نووسینی : -زیرەک کەمال

لە ئێوارەیەکی خەمناکی شاردا، لەناو هاڵاوی گەرما و چەلەحانێ و بێمانایی میدیای کوردی، لە ماڵ هاتمە دەرێ و ڕووەو باخچەی ئاژەڵان ڕۆیشتم، هەڵبەت بەناوباخچەی ئاژەڵانە، بەڵام لەواقیعدا زیندانی  ئاژەڵانە، دیارە ڕۆیشتنی من بۆ ئەو شوێنە بۆ ئەوە نەبوو وەکو هەندێک کەس بە چێژ و لەزەتێکی زۆرەوە سەیری ئاژەڵ و باڵندە غەمگینەکانی پشت شیشەی زیندانەکان بکەم، دیسان دەیڵێم   بەڕاستی باخچەی ئاژەڵانی ئێمە، هاوشێوەی زیندانەکانی ئەبو غرێب و قەسری نیهایەی سەردەمی ڕژێمی بەعس وان، بەڵکو بۆ ئەوە چوومە ئەو شوێنە، تا ناسۆری و خەفەت و هاودەردی خۆم بۆ ئەو ئاژەڵ و باڵندانە دەرببڕم، کە لە هاویندا گەرما و لە زستانیشدا سەرما و لە چوار وەرزی ساڵیش برسیەتی و بێدەرەتانی تەنگی پێ هەڵچنیوون.

بەدەم خەیاڵ و بیرکردنەوە لە ئاژەڵ و باڵندەکان، نەمزانی چۆن گەیشتمە بەردەم ژوورێکی سئ لا چیمەنتۆ و پێشەوە شیشبەند، کەمەیمونێکی تیابوو، کە بینیم لە سیما و ڕوخساری ئەو مەیمونەدا خەم و حەسرەتێکی قووڵ بەدی دەکرا.

دیاربوو برسیەتی بڕستی لێ بڕیبوو و تینویەتیش شپڕزەی کردبوو. گاڵتەپێکردنی مرۆڤەکانیش هەراسان.هەرلەوکاتەدا

دوو گەنج بە تەنیشتمدا تێپەڕین؛ یەکێکیان بە ئەوی تری دەگوت "هەی مەیموونی هیچ و پوچ". مەیموونە زیندانی و هەژار و چەوساوە و زوڵملێکراوەکەی ناو شیشبەندەکە بەبێدەنگی  ڕووی لە من کرد؛ منیش بەدەم چوونە خەیاڵەوە، تەماشای ناو چاوەکانیم کرد، بە زمانیحاڵ پێی گوتم: بۆچی ئێوەی مرۆڤەکان ئەوەندە خۆپەرستن و خۆتان بە شای هەموو مەخڵووقەکان دەزانن؟

ئەوەی شەریعەتەکەتان ڕێگەتان پێ بدات سەری دەبڕن و دەیخۆن، هەندێک لە ئاژەڵانیش هەر بۆ هەوەست بەبێ ئەوەی لای ئێوە تەنانەت گۆشتیشیان بخورێت، یان سوودێکیان بۆ ئێوە هەبێت دەیانکوژن و ڕاویان دەنێن.

باشە ئەو گەنجە بۆچی مەیموون دەکاتە هاومانای هیچ و پوچی؟

هەستم دەکرد مەیموونەکە زۆر لێمان پڕە! دواتر گووتی: 

کاکی مرۆڤ ئێوەی مرۆڤ چیتان لە ئێمە زیاترە، وا خۆتان کردووەتە ( به‌رزه‌كی بانان) و ئێمەشتان کردووەتە هێمای ناشیرنی و بەدرەفتاری؟

ئایا تا ئێستا مەیموونێکت بینیوە وەکو مرۆڤ شەوگەڕبێت؛ لەسەر هیچ شتێک بازنەدات و بەڵام  لەسەر نامەیەکی خۆشەویستی، کچە چواردە ساڵیەکەی بکوژێت؟

مەیموونێکت بینیوە لەسەر فول لایتێک شۆفێری بەرامبەرەکەی خەڵتانی خوێن بکات؟

مەیموونێکت بینیوە شەوان لە ئیسکانی هەولێر و سەهۆڵەکەی سلێمانی لەسەر یاری ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە هاوڕێکەی خۆی بداتە بەر چەقۆ؟

مەیموونێکت بینیوە لەبەرەبەری جەژناندا لە مەیدانی ئاژەڵان قوربانی بکات؛ ئێوارەش لە دوکانەکەی کەلوپەل و خواردەمەنی بە نرخێکی گران بداتە هاوشاری و هاوئاینەکەی؟

مەیموونێکت بینیوە بەبێ ئەوەی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی تەواو بکات، بەساختە و فێڵ، خۆی بگەیەنێتە زانکۆ  و دواجار بە بڕوانامەیەکی ساختەوە لەبەر چاوی کۆمەڵگا خۆی نمایش بکات؟

مەیموونێکت شک دەبەی لیمۆندزی و تیزابی پاتری بخاتە ناو ماستی مەعمەل پێلەقە و کەچی بە ماستی ژمارە یەکی خۆماڵی بە خەڵکی بفرۆشێتەوە؟

مەیموونێکت بینیوە دەستی لە هەموو گزی و فزی و گەندەڵی و نادادپەروەری وڵاتدا  هەبێت؟ کەچی شەوان لەسەر شاشەی تیڤی  و لاپەرەکانی سۆشیال میدیادا خۆی وەکو ڕەخنەگر و دژەگەندەڵ و داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ نیشان بدات؟

مەیموونێکت بینیوە خۆی بە خاوەنی توێژی قوربانیەکان بزانێت و لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانیش دەنگ نەداتە حەلاج؟

کاکی مرۆڤ مەیموونێکت بینیوە ڕوبەڕوو باوەش بە هاوڕێکەی دابکات و ماچی بکات، ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستی بۆ دەرببڕێت؟ کەچی لە ژێرەوە کڵاو بخاتە سەری و دار لە ژێر پێیدا ببڕێتەوە ؟ قسەکانی مەیموونەکە

لە ناخمەوە خەمباری کردم، هەربۆیەش  لەبەرخۆمەوە شەرمەزاریەکی قووڵ دایگرتم ، بۆیە پێم گووت  مەیموونی ئازیز  هاوڕێی شیرینم، قسەکانت وەکو دوخ و تەناف ڕاستن ؛دەشزانم ئەوەی دەیڵێی هەمووی ڕاستە بە زیادەوە، بەڵام باش بزانە تۆ لەبەشی زۆری ئێمەی مرۆڤەکان جوانتر و پاکتری.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا