هیوا عومەر
(بەشی یەکەم)

باری ژیان، تا دێت زیاتر لەسەر شانمان قورستر دەکرێت. پێش زیاتر لە دەیەیەک، لە ڕێگەی دەرکردنی چەندین کتێب، نامیلکە، وتار، کۆڕ، سیمینار و خۆپیشاندانەکانەوە لە خەمی پیشاندانی لایەنە ترسناکەکانی پڕۆژە و ڕەچەتەکانی "نیۆلیبڕاڵیزم"دا بووین. بەڵام کاتێک پڕۆژەی نیۆلیبڕاڵیزم ڕۆژانە خەڵک دەهاڕێت و دەچێتە هەموو کووچە، ماڵ و کۆڵانێکەوە، کاری ئێمە دەچێتە قۆناغێکی تر؛ ئەویش ئەوەیە: چیمان پێ دەکرێت بۆ پڕۆژەیەکی دیکە؟ 

سادەترین نموونە لە ئەمڕۆدا، نرخی بەنزینە وەک کێشەیەکی هەنووکەیی کە دانەبڕاوە لە کێشەکانی دوێنێش. بێکاری، خراپتربوونی ژینگەی کار، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتییەکان، قەیرانەکانی مووچە، تەندروستی، خوێندن، کارەبا و هتد، کە ئێستاش بەردەوامن، هیچیان کێشەیەکی تەکنیکی یان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆمان نەبوون، بەڵکوو پڕۆژەیەکی سەپێنراو بوون. 

لەم وتارەدا، "نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی" و "چەپی کوردی" وەک دوو ناونیشانی سەیر دەردەکەون، هۆکاری ئەمەش زۆرە و لێرەدا جێگەی باسی وردەکارییەکانیان نییە، بەڵکوو ئەوەی لەم وتارەدا جێگەی بایەخە، شوناسی نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی و هەڵوێستی چەپی کوردییە لەو بارەیەوە. 

نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی مۆدێلێکی سیاسی و ئابووریی بازاڕە، کە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤی کورد. ئەم سیستەمە تەنیا گیرفانی خەڵک لە ڕێگەی باج و بەتایبەتکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە بەتاڵ ناکات (وەک نیۆلیبڕاڵیزمەکەی تاچەر و ڕێگان)، بەڵکوو تێکەڵەیەکی مەترسیدارە لە سەرمایەداریی حیزبی و تاڵانکاریی ئابووری. بە چەند تایبەتمەندییەکیش لە مۆدێلە جیهانییەکە جیا دەکرێتەوە، کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە: 

یەکەم: لە مۆدێلی نیۆلیبڕاڵیزمی جیهانیدا، دەوڵەت دەست لە بازاڕ هەڵدەگرێت بۆ کەرتی تایبەت، بەڵام لە کوردستاندا کەرتی تایبەت بوونی نییە، یان زۆرینەی ئەوەی هەیە "کەرتی حیزبییە" و چەند سەرمایەدارێکی کەمی لێ دەرچێت. کۆمپانیا گەورەکان هی بەرپرسان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانن. کێبڕکێی ئازاد نییە؛ هەر کەسێک بیەوێت لە دەرەوەی بازنەی حیزب کار بکات، دەخنکێنرێت. ئەمە "نیۆلیبڕاڵیزمێکی قۆرخکارە". پێشتر ئەگەر کەسێک دەوڵەمەند بووایە، پێویستی بە مێژوویەک لە پیشەییبوون، کار و ڕەنجکێشان هەبوو، بەڵام ئێستا لەناکاو سەرمایەداری حیزبی هەڵدەتۆقێت؛ سەرمایەدارێک بەبێ هیچ ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی. 

دووەم: نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی ڕاستەوخۆ دەستی بردووە بۆ سێکتەرە هەرە هەستیارەکان (تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و ئاو). حکومەت بە پلانێکی داڕێژراو کەرتی گشتی (نەخۆشخانە و قوتابخانە حکومییەکان) فەرامۆش دەکات و بودجەیان دەبڕێت، تا خەڵک ناچار ببن پەنا ببەنە بەر کەرتی تایبەتی سەر بە حیزبەکان. لێرەدا خەڵک دوو جار دەچەوسێنرێتەوە: جارێک باج دەدات و جارێکیش دەبێت پارەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە گرانی و نرخێکی هەڵاوساو بدات.

سێیەم: لە نیۆلیبڕاڵیزمی کوردیدا، "مووچە" تەنیا شایستەیەکی دارایی، مافێکی یاسایی یان حەقدەستێکی کار نییە، بەڵکوو کراوەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ کۆنترۆڵکردن. پاشەکەوتی مووچە، لێبڕین و دواکەوتنی مووچە، تەنانەت نەبوونی هیچ زەمانەتێک و بیمە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ نەبوونی ژینگەیەکی شەرەفمەندانە و سەقامگیریی کارکردن، هەموویان ستراتیژێکی نیۆلیبڕاڵین بۆ ئەوەی تاک هەمیشە لە خەمی بژێویدا بێت و کات و ئیرادەی بۆ "کاری سیاسی و ناڕەزایەتی" نەمێنێت. ئەمە جۆرێکە لە "کۆیلایەتیی نوێ".

چوارەم: یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی ئەوەیە کە هیچ گرنگییەک بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (کشتوکاڵ و پیشەسازی) نادات. کوردستان کراوەتە بازاڕێکی گەورە بۆ کاڵای وڵاتانی دراوسێ لە چوارچێوەی ئابووریی بەرخۆریدا؛ لە بری کارگە، "مۆڵ" دروست دەکرێت. ئەمە وا دەکات کۆمەڵگە هەمیشە دەستبەتاڵ و چاوەڕێی دەرەوە بێت. سەرمایەی ناوخۆش لەجیاتی ئەوەی بخرێتە خزمەت ژێرخانی وڵات، دەبرێتە دەرەوە یان لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گرانبەها (شتی دیکۆری) خەرج دەکرێت.

پێنجەم: یەکێک لە کۆڵەکەکانی نیۆلیبڕاڵیزم، تێکشکاندنی هەر هێزێکی بەکۆمەڵە (وەک سەندیکاکان، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان یان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان). لە کوردستاندا سەندیکا یان نییە، یان ئەگەر هەشبێت پاشکۆی حزبە. کرێکاری کەرتی تایبەت هیچ پاراستنێکی یاسایی نییە. ئەگەر هەشبێت، لە ئەرزی واقیعدا دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاساکانی کار ناتوانن یاساکە جێبەجێ بکەن. خاوەن کۆمپانیاکان (کە زۆرجار بەرپرسەکانن) دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان کرێکار و کارمەند دەربکەن یان مافیان بخۆن، بێ ئەوەی دادگا بەکرداری بتوانێت مافی کرێکارەکە بپارێزێت. 

دەتوانین ئەمە وەک شوناس و تایبەتمەندیی نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی ببینین. هاوکات هەر کاتێک ڕەخنە لەم سیستەمە ئابوورییە نادادپەروەرە بگریت، یان ببیتە هێزێکی کاریگەر، دەسەڵات بە ناوی "پاراستنی قەوارەی هەرێم" یان "دەستکەوتە نەتەوەییەکان" ڕووبەڕووت دەبێتەوە و شەرعییەت بە خۆی دەدات هەموو توندوتیژییەک بەکار بهێنێت. 

ناسیۆنالیزمێکی ساویلکانە و ساختە دەکرێتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی شکستی نیۆلیبڕاڵیزم. خەڵک وا ئاراستە دەکرێن و وا تێدەگەیەنرێن کە داواکردنی مافی ئابووری، دژایەتیکردنی کوردایەتییە؛ لە کاتێکدا پڕۆژەی نیۆلیبڕاڵیزمی کوردی (یان باشترە بڵێین نیۆلیبڕاڵیزمی هاوپەیمانیی حوکمڕان) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەکردن لە پرسی تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی و ڕۆحییەتی نیشتمانپەروەری. 

لە بەشی دووەمدا، چەند بیرۆکەیەک بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرسیاری "چەپی کوردی دەتوانێت چی بکات؟" دەخەینە ڕوو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا