زیرەک کەمال

 ئای چۆن سەرم لە ناسکە سوڕماوە، کە چەندە هێمن و ئارامە؟ هێندە جوان دەنوێنێت دەڵێی شەونمی سەرپەڕەی گوڵە. هەردەڵێی ئاسکی سەر تاشەبەردی هەرد و چیاکانە. ئێوارەیەک سەری خەیاڵم خستبوە سەر ئەژنۆی تەنیایی، لەپڕ ناسکە بە ڕووێکی گەش و پێکەنینێکی سیحراوی، گوتی: پیاوەکە ئەم ئێوارەیە چوومە مەولودێک، ئافرەتێکی بەژن بڵند، کە ناوی (فاتمی مەولودخوێن) بوو. فاتم شیعر و شانامەی مەوعیزەی ئاینی بۆ ژنانی کۆڕی مەولوود دەخوێندەوە. دوای مەولوودنامەکە، گوتی: ئەی مەحشەری ژنان، پەڵپ و بیانوو بە پیاوەکانی خۆتان مەگرن. بۆ هەمووشتێک بە بەڵێ قوربان وەڵامی داواکاری و خواستی مێردەکانتان بدەنەوە. خۆ ئەگەر نیازی ئەوەیان هەبوو ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمیش بهێنن، تووڕە مەبن و خۆتان بڕۆنە خوازبێنی و تەدارەکی گواستنەوەشیان بۆ ساز بکەن، چونکە (خوای تەباڕەکوتەعالا ) خۆی ئەمری کردووە و ڕێگای داوە، ئاخر حئێمەی مرۆڤیش عەبدی خواین و بیریشتان نەچێت ئێمەی ژنان جگە لەوەی عەبدین حورمە و زەعیفەشین و لە دەقی قورئانیشدا هاتووە (الرجال قوامون علئ النساء). مەلاژن لە قسەکردن گەرم بووبوو، لەپڕ ئافرەتێک کە ناوی ئامە بوو، لەناو ئامادەبووان ڕووی لە مەلاژن کرد و گوتی: مامۆستا خۆشحاڵم کە ئەوە قەناعەتی تۆیە بەرامبەر پرسی دووژنە، چونکە من دووساڵە بە نهێنی ژنی دووەمی حاجی قادری مێردی تۆمە و بڕیاریشم دا دوای ئەم کۆڕە وەکو ژنی دووەم دێمەوە ماڵی ئێوە و لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی خودای مەزن، وەکوو هەوێ لەگەڵ تۆدا دەژیم، هەمووان تەماشای مەلاژنیان کرد، حەپەسان. مەلاژن کە ئەو قسەیەی گوێ لی بوو، سەرەتابورایەوەو کەوتە سەرپشت و کەفی سپی هەڵدا. دوای ئاوپژان بەدەم و چاویدا، هاتەوە هۆش خۆی و ئینجا پڵنگ ئاسا پەلاماری ژنەکەی دا و بەوێنەی ئاسک خستیە ژێر چەپۆکی خۆی. هەموو ژنانی ئامادەبوو نەیانتوانی ئامە لەژێر دەستی مەلاژن دەربهێنن. قیژە و هاواری ژنان، گەڕەکی تێگەیاند و بۆیەش پیاوان هاتنە ناو شەڕەکەوە. حەمەشۆفڵ کە خەڵکی پێیان وابوو هێزی شۆفڵی هەیە، چووە ناوبژی، بەڵام بە یەک بۆکسی مەلاژن، بە پشتداکەوت. سالەی دێوبەزێن کە لەکەژ و کێوان، چەندین ورچ وکەرکەدەنی بەدەستی خۆی خنکاندبوو، ئەویش ویستی ئامە لەژێر دەستی مەلاژن ڕزگار بکات،بەڵام مەلاژن زللەیەکی خێواندە بناگوێی، سالە نەمردی نەزیندی کەوتە ئەوگۆڕەی. عەزەی چوارشانە، کە خەڵکی لە بەهێزییدا هۆگن و عەدنان قەیسیان پێ دەگوت هاتە پێشەوە، بەڵام عەزە کە فاتەی مەولودخوێنی بەو هێز و ڕق و شەڕاویە بینی، یەکسەر کشایەوە و هەڵات. دواتر ئامادەبووان بیریان لەوە کردەوە گوریسێک بهێنن و بە فێڵێک لەناوقەدی مەلاژنی گیر بکەن و بەهەمووان گوریسەکە ڕاکێشن، بەشکو ئامە بە زیندووی لەبن دەستی مەلاژن دەربچی. دوای ئەوە منیش وەکو بڵێی شەیتان زەفەری پێ بردبم، گوتم ناسکە پێم بڵێ مەلاژن بۆ وای کرد، خۆژن ژنی نەخواردووە، من ئەوەم گوت بەس نازانم قسەکەم تەواو کرد یان نا، ناسکە بەهێزی دوو پڵینگ پەلاماری دام، هەرچۆنێک بێت غیرەتم وەبەرخۆمدا و لەدەستی هەڵاتمە ژووری میوانان و دەرگام لەسەر خۆم قوفڵ دا. لەودیو دەرگاوە بە وێنەی هەتیوێکی بێ بەرگ و نان، گوتم: ناسکە هەڵەم کرد بمبوورە. ناسکە گوتی: مەحاڵە بتبورم. ئاخر ئێوەی پیاوان کە پەی بە کچێکی هەرزە دەبەن قۆڵی دەبڕن، کە دەوڵەمەند دەبن بە دزی ژنی دووەم دەهێنن، کە دەبنە مەسئول گەندەڵی دەکەن. بڕوا بکە منیش نیازی دەست کردنەوەم هەبوو، بەڵام بڕیار وا بوو سبەی کۆمەڵەی پیاوانی ئازا کۆڕێکم بۆ ساز بکەن بە ناوی (پیاوی پاڵەوان) منیش لەو ترسام چڕنووکی ناسکە بەدەم وچاومەوە دیاربێت، بۆیە تا درەنگی شەوێ و تاکوناسکە نە نووست، لە ژووری میوانان نەهاتمە دەرێ. بڕوابکەن من لەناسکە ناترسم بەڵکو هەرخۆم شەڕاوی نیم ،!

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا