رابەر تەڵعەت 

کاتێک کە سوریا و ئیسرائیل، بە نێوەندگیریی ئەمریکا؛ خەریکی دانوستانن لە پاریس؛ هێزەکانی شەرع هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب! گرژییەکانی حەلەب، لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، دەرئەنجامی چەقبەستوویی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدەیە بۆ نێو سوپای نوێی سوریا.

ڕێککەوتنی ئاداری ٢٠٢٥، گەیشتووەتە بنەبەست.هەردوولا پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتر درێژ دەکەن. حکومەتەکەی شەرع ئەم هێرشە بە "ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی سنووردار" ناو دەبات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، و هەزاران هاوڵاتیی سیڤیلی ئاوارە کردووە . 

هاوکات؛ دانوستانەکانی پاریس و پێکدادانی حەلەب رێککەوت نییە. حکومەتەکەی شەرع لە ژێر فشاری نێودەوڵەتییدا، دەیەوێت بیسەلمێنێت کە دەتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەی بکات. ئەمەش مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی وەک لایەنێکی باوەڕپێکراو لە دانوستانەکاندا دەربکەوێت، بەتایبەت لەگەڵ ئیسرائیل کە داوای ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە باشووری دیمەشق دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، ئۆپەراسیۆنی حەلەب تەنها هەوڵێک نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوو گەڕەک، بەڵکو نمایشێکی ستراتیژییە بۆ نیشاندانی هێز و ویستی حکومەتی ناوەندی. 

بۆ ئەمریکا، وەک نێوەندگیر، حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز لە دیمەشق کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە، ئامانج ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران. لەم سۆنگەیەوە،  فشارخستنە سەر هەسەدە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت لەگەڵ ئامانجەکانی واشنتۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناسەقامگیری یەکدەگرێتەوە. ئەمەش پشتیوانی ئەمریکی بۆ هەسەدە مەرجدار دەکات. ئۆپەراسیۆنی سەربازی دیمەشق لە حەلەب، لەم چوارچێوەیەدا، وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی دانوستانی خۆی لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا لێکدەدرێتەوە. 

داهاتوو ئاڵۆزە. ئەگەری پێکدادانی فراوانتر لە نێوان هەسەدە و حکومەتەکەی شەرعدا ڕووبدات. ئەمەش مەترسییە بۆسەر  پێگەی کورد و لەدەستدانی ئەو دەستکەوتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستهاتوون. حکومەتی شەرع،  بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ یەکپارچەیی سوریا، لەوانەیە فشاری زیاتر بخاتە سەر هەسەدە. 

لە دۆخێکی وەهادا، بژاردەکانی بەردەم ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا زۆر نین!  یەکەم، ئەگەر دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەستپێبکاتەوە،  چ داهاتوویەک چاوەڕوانی خۆبەڕێوەبەریی کورد دەکات؟  دووەم، ئەگەر  کورد خۆی وەک بەشێک لە چارەسەری سەرتاسەریی سوریا نیشان بدات، ئایا چ رۆڵ و پێگەیەکی لە پرۆسەی سیاسی سوریای نوێدا دەبێت؟ سێیەم، چۆن بتوانرێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و هێزە ئەوروپییەکان بەکاربهێنرێن بۆ ئەوەی فشار بخرێتە سەر دیمەشق تا پابەندی بەڵێنەکانی بێت و مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا بپارێزرێت؟ لە هەموو حاڵەتەکاندا؛ خۆبەدوورگرتن لە ڕووبەروبونەوەی سیاسی و سەربازی و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی پراگماتی، باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی سیاسیی سەقامگیر.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا