
شەهلا حەسەن كەریم
گومان لەوەدا نییە لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا، لەسەردەمی جیهانگیری و چاخی زیرەكی دەستكردو پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیادا، نەخۆشی شەكرە وەك نەخۆشیەكی درێژخایەن، بەڕیژەیەكی دیارو بەرچاو و بەربڵاو لەسەرتاپای ئەم هەسارەیە بڵاو بۆتەوە كە بە بكوژە بێدەنگەكە ناسراوەو لەهەمان كات بە نەخۆشییە مەترسیدارەكە ناوزەد دەكرێ و مەبەست لێی ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێ ئەوە بە تێپەڕبوونی كات زیان بە خوێنبەرەكانی دڵ و چاو و گورچیلەو دەمارەكان دەگەیەنێ، بۆ نموونە دەتوانێ لەڕێی زیانگەیاندن بە خوێنبەرەكانی چاوەوە تووشی لەدەستدانی چاوی بكات و بیكاتە كەسێكی نابینا، وەك چۆن دەتوانێ لەڕێی تێكچوونی دەمارەكانی قاچەوە، پێیەكانی بریندار بكات و تووشی لەدەستدانی بكات كە بەو هۆیەوە قاچەكانی ببڕێتەوە و ببێتە كەسێكی كەم ئەندام و ...هتد.
ئێمە لێرەدا ئاماژە بە جۆرەكانی نەخۆشی شەكرە ناكەین، هەروەها تیشك ناخەینە سەر هۆكارەكانی سەرهەڵدان و دروست بوونی ئەو نەخۆشییەو رێگاكانی چارەسەری.
وەلێ ئەوەی مەبەستمان هەڵوێستەی لەسەر بكەین، ئەو بارودۆخ و گوزەرو ژیانەیە كە خەڵكانێكی زۆر بەتایبەت ئەو خێزان و ماڵباتانەی منداڵی تووشبوو بەشەكرەیان هەیە بەهۆی نەبوونی و نەداری و دەستكورتییەوە دووچارو گیرۆدەی بارودۆخێكی سەخت و دژوار بوونەتەوە
ئێمە لەرۆژی جیهانی شەكرەدا كە لە14/11ی هەموو ساڵێك لەهەموو جیهان ئەو یادە بەشكۆداری و بەكۆمەلێك چالاكی جۆراو جۆرەوە بەڕێ دەكرێ، وەلێ مەخابن ئێمە لەهەرێمی كوردستان دەرهەق بەو ژیانە پڕ كولەمەرگی و نالەبارەی منداڵان تێیدا دەژێن، بەبێ نازی و بەدەم دەیەها خەوی ئەرخەوانی، ئەو رۆژە تێ دەپەڕێنین، هەر لەو روانگەوە ئێمە لەهەمبەر نەبوونی توانایەكی ئەوتۆی دارایی كە لەو رۆژەدا دڵی منداڵانی پێ خۆش بكەین، نیگەرانین بۆ ئەو رەوشە وەك ناتوانین بەخۆشحاڵیەوە ئاهەنگێكی فراوانیان بۆ ساز بدەین و بۆ دڵنەوایی و دڵخۆشییان دیارییان بەسەر دابەش بكەین.
وەكو (كۆمەلەی منداڵانی توش بوو بە شەكرە) كە ژمارەیەكی زۆری منداڵانی تووشبوو بەنەخۆشی شەكرە لە كوردستان لەخۆ دەگرێ، بەردەوام تواناكانمان خستۆتە گەڕو لەهەوڵداین، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارو بەرپرسان و خێرخوازان لەسەر هێڵین تا لەو رێیەوە بتوانین یارمەتیەكی بچووك بەو منداڵانە بكەین. وەلێ بەدەمەچوونی لایەنە پەیوەندیدارو بەرپرس و خواپێداون وەكو پێویست نییە.. ئەوە لەكاتیكدایە خەڵكێكی زۆر لە كەس و كاری تووشبوان كەمدەرامەتن، بەهۆی هەژارییەوە توانای كڕینی دەرزی ئەنسۆلینیان نیە و بەچاوی ئومێدەوە بۆ داهاتوو دەڕوانن و مافی خۆشیانە وەك هەموو كەسێكی ئاسایی ژیان بكەن، لەوەشدا بەردەوام پێداگرین بۆ لەدەرگادانی هەر شوێنێ كە پێویستبێ و بتوانین لەو ڕێیەوە خزمەت بەو منداڵانە بكەین.
لەكۆتاییدا بەپێویستی دەزانم لەو رۆژەدا رووی دەممان بكەینە ئەوانەی دەتوانن ژیانی كەسێك لەمردن رزگار بكەن، ئەوانەی دەتوانن دەستی هاوكارییان بۆ درێژ بكەن و خواپێداون، ئەوە وەك ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقی و مرۆیی بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی، داواكارین دەستبارو هاوكارمان بن، دڵخۆشكردنی منداڵێك، دڵخۆشییە بۆ خێزانێك و خێزانەكان ئەو كۆمەڵگایە دروست دەكەن كە هەموومان بە ئیشق و شادمانی و خۆشحاڵیەوە هەست بكەین لە كۆمەڵگایەكی دڵخۆش دەژێین.
*سەرۆكی كۆمەڵەی منداڵانی تووش بوو بەنەخۆشی شەكرە*