تایبەتی خۆی لە گەلەری تایبەتی خۆی لە گەڕەکی شۆڕش کردەوە.

 ــ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ مامۆستای هونەر بووە لە قوتابخانەکانی سەرەتایی، دواناوەندی، پەیمانگای مامۆستایان و هونەرەجوانەکان.

 ــ مامۆستا سلێمان شاکر لە ڕێکەوتی 24-8-1958 ژیانی خێزانی لەگەل سەعدیە ڕەئوف عارف پێکهێناو.

 ــ لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژی بۆ مامۆستاو هونەرمەند سلێمان شاکرو مامۆستا سەعدیەی هاوژینی دەخوازین.

  سەرچاوە:

- لە شاکارەکانی سلێمان شاکر جوانی هەمیشە براوەیە، لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی ڕۆشنبیری حزبی شیوعی کوردستان .

 - گۆڤاری هەرێمی کوردستان ، ژمارە 424 له 7-8-2007

 - دیدار لەگەڵ مامۆستا سلێمان شاکر 30-3-2023

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە