نووسینی: هیوا عومەر

بەشی سێیەم

 

لە چوارچێوەی بەرەو بەکۆمەڵایەتیکردنی پڕۆژەی چەپی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنی هێز و تواناکان بە ئاراستەی پرۆژەیەکی جێگرەوەی واقیعی؛ لە کۆتایی ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٥، مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان لە شاری سلێمانی وەک دەسپێک و هەنگاوی کرداری، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ڕۆشنبیران، هەڵسووڕاوانی سیاسی، چالاکوانان، مامۆستایانی زانکۆ و ئەو کەسایەتییانە ڕێکخست کە بوونەتە ڕەمزی ناڕەزایەتیی بزافە کۆمەڵایەتییەکان.

 یەکەم: خۆبەرهەمنەهێنانەوە لەسەر وێنەی دەسەڵات

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە درککردن بەوەی کاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان لە زۆر لایەنەوە پێویستی بە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و هەڵسەنگاندنە، بووەتە زەروورەت؛ چونکە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان، خۆبەرهەمهێنانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە لەسەر وێنەی دەسەڵات، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە ڕەنگی داوەتەوە.

 خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە، هاوکار دەبێت بۆ سەرڕێخستنی پرۆژەیەک کە لە جەوهەردا هەڵگری ئایدیا و جێگەی ئومێد و توانای بەردەوامی بێت، نەک لە ماوەیەکی کورتدا وەک نموونەکانی پێشووی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەزوویی گەورە ببێت، بەخێرایی گەشە بکات و هیوا دروست بکات، بەڵام هەروەها بەخێراییش بپووکێتەوە و نائومێدی بڵاو بکاتەوە، کە لە دەرەنجامدا لە خزمەتی هێزە دەسەڵاتدارەکان و بڵاوبوونەوەی نائومێدیی زیاتری فەزای گشتیدا دەبێت.

 دووەم: قەیرانی بەبنەماڵەکردنی ئۆپۆزسیۆن

مانەوە و قەتیسبوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە چوارچێوەی بنەماڵە سیاسییەکان هاوشێوەی هێزەکانی دەسەڵات، یەکێکە لە قەیرانەکانی ئۆپۆزسیۆن. ئەوەش وایکردووە لە ماوەیەکی کورتدا هەمان مۆدێلی هەرەمی بیرۆکراتی، غیابی دید و پرۆژە و خولانەوە لە بازنەیەکی بەتاڵ دروست بکات. لەگەڵ هەر لێدانێک یان نەمانی ئەو ڕەمزانە، تەواوی هێزەکە بەرەو پووکانەوە و لەناوچوون دەچێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی هیچ بنەمایەکی ڕێکخراوەیی لە دامێنی کۆمەڵگەوە بۆ بەهێزکردنی هێزە پەراوێزخراوەکان؛ کاتێک هەرەمە بیرۆکراسییەکە دەڕوا، بەدوای خۆیدا ئەوانی تریش ماڵئاوایی دەکەن.

 سێیەم: گوتاری ڕق، ئایینی و پۆپۆلیستی (شەعبەوی)

بەکارهێنانی گوتاری ئایینی، ڕق و پۆپۆلیستی وەک ستراتیژییەتێک لەناو زۆربەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە جێگەی هەر پرۆژەیەکی تری فیکری کە توانای بیناکردنەوەی مرۆڤ و چارەسەرکردنی فیکری و عەقڵانیی قەیرانەکانی هەبێت، یەکێک بووە لە قەیرانەکانی بەردەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. ئەمان هاوشێوەی دەسەڵات ئەم گوتارەیان بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەری سادە و گەیشتن بە ناوەندە پەراوێزخراوەکان، لە کاتێکدا ئەو ناوەندانە خۆیان قوربانیی هەمان پرۆژەی سیاسین.

 چەندین بابەتی تری وەک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و پرسە چینایەتی و نیشتمانییەکان، پێویستی بە تێگەیشتن و گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگایەک هەیە کە بتوانێت لە دەرەوەی یاریی پایتەختەکانی وڵاتانی دراوسێ و بەغداش بێت. ئەمەش ڕەهەندی نیشتمانی و ڕەسەنایەتی و خۆماڵیبوونەوە و ڕۆحیەتی ئازادیخوازی دەبەخشێتەوە بە بزاف و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تا پرسی ئازادی لە دۆخی ڕق و کاردانەوەوە بگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی هزری و جڤاکی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا