ئامادەکردنی : عەباس داودی

مرۆڤ دروستکردن : یەکێک لە مامۆستایان گێڕایەوەو  وتی : گوێزرامەوە بۆ کارکردن لە خوێندنگەیەکی سەرەتایی، بەڕێوەبەر بەرپرسیارێتی وانە وتنەوەی  پۆلی سێی، خستە ئەستۆم، و بانگهێشتی کتێبخانەی کردم، و وتی: بە راشکاوی پێت رادەگەیەنم، لە خوێندنگەکەماندا، سێ هۆبەی پۆلی سێمان هەیە، بە تەماین لەم وەرزی خوێندنەدا ، بە راوێژ لە گەڵ مامۆستایانی تردا ، کۆیان بکەینەوەو بیکەین بە دوو هۆبە، لەوانە پۆلێکیان باشترینی قوتابییەکان بێت، ئەو هۆبەیەی پۆلی سێ، کە بەڕێزتان سەرپەرشتیان دەکەن، لێیان بێئومێد بووینە، گەر بتوانی 3 ـ 4 یان پێبگەیەنێت، ئەوا ئەم کارە بۆ ئێوە جێگای رێز و پێزانینە.

وە ئەگەر دەرئەنجامی نەبوو، پێتنەکرا گازندە ناکرێی و کەس و کاری ئەو خوێندکارانە بە توانا و دۆخی پەروەردەیی منداڵەکانیان ئاشنا و بە ئاگان، کە چەندە ئاستی تێگەیشتنیان لاوازە.

هەر ئەو مامۆستایەی کە تازە گوێزرابووەوە بۆ وەرگرتنی قوتابییە کەم ئاستەکان، وتی: سبەی کە چوومە پۆلەوە  یەک .. یەک لە قوتابییەکانم پرسی، کە گەورە بووی ئارەزووی چیت هەیە و حەز دەکەی ببی بە چی..؟

هەندێکیان وتیان: ئەفسەر ، هەندێک پزیشک، هەبوو وتی: حەز دەکەم ببم بە ئەندازیار.

لە ناخەوە زۆرێک دڵخۆش بووم ، وتم: سوپاس بۆ خوا هێشتا خەونەکانیان بەدی نەهاتووە.

لە رۆژی دووەمدا کە چوومە پۆلەوە، پاش رۆژ باش لێکردن لە خوێندکارەکان، بڕیارم دا پۆلێنیان بکەم بەمجۆرە و پێیانم وت :

دەی ئازیزان، ئەوانەی وتیان ئارەزوومانە ببینە ئەفسەر لە ریزێکدا دانیشن و ئەمجار پزیشکەکان دواتریش ئەندازیارەکان لە ریزێکدا بن

دوای رێکخستن و دانیشتنی خوێندکاران بە شێوەی ریزبەندی خەونەکانیان، کتێبەکانتان دەربهێنن ئەمجارەش ئەم کارەم ئەنجام دا

لە سەر کتێبی ئەفسەر بەمشێوەیە ناوم نووسی:

رێباز: ئەفسەر

وە بۆ پزیشک نووسیم، پزیشک:  ئالان

دواتر ، ئەندازیار : شوان

ئیتر دەستم کرد بە پرۆسەی وانە وتنەوەی خوێنکارەکانم لە مێشکی خۆمدا ئەوەم پراکتیزە کرد، ئەم دەستەیە هەروەکو قوتابیانی ترن و لاواز نین، هەروەکو ناوزەد بوونە، هەڵبەت ئەوەم بەدی کرد، تیایاندا هەیە هەڵە دەکات و هەیە تەمبەڵە لە ئەنجامدانی ئەرکەکەیدا، تیایاندایە ئەرکە نووسینەکەی ناکات.....هتد

لێرەوە رۆڵی سزادان هات، بەڵام سزدانی من جیاواز بوو بە تەواوی لە شێوازی سزای مامۆستایانی هاوەڵم، لە کەسیانم نەدەدا، بە شێوەیەک ئازاریان پێ بگەیەنم.

تەنیا سزای من ئەوە بوو، نازناوەکەم لێیان دەسەندەوە، بە جۆرێک هەست بکەن ، خەونەکانیان لێ سەندراوەتەوە دەیانخستە ریزێکەوە ناوم لێ نابوو شەقام ئەم کردارەم بێزاریانی دەکرد، و دەستیان کرد بە هەوڵدان لە رێگای کۆششەوە، زیرەکی خۆیان بسەلمێنن، تاوەکو نازناوەکەیان وەربگرنەوەو بگەڕێنەوە بۆ ریزبەندی پێشوویان، تاوەکو هەست بە شەرمەزاری نەکەن.

بەمشێوەیە ئاستی فێربوونیان بەرز بوویەوە لە پۆل دا. و دەستیان کرد بە شیکردنەوەی ئەرکەکانی ماڵەوەیان پاشان خوێندنەوەی وانەکانیان بە جۆشەوە و ئەمجا ململانێی یەکتر کردن منیش لە لای خۆمەوە پاڵپشتیانم دەکرد بە هاندان و پێشکەش کردنی دیاری لە جۆری خەونەکانیان.

بە تەواو کردنی وەرزی یەکەمی خوێندن، قوتابییەکانم وایانلێهات خۆشەویستییان بۆ دروست ببێت بۆ پۆل، خوێندن، خوێندنگە، مامۆستاکەیان، تاوەکو گەیشتە ئەو ئاستەی خوێندکارم نەمێنێت لە ریزی شەقام بە کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن، خوێندکارەکانم بوونە باشترینی خوێندکارانی خوێندنگەکە، بە جیاوازییەکی زۆر و بەرچاوەوە.

بەڕێوەبەر و مامۆستایانی تر لە هاوەڵانی خوێندنگەکە، لێیان پرسیم :

بە راستی پێمان بڵێ و روونی بکەرەوە چۆن توانیتان ئا ئەمانە بەمجۆرە پێشبخەیت، بەم شێوە خەیاڵییە...؟

وەڵامم بەمشێوەیە بوو : شێوازی وانە وتنەوەم هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لە شێوازی وانە وتنەوەی ئێوەی بەڕێز، تەنیا (وام لە خوێندکارەکانم کرد بەرگری لە خەونەکانیان بکەن، تا دەگەنە سەرکەوتن)

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە