
ساڵەح مەحمود ئەڵماس
لە بنەڕەتدا پەرلەمان وەک دەزگەیەکی گرنگی سەرەکی کە هەڵبژێردراوی هاووڵاتییانە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵات و لە چۆنیەتی پەیڕەوکردنی حوکومڕانیی و ڕەچاوکردنی یاسا لە مامەڵەکردندا .
بەڵام پێچەوانە بەم ڕاستییە پەرلەمان لە کوردستان ، دەزگەیەکی بەلاخراو پەراوێزە و لەو ڕۆژەی لە دەرئەنجامی ململانێی حزبەکانی دەسەڵاتەوە پەکی کەوت و دەرگاکانی داخراو ئاشبەتاڵی پێکرا و کەس بۆی نەبوو بڕواتە ژورەوە ، ئەم دەزگەیه هیچ بەهایەکی نەما و ئیتر وەک ئەوەی نەبێ نە یاسا دەرکراو نەچاودێری دامودەزگەکانی پێکرا و نەبووە ناوەندێکی گرنگی ڕای هاووڵاتی و بایەخی نەما ، پێچەوانەش ئیش و کاری ئاسایی دەوڵەت و بابەتە یاساییەکان بێ گرفت بەڕێوە ئەچێ .
سەردەمانێک دادگای فیدرالی بڕیاری ڕاگرتنی ئیشوکاری پەرلەمانی ڕاگەیاند و ئەوەی سەپاند کە ئەو پەرلەمانە ماوەبەسەرچوە و ڕەوایەتی نەماوە لە ڕووی یاساییەوە . بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ ئەو دەزگەیە پارساڵ لە هەڵبژاردنێکی پڕ لە ململانێی ناڕێکدا ، پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و خەڵکیان خستە چاوەڕوانی دروستبوونی حکومەتێکی نوێی کارامە کە بۆشاییە یاساییەکان پڕبکاتەوە و یاسای نۆێ و کاریگەر لە بەرژەوەندی هاو نیشتمانیان دەربکات.
بەڵام بەداخەوە نەک ئەوە نەکرا بەڵکو ئەوە بۆ ساڵێک و دوو مانگە دەچێ جگە لە دانیشتنێکی یەکتر ناسین و هەندێک گفتوگۆی سەرەتای و بێمانا و وەرگرتنی موچەکانیان ، ئیتر پەرلەمان دانەنیشتەوە و بیریان چوو کە دەزگەیەکی گرنگ هەیە بەناوی پەرلەمان و ئەوانیش نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن لەو دەزگایە. لەبەرانبەریشدا خەڵک لە ئاست ئەم نایاساییە بێدەنگە و هیچ ناڵێ و وەک ئەوە وایە ئەو پەرلەمانە دەرئەنجامی دەنگی ئەوان نەبێ کە هەرجارەو بەجۆرێک ئیفلیج ئەکرێت ، بۆیە لێممەگرن گەر وابیرئەکەمەوە چونکە لێرە ئەوەندەی عەقڵی هۆز و تایفە و سەرۆک عەشیرەت(لەگەڵ ڕێزمدا) باڵادەستتر و خاوەن بڕیارە ، ئەوەندە خەڵک گرنگی و سەنگی خۆی نییە و نەیتوانیوە هاوشێوەی ساڵانی رابوردو ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و ببێتە فشار بەسەر دەسەڵات و پەرلەمانەوە.