بەشی یەکەم/ نوێگەریی:
لەتیف ئەمین
گۆڕانکارییەکان لە دنیای پێشکەوتوو, خێرا و تیژڕەون. دۆزینەوە و داهێنانەکان, بێ ئەندازە سەرسوڕهێنەرن. مرۆڤ لەم سەردەمەدا زوو بەخۆی نەکەوێ و بەدەستوبرد نەبێ, دوا دەکەوێ و پێڕا ناگا. مرۆڤ لەمڕۆژگارەدا، هۆشیار و هۆشمەند نەبێ، لە کاروانی پێشکەوتنەکانی سەردەم بەجێ دەمێنێت،ڕێگای سەرکەوتنی لێ ون دەبێت، ئاسمانی بیری تاریک و پڕ تەم دەبێت، سەرچاوەی هزری لێڵ دەبێت. بۆئەوەی لە دۆخی چەقبەستوویی و داخراوی دەربچین، دەبێ بە مەقاشی زانست دەست بۆ عەقڵمان ببەین. بۆئەوەی لە قاوغ و قەپێلکی بێئاگایی بێینەدەر، دەبێ بە بەردی داهێنان گۆمی مەنگی نەزانی و دواکەوتوویی بشڵەقێنین. دەبێ بە مەشخەڵی زانست و تیشک و تریفەی هۆشیاریی و ڕۆشنگەریی، ببین بەڕێبواریڕێگای گۆڕانکاری و پێشکەوتن. دەقگرتن و مانەوە لەیەک قاڵبدا، هۆکاری دواکەوتن و بەجێمانە. ترس لە گۆڕانکاری و نوێخوازی، سەرچاوەی هەموو کێشە و دەرد و بەڵاکانە. مانەوە لەیەک دۆخدا، لەیەک پنت و لەیەک شۆێندا، هۆکاری هەموو ئاڵۆزی و گرێکوێرەکانی ناو کۆمەڵگەیە.
لەم سەردەمەدا، داهێنان و پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و پزیشکی و ئەندازیاری و بوار و بابەتەکانی دیکە، بەڵگەی شۆڕشی عەقڵی و هزری نوێ و هاوچەرخن. باوەشکردنەوە بۆ پێشکەوتنەکانی سەردەم و پێشوازیکردن لە نوێگەری و خۆئامادەکردن بۆ گۆڕانکاری، هەوڵ و هەنگاوی گەورەن بەرەو پێشکەوتن. ئەم سەردەمە، سەردەمی عەقڵی نوێ و هاوچەرخ و باڵایە. (د. میلاد مفتاح الحراپی) کە مامۆستایە لە زانکۆی کیمبریدیج لە بەریتانیا، لە گۆڤاری(فكرالپقافیە)دا دەڵێت: "عەقلی نوێ و شۆڕشەکەی، گوزارشتە لە شۆڕشی عەقڵ لەسەر خودی خۆی". بەڵێ، پێویستە عەقڵی مرۆڤ کودەتا لەسەر خۆی بکات، خۆی خۆی بگۆڕێت، خۆی خۆی نوێ بکاتەوە،هەر خۆی بەرگی نەزانی و نەفامی و کۆن و چلکنی خۆی داکەنێ و فڕێی بداتە ناو زبلدانی مێژوو. عەقڵ، دەبێ هەر خۆی پف لە تۆزی کۆنخوازی و نەریت و ڕابردووی پیرۆزکراو بکات. ئەم سەردەمە هی ئەوە نییە, هەموو ئاوات و ئامانجەکانما تەنها نەهێشتنی نەخوێندەواری بێت. سەردەمی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەسەرچووە. تەنانەت لەم سەردەمەدا، خاوەن بڕوانامە بەرز و باڵاکانیش، ئەگەر زرنگ و هۆشیار و چاوکراوە و بە هەست و بەدەستوپل نەبن، ناتوانن لەنێو کۆمەڵگەدا و لە بواری خۆیانڕۆڵی کارا و چاڵاک ببینن. مرۆڤێکی خوێندەواری بێ بەرهەم و بێ زانست و بێ داهێنان بۆ چییە؟ خوێندەوارێکی بێئاگا لە گۆڕانکاری و دنیای پێشکەوتوو, بەکەڵکی چی دێت؟ خوێندەوارێک, کەڕەنگە بەباشی توانای نووسین و خوێندنەوەی بە زمانی نەتەوەکەی خۆیشی نەبێت، حەق نییەهەر پێی بگوترێت خوێندەوار. بڕوانامەی بەرز و باڵای بێ زانست, مەگەر بۆ دامەزراندن و دەستکەوتنی کارێک و مووچەخۆری باشبێ, ئەگینا خێری بۆ کێ هەیە؟
بۆیە پێویستە مامۆستایان ئاگاداری پێشکەوتنەکانی سەردەم و زانست بن لە بوارە جیاوازەکان. بەتایبەت چوونە نێو دنیای تەکنەلۆژیای سەردەمیەکێکە لە پێویستییەکان. دەبێ مامۆستایان ئاگاداری داهێنان و بیردۆزی و تیۆر و دۆزینەوەکان بن. لەبەرئەوەی ئەرک و ئیشی مامۆستایان پەروەردە و فێرکردنە, دەبێ هەمیشە لە هەوڵی خۆپێگەیاندن و خۆفێرکردندا بن، بەردەوام لە گەڕان و بنکۆڵکردندا بن بۆ بەدەستهێنانی زانستی نوێ. نابێ مامۆستا لە سەدەی بیست و یەک، بە کەرەستە و ئامرازەکانی چاخەکانی بەردین خەریکی وانەگوتنەوە بێت. نەنگییە, هێشتا مامۆستا هەبێ بۆڕاپەڕاندنی کارەکانی, نەزانێ تەکنەلۆژیا بەکاربێنێ. ناکرێ بەهەمان بیرکردنەوەی سەردەمیڕاو و شکار, نەوەی ئێستا پەروەردە بکرێت. خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم, هەنگاوییەکەمە بەرەو پێشکەوتن. خۆنوێکردنەوە بە زانستی سەردەم, پێشوازیکردن و باوەشکردنەوەیە بۆ پێشکەوتن. ئاگاداربوون و جێبەجێکردنی مۆدێل و میتۆد و ڕێگە و ڕێبازە نوێیەکانی وانەگوتنەوە, هۆکاری گۆڕانکاری و سەرکەوتنەکانن. ئاشنابوون بەتیۆرە پەروەردەییە جیاوازەکان، دەبێتە هۆکاری گەشەکردن و پێشکەوتن و پێگەیشتنی مامۆستا.
لەبەرئەوە, مامۆستای نوێخواز و زانستخواز, مامۆستای پێگەیشتوو و تێگەیشتوو, مامۆستای بیرکەرەوە و هۆشیار و هۆشمەند, نەوەیەکی بەرهەمدار و داهێنەر پێدەگەیەنێت. مامۆستایەک, کە هەڵوەدای پێشکەوتن و گۆڕانکاری بێت, کە لە خەمی ئاییندەی وڵات و کۆمەڵگەکەی بێت, نەوەیەکیپڕ لە هێز و وزە بۆ کۆمەڵگەکەی و بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی ساز و ئامادە دەکات. مامۆستایەک، کە تامەزرۆی زانستی تازە و نوێ بێت، جا چ زانستە سروشتییەکان بێتیان زانستە مرۆڤایەتییەکان، دەتوانێت هەم خۆی و هەم کۆمەڵگەیشی بەرەو کاروان و کەناری پێشکەوتنەکان ئاراستە بکات.