محەمەد چۆمانی

 

١- تێنەگەیشتم ئەو تورکیایەی فاشیست بوو، خۆپیشاندانی دژ دەکرا، تۆزێک گوتبات میانڕەوە، دەیانکردیتە جاش، چما لە پڕ بووە وڵاتی دیموکراسی و باوەشی گەرم بۆ کورد؟ هەر لەبەر ئەوەی ئۆجەلان قسەی کۆتایی کرد و پەکەکەی هەڵوەشاندەوە تەواو! ئەوەتا ئەردۆغان دەڵێت: لە بەروەی رێمان لە بە کوردی قسەکردن گرت، تێرۆر (پەکەکە) دروستبوو. بەو مانایەی ئیدی بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کە قسە بە کوردی بکرێت، دەستکەوتەکانی کورد وەدیهاتن! ئێستاش رژدن کە تەنها گەلی تورک لە تورکیا هەیە، نە کورد و نە عەلەوی کەمینەش حسێب نین. ئەگەر تورکیا راستگۆیە لەچارەسەری پرسی کورد، با وەک نیازپاکی ئۆجەلان و دەمیرتاش و هەزاران زیندانیکراوی کورد ئازادکات. دوور نییە سبەینێ هەموو سەرکردەکانی پەکەکە دادگایی بکرێن و مافی مانەوەیان لە تورکیا پێنەدرێ، ئەگەر هەر رێدان بە زمانی کوردی و چەند مافێکی رۆشنبیری بێت، گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر. چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوە، بەبێ گرەنتی و نیەتپاکی و دەستپێشخەری، بەبێ گۆڕان لە ئەقڵی گوزارشتی (تورکە کێوی) بۆ کورد، بە بێ دوورکەوتنەوە لە (نەزعەی قەومی) و شۆڤێنییەت و سەردەستەیی تورک، شکست و هەڵەی گەورەن. کات هەموو شتێک یەکلادەکاتەوە و بەهیوام کورد و پەکەکە لەو هاوکێشە لێڵەدا سەرکەوێت.

٢- لە سوریا خەریکە پرسی کورد دیزەبەدەرخۆنە دەکرێ، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا لە سوریا دەڵێت: رێ نادەین کورد حکومەت لەناو حکومەت دروستکات، دەمانەوێت رێیان بۆ خۆشکەین بچنە ناو حکومەتی سوریا. دەشڵێت: هەسەدە یەپەگەیە، یەپەگەش لقێکی پەکەکەیە، بۆ شەڕی داعش هاوپەیمانیمان لەگەڵ کردن. واتا چۆن پەکەکە تەواو، رۆڵی هەسەدەش لە سوریای نوێ تەواو. هەستدەکەم کۆتایی پێهاتنی خەباتی چەکداری پەکەکە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەسەدە لە سوریا، لە پلان و نەخشەی ئەمریکا، بە هەماهەنگی تورکیا و سوریا یەک پاکێجە. تەنانەت گرژییەکانی هەرێمی کوردستان و نەناردنی مووچە لە لایەن بەغدا و لاوازی رۆڵی ئەمریکا لە هەمبەر کێشەکان، دوور نییە بەشێک بێت لەو ئەجێندا و پاکێجە، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی سەنتەرە. لەوەشدا ناتەبایی و خراپ ئیدارەدان و دوو زۆنی، خاڵی بێهێزی ئەو پێشهاتانەیە، مخابن خەریکە دەبنە واقیعێکی مەترسیدار.

٣- دانووستانی هەرێم و بەغدا هیچی لێ شین نەبوو، چاوێک لەسەر دادگای فیدڕاڵییە ئەو دووشەممەیە بڕیاری وەلائی بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم دەرکات. پێموایە ئاسان نییە بڕیارێکی وا بدات. رەنگبێت دادگاکە جەخت لە پابەندبوونی هەرێم بە دەستوور و داواکانی بەغدا کە رادەستکردنی نەوت و داهات و تەوتینە بکاتەوە. بەمەش دیسان بەغدا دەستی واڵاتر دەبێت و دوور نییە فشارەکانی بگاتە جوڵاندنی هێزیش بۆ بیرە نەوتەکان و بڕیاری دادگا بکاتە سەنگی مەحەک. مخابن لەو مەترسییانەدا گوتارێکی عەقڵانی یەکگرتووی کورد نییە، حزبەکان پەرتەوازە  و یەکتر تۆمەتبار دەکەن، لەوەشدا پارتی و یەکێتی بەرپرسیارێتی گەورەیان دەکەوێتە سەر، کە نەیانتوانی دوای ساڵێک لە هەڵبژاردن پەرلەمان و حکومەت دروستکەن. بڕیارەکان دوو لایەنە دەدرێ و ئەنجومەنێکی نیشتمانی کە لە هەموو حزب و پێکهاتەکان  پێکهاتبێ و بڕیارە چارەنووسازەکان پەیوەست بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەوێ بدرێن، بوونی نییە. ئیدی بێ مووچەیی و بێباکی دەسەڵات و خەمساردی لە رێککەوتن دەگەڵ بەغدا، ئەوپەڕی خراپی گوزەرانی خەڵک، پێمان دەڵێت، هەرێم لەبەردەم دووڕیانێکی کارەساتباردایە. بە کورتی بۆ دەسەڵاتی بێباکی هەرێم: هیوا لەسەر ئەمریکا هەڵمەچنن، تەنێ میللەت ئومێد و هێزتانە، کە پشتتان تێکردووە. ئەمریکا ئیشی پێتان نەما، هەرزان دەتانفرۆشێت، وەک ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێ.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا