
سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەگەر زمانی كوردی لە ئاستی دەربڕین و نووسینیشدا ستاندارو یەك زمان نەبێت، بەڵام چەندین ڕێسای زمانەوانی و ڕێنووسی هەیە و ڕەنگە لە كاتی نەنووسینی پیتێك، یان هێمایەك، تەواوی مانای وشەكە لە ئاستی دەربڕین و گەیاندندا، گۆڕانی بە سەردابێت. لە هەندێ كاتدا، نەنووسینی تەنها وشەیەك سەرلە بەری مانای ڕستەكە دەگۆڕێت. بۆ نموونە:_(بە ڕەوانی قسەی نەكرد) لەم ڕستەیەدا، ڕەوانی بە مانای ڕوون و ڕەوان دێت، واتە قسەكردنێك بێ گڕێوگۆڵ و پێچ و پەنا كەدەشێ هەمووان لە ماناكەی بگەن، بەڵام لەم ڕستەیەدا (بەڕەوانی نەكرد) مانایەكی تەواو جیاوازی هەیە لە ڕستەی پێشووتر. لێرەدا بە (ڕەوانی) بە مانای ناوبژیكەر دێت. واتە كەسێك بكەوێتە نێوانی دووكەس لە كاتی دەمەقاڵێ و شەڕدا. یاخود كاتێ دەڵێین:_( ئەو كوڕە كێ بوو) لێرەدا كوڕ بە مانای كەسێك دێت كە ناوێكی نادیارە، بەڵام كاتێ دەڵێین:_( ئەو كووڕە كێ بوو) دەبینین سەرتاپای مانای ڕستەكەی گۆڕیوە، چونكە (كووڕ) لێرەدا بە مانای كووڕبوونەوە دێت. ئەمە وێرای ئەوەی كە ئێمە لە زمانی دەوڵەمەندی كوردیدا وشەی (كور) یشمان هەیە كە ناوی بزنە نێری دوو ساڵانە. دەیان و سەدان نموونەی دیكەی لەو شێوەیەش بوونیان هەیە، كە بێگومان ئەگەر ورد نەبین لە نووسینیان، ئەو مانایە نادەن كە ڕەنگە ئێمە مەبەستمان بێت، لە ناوەڕۆكی نووسینەكە بیگەیەنین. لەو سۆنگەیەوە، مامۆستای هێژا (ڕەزا شوان) بابەتێكی پڕ بەها و جوانی بە مەبەستی خۆشەویستكردنی كوردستان، لای ئەو منداڵانەی هێشتا نەچوونەتە قوتابخانە بە ناوی (شیرینكردنی كوردستان لەلایەن منداڵانی پێش قوتابخانە ) لە ماڵپەڕەكان نووسیوە. بێگومان مەبەستی مامۆستا لێرەدا ئەوەیە، كە ئێمە چۆن كوردستان لای ئەو منداڵانە شیرین بكەین و هەست و سۆزی نیشتمانییانەیان لا بچێنین ، كە هێشتا نەچوونەتە قوتابخانەو لە قۆناغی بەر لە قوتابخانەدان، بەڵام گەر بە وردی سەرنج لەو ناونیشانە بدەین، ئەوا دەبینین ئەو مانایە ناگەیەنێت كە ئاماژەمان پێدا، چونكە ( منداڵانی پێش قوتابخانە) بەو واتایە دێت، كە منداڵەكان لە پێش قوتابخانەن، نەك قۆناغی بەر لە قوتابخانە. (پێش) ، هاوەڵكاری شوێنەو (قوتابخانە) ش بە مانای ناوی شوێن دێت و واتاكەی ئەوە دەگەیەنێت، كە ئێمە چۆن كوردستان لای ئەو منداڵانە شیرین بكەین كە لە پێش قوتابخانەن. بۆیە لێرەدا، دەبێ ناونیشانی ئەم وتارە بە هادارە، بە جۆرێك بێت كە گوزارشت لە قۆناغی بەر لە چوونە قوتابخانە بكات وەك : (شیرینكردنی كوردستان، لای منداڵانی بەر لە قۆناغی خوێندن) یان (شیرینكردنی كوردستان لای منداڵانی بەر لە خوێندن) یاخود دەكرێ بنووسین ( چۆن كوردستان شیرین بكەین لای ئەو منداڵانەی هێشتا نەچوونەتە قوتابخانە). هەروەها دەكرێ لە بری وشەی شیرین، وشەی پیرۆزكردن بەكار بێنین، چونكە كوردستان پیرۆز و مەزنەو نیشتمانی هەموومانە، جگە لەمەش لە ڕووی كردەییەوە گونجاوترە لە شیرینكردن. بێگومان وتارەكەی مامۆستا، هەتا بڵێی پڕ بە هاو جوان و پڕ مانایە بۆ منداڵان، بە تایبەتیش لە سەردەمێكدا، كە خەریكە پیرۆزییەكانی كوردستان و ناوی كوردستان، لای هەموومان ناشیرین دەبێت، بۆیە ئەو سەرنجەی ئێمە، پتر دەوڵەمەندكردنی وتارەكەیە و هاوكات ڕەچاوكردنی ڕەهەندی واتایانەی زمانە، لە دنیای نووسینی منداڵان، بۆ ئەوەی باشتر لەو پەیامە بگەن، كە ئاراستەیان دەكرێت.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە( 4414) لە 23/10/2025 بڵاوكراوەتەوە.