نووسینی  / زیرەك كەمال

هەر باش بوو، بەناوبژیوانی و تكای زۆری یەكێتی پیاوان و كۆمەڵێك داكۆكیكار لە مافی پیاوان، منیان بردەوە ماڵەوە، ناسكەش بە كۆمەڵێك مەرجی گران، قبوڵی كردمەوە! ئیدی ماڵمان بووە چراخان، بەیانیان تاكو نووستن سەماوەر گیزەی دەهات، چا دێمی دەكێشا و بۆن و بەرامەی خواردن و دەستاوی ناسكە حەوت كۆڵان دەڕۆیشت. باڵندەی بەختم لەسەر چڵی درەختی حەوشەی ماڵ كەوتە چڕینی خۆشترین ئاواز، ناسكە ماڵی كردە جوانترین دوورگەی جوانی، ئیدی ناسكە ئاوایە لە كاتی ئاسایی دارمێوێكە و سەدان هێشووی گرتووە، كە تێكیدەدا دەڵێی لافاوە و باڵی گرتووە.

 ڕۆژێك گوتی: پیاوەكە دەمەوێت بچمە عەمڕە؟ گوتم: ناسكەخان ئێستا كەی كاتی عەمڕەیە؟ ئاخر دوو مانگ جارێك مووچە دێ، بێكاری وڵاتی تەنیوەتەوە، دواتر ئەو پارەیەی لە عەمڕەی سەرفی دەكەی واباشە بیخەینە ناو پڕۆژەی خێرخوازی بۆ كڕینی نەوت بۆ قوتابخانە و كڕینی داوودەرمان بۆ نەخۆشخانەكان، ئاخر خۆ خۆشت دەزانی قوتابخانە و نەخۆشخانە حكومییەكان چەند بێنازن؟ 

 ناسكە پێی لە كەوشان گیر كرد و چووە سەر تۆقەرانی دارێ و گوتی: پیاوەكە منیش ئەوە دەزانم، ئەتوو ئەمن بە چ تێگەیشتی، خۆ ئەمن حكومەت نیمە ئەو پرۆژانە بكەم، ئەمن بەس لە ڕقی خەجەی هەوگیانم دەچم، چونكە ئەویش چۆتە عەمڕە و دوێنی لە دەوری كەعبە سناپێكی كردبوو لەژێرەوەش نووسیبووی بەكوێرایی چاوێ  دوژمنان، منیش دڵنیام لەگەڵ منی بوو. ئیدی ناسكە گوێی نەگرت و خۆی ئامادەكرد. بەیانییەكی پایزی، تەدارەكی خۆی ڕووە و عەمڕە ڕێكخست، سەیرم كرد بەوێنەی كچێكی چواردەساڵی دەم و چاوی ئارایشتكردووە و خۆی ڕازاندۆتەوە. منیش پێمگوت: ناسكە دەچیە عەمڕە؟ یان زەماوەند؟ من ئەوەم گوت: تا هێزی تیابوو چەپۆكێكی كێشا بەسەرمدا، دنیام لەبەر چاو تاریكبوو و نەمزانی نە شەوە نە ڕۆژ. دیارە منیش ویستم لەو توندتر چەپۆكێكی لێبدەم، بەڵام بێدەنگبووم، چونكە ناسكە دەچووە غەریبی و خۆشتان دەزانن دەردی دووری و غەریبیی چەندە دژوارە. جگە لەوەش خۆتان دەزانن من چەند عاتیفی و لێبوردەم.

 دوو ڕۆژ دوای ئەوە ناسكە ڤیدیۆیەكی بۆ ناردم كە تیایدا لەبەردەم كەعبە وەستاوە و دەستەودوعا ڕووە و ئاسمان، ئەو دوعایانەی دەكرد كە من پێموایە كەعبە شوێنی دوعای خێرە بۆ هەموو لایەك كەچی بەپێچەوانەوە ئەو بەو شێوەیە دوعای دەكرد: خوایە لۆ خاتری ناوە جوانەكانت تا خەجەی هەوگیانم لە عەمڕە دەگەڕێتەوە مەحمودی شوبرام ژنی بەسەرهێنابێت. خوایە بۆ خاتری گەورەیی خۆت، فاتە چڵكنی دراوسێمان هەڵدەیە جەهەنمێ  چونكە ئەو ڕۆژەی لای دراوسێیەكمان گوتبووی ناسكە نازانێت بریانی لێبنێت. خوایەگیان تووخاتری محەمەدی نازدار و هەر چوار یارانی، ئامەی  ئامۆزای مێردەكەم تەڵاق بدرێت، چونكە گوتبووی ناسكە كە تووڕە دەبێت دەڵێی مەیموونە و حامزی خواردووە. خوایە توو كەزی حەیش و فاتمان قالەی ئامۆزام وا لێبكەی داركاریی قومری ژنی بكات، چونكە ئەو ڕۆژەی پۆستێكم لە فەیسبووك كردبوو، لایك و كۆمێنتی بۆ نەنووسیبووم و گوتبووشی عەیبە ناسكە بەو تەمەنەوە پرچی نیگرۆ دەكات. خوایە ئاخیر دوعام ئەوەیە كە مردم ددانی سەروخوارێی مێردم هەمووی بكەون، بۆ ئەوەی كە چووە خوازبێنی هەر ژنەك، بە پیر دەركەوێ كەس ژنێ نەداتێ. لە ئاخیری ڤیدیۆكە ناسكە دەڵێ، ئامین ئامین یاڕەبولعالەمین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا