نووسین بەرهەمی خوێندنەوەیە و بەبێ خوێنەربوون، شتێك نییە بە ناوی نووسەربوون. گەر سەرنج لە نەوەی هەفتاكان و هەشتاكان بدەین، دەبینین هەڵگڕی باكگراوەندێكی گەورەی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی بوون، چونكە ئەوان تا وشەیەكیان دەنووسی، دەیان كتێبیان دەخوێندەوە ! بەڵام پێ دەچێ ئێستا، ئاسانترین و بێ ئەرزشترین كار نووسین بێت . لەو ڕۆژانەدا، دیمانەی سەرنووسەری گۆڤارێكم لەگەڵ ژیری دەستكرد خوێندەوە و پرسیاری ئەوەی لێ دەكات، كە ئایا داوای وتارو نووسینی لێ ناكەن؟ ئەویش دەڵێت بە بەردەوامی و من بیرۆكە و زانیارییەكانیان دەدەمێ ئەوانیش ڕێكی دەخەن كە ئەمە كێشەیە. ئێستا لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا، ئاسانترین كارێك پێ دەچێ نووسین بێ، بۆیە دەبینین لە پڕ كەسێك وەك قارچك هەڵدەتۆقێ و لە ماوەی هەر هەفت ڕۆژەكەی هەفتەدا، وتار دەنووسێت و جارێك قسە لە سەر ژینگە و جارێكی دیكە مەحوی و نالی و  جارێكی دیكە، وەرزش و مافی ئافرەتان و ئەدەبی منداڵان و دیموكراسییەت و فەلسەفە و فێمێنیزم و  شەڕی ئەمریكا و ئێران و ململانێی ئۆكرانیا و ڕوسیا و دەیان بابەتی دیكە دەكات! هیچ گومانم نییە، ئەوانە سوود لە ژیری دەستكرد وەردەگرن، چونكە هیچ كەسێك نییە لە توانای دابێت، هەموو ڕۆژێك وتارێكی درێژ بنووسێت، جا كارەساتەكە ئەوەیە بە بێ سەرچاوە و بڕواش ناكەم لە مانگێكدا سێ كتێب بخوێننەوە. نووسین كانی ئاو نییە تا كەی ئارەزوومان كرد، جامێكی تێ هەڵینێن و پڕی بكەین، نووسین بەرپرسیاریەتییە، بۆ ئەوەی وشەیەك بنووسین، دەبێ سەدان وشە بخوێنینەوە، بە بێ خوێنەوەی بەردەوام، ئەستەمە بتوانین ئەوەی دەینووسین تیایدا سەركەوتوو بین. ئەوانەی هەڵپەی ئەوەیانە هەر ڕۆژە و لە ڕۆژنامەیەك دەربكەون، چۆن بەخێرایی دەردەكەون، بەو خێراییەش دەكوژێنەوە، چونكە سواری  ئەسپی خەڵكی پیادەیە. پێشنیار دەكەم بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەكان، سانسۆرێكی ڕاوێژو پرسیاریان بۆ ژیری دەستكرد هەبێت، وتارەكان لەمەحەك بدەن، بۆ ئەوەی دەربكەوێت كێ بە شەونخوننی و خوێنەوەی بەردەوامی كتێب وتار دەنووسێت و كێش پەنا دەباتە بەر ژیری دەستكرد و ئەوەی نووسیویەتی، بەرهەمی هزر و تێڕامانی خۆی نییە، ئەو كات دەردەكەوێت ئەوانەی وەك مەلای دوانزە عیلم قسە لە سەر هەموو شتێك دەكەن، نووسەری ڕاستەقینەن، یان دروستكراو و زادی ژیری دەستكردن؟

ئەم باەتەلە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە( 45 80) لە 21/7/202 بڵاوكراوەتەوە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا