مرۆڤ و پەروەردە

بەشی شەشەم/ پلاندانان

مرۆڤە سەرکەوتووەکان لە ژیانى خۆیاندا, خەون و ئامانجى گەورەیان هەیە, بۆ گەیشتن بە خەون و ئامانجەکانیشیان, هەوڵى بەردەوام دەدەن, شەونخونى دەکەن, ڕێگە و ڕێبازى جیاواز دەگرنەبەر, پێشوەختە پلان و بەرنامەى تۆکمە و پتەو ئامادەدەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

پلان, خۆ ئامادەکردنێکى پێشوەختەیە بۆ ئەنجامدانى کارێک. دەکرێ بڵێین, پلان نەخشەڕێگایەکە بەرچاوڕوونیمان دەداتێ بۆ گەیشتن بە مەبەستە دیاریکراوەکەمان. پلان, کارنامەیە, پێمان دەڵێ چی بکەین و چى نەکەین. پلان, تێڕامان و تێهزرین و بیرکردنەوەى مرۆڤە دەربارەى شتێک. پلان, پراکتیزەکردنى هزرى مرۆڤە, مرۆڤ بەرەو ئەوخالە ئاراستە دەکات کە مەبەستیەتى پێى بگات. ئەستەمە بتوانین لە ئیش و کارەکانمان سەرکەوتووبین و ئەنجام و بەرهەمى باشمان هەبێ, بێ ئەوەى پلان و بەرنامەى پێشوەختەمان هەبێت. ئامانجەکان بەدى نایەن بەبێ خۆئامادەکردن و دانانى پلانێکى ڕوون و ڕێک. بێ پلانیى, مرۆڤ شپرزە و پەشۆکاو دەکات. بێ پلانیی دەبێتە هۆى بێ سەروبەرى و ناڕێکى ئیش و کارەکان. دەروازەی هەموو سەرکەوتنەکانی مرۆڤ، پلاندانانە.

لە پەروەردەوفێرکردندا پلان ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر دەگێڕێت بۆ بەدیهێنانی خەون و ئامانجەکان.

مامۆستاى سەرکەوتوو و پەروەردەیی, ئەو مامۆستایەیە, کە پلانى هەیە بۆ چۆنیەتى وانەگوتنەوە, پلانى هەیە بۆ ئەوەى پرۆسەى فێربوون بە باشترین شێوە ڕوو بدات. مامۆستاى ڕاستەقینە و دڵسۆز و سەرکەوتوو, ئاوات و ئامانجى هەیە. ئامانجى مامۆستاى پەروەردەیی, پەروەردەکردن و پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و هۆشمەند و زانستخواز و داهێنەرە, بۆ بەدیهێنانى ئاوات و ئامانجەکانیشى, پلانى تۆکمە و تایبەتى خۆى هەیە.

مامۆستا دەبێ لەسەرەتاى هەموو ساڵێکى خوێندن, پلانى ساڵانەى خۆى دابنێ, دەبێ هێلەگشتییەکانى پلانەکەى دیارى بکات, ئامانجە گشتییەکان دەستنیشان بکات. مامۆستا دەبێ بزانێ لە ماوەى ئەو ساڵەى خوێندندا دەیەوێ چى بکا و چۆن پلانەکەى جێبەجێ دەکات. مامۆستاى لێزان, بە شێوەیەک پلانەکەى دادەڕێژێ و کارى بۆ دەکا, کە لە کۆتایی ساڵدا گۆڕانگارى دیار و بەرچاو لە ڕەفتارى قوتابییەکانى بەدى بکرێت. لەهەمان کاتدا, مامۆستا دەبێ پلانى ڕۆژانەى هەبێ. مامۆستا پێش ئەوەى بچێتە پۆلەوە, دەبێ باش خۆى ئامادە کردبێ, دەبێ وانە و بابەتەکانى ئەو ڕۆژەى باش تەتەڵە کردبێ. نابێ مامۆستا بە دەستبەتاڵى بچێتە پۆلەوە و نەزانێ بابەتى ئەمڕۆ چییە و چى بە قوتابییەکانى دەڵێ. ڕەنگە مامۆستایەکى بەڕێز بڵێ, من ئەوە چەندین ساڵە وانە دەڵێمەوە و هیچ کێشەیەکیشم نییە, هەموو ساڵێکیش پرۆگرامى خوێندن تەواو دەکەم, پلانم بۆ چییە؟ لە وەڵامى ئەم قسەیەدا دەڵێم: پلان, بۆ گەیشتنە بە ئامانجەکان. ئامانجى سەرەکى مامۆستاى ڕاستەقینە و دڵسۆز, پەروەردەکردن و پێگەیاندنى نەوەیەکە بۆ ئاییندە. ئامانجى پرۆسەى پەروەردە, تەنها گواستنەوەى زانیارییەکانى ناو پرۆگرامى خوێندن نییە بۆ مێشکى قوتابى. ئامانج لە پرۆسەی پەروەردە تەنها تەواکردنی پرۆگرامی خوێندن نییە. چاوەڕوانییەکان لە مامۆستا, زۆر لەوە گەورەترن, کە تەنها لە بەسەربردنى چەند خولەکێک لەناو پۆل و هەڵدانەوەى لاپەڕەى کتێبەکان و تەواوکردنى پرۆگرامى خوێندن چڕ بکرێتەوە. ئامانجە پەروەردەییەکان زۆر لەوە گەورەترن.

زۆرینەی مامۆستایان، پلان تەنها بۆ ڕازیکردنی کارگێڕی قوتابخانە و سەرپەرشتیاران دادەنێن، نەک بۆئەوەی گەشە بەلایەنی هزر و ڕەفتار و فێربوونی قوتابییان بدەن.

پلانی دروست و ڕاستەقینە، ئەو پلانەیە کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی زانستی قوتابییەوە هەبێت. پلانی باش ئەو پلانەیە کە گۆڕانکاری بێنێتە کایەوە.

مامۆستاى سەرکەوتوو, پلانى بۆ ئامانجە نیشتیمانى و نەتەوەییەکان هەیە, پلانى بۆ چارەسەرکردنى کێشە دەروونى و کۆمەڵایەتییەکانى قوتابییەکانى هەیە, پلانى بۆ پاراستنى ژینگە هەیە, پلانى بۆ باشترکردنى ئاستى زانستى و فێربوونى قوتابییەکانى هەیە.  مامۆستاى پەروەردەیی و ڕاستەقینە, پلانى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى قوتابییەکانى هەیە. تەنانەت مامۆستای سەرکەوتوو، پلانی بۆ خۆشارەزاکردن لە بوار و پسپۆرییەکەی خۆیشی هەیە.

ئەمانەى کە باسم کرد, چۆن بەبێ پلانى پێشوەختە و بێ بەرنامەڕێژى و خۆئامادەکردن دێنەدى؟ چۆن هەر بە گۆترە و هەڕەمەکى و وا بە ئاسانى و ساکارى دێنەدى؟

لەبەرئەوە دەڵێم, مامۆستاى سەرکەوتوو, ئامانجى گەورەى هەیە, ئامانجى گەورەش, بە پلانى تۆکمە و بەهێز دێتەدى.

بێ پلانى, نیشانەى بێ دیدگایی و بێ هزرى ئەو کەسە دەردەخات. کەسێک, لە ژیانى تایبەتی خۆیدا, هیچ پلان و بەرنامە و ڕێکخستنێکى نەبێ بۆ کاروبارى ڕۆژانەى خۆى, هیچ پلانێکى نەبێ بۆ ژیان و گوزەران و ئێستا و داهاتووى خۆى, هەر پەرێشان و سەرگەردان و ماڵوێران دەبێ. خێزانێک, ئەگەر بێ پلان و بێ مشوورخۆر و بێ تەگبیر بن, بێ گومان ئەندامەکانى پەرتەوازە و پەرش و بڵاو و بێ نەوا دەبن. لەسەر ئاستى باڵا, ئەگەر وڵاتێک هەر چەند دەوڵەمەند بێت لە سامانى سەر زەوى و ژێر زەوى, حکومەتەکەى پلانى تۆکمە و پێشکەوتووى نەبوو بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت, تووشى دەیان کێشەى سیاسى و ئابوورى و ئاسایشى دەبێتەوە.

لەبەرئەوە, پلاندانان بۆ هەموو کارێک و بۆ هەموو کەسێک گرنگى و کاریگەرى خۆى هەیە. وەک لەپێشتر باسمان کرد, بەتایبەت بۆ پەروەردەکاران, پێویستییەکە دەبێ بەهەند وەربگیرێ.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا