
كاوە مەحموود
پەرەسەندنەكانی ڕەوشی نوێی رۆژئاوای كوردستانو، بەرەنگاربوونەوەو سەركەوتنی لایەنی كوردستانی بە پشتگیری جەماوەری خۆڕاگر لە داستانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی سوپاو مێلشیاكانی جۆلانی، كە ناوەندی نێودەوڵەتیو هەرێمایەتیو، بەفراوانیش میدیاو دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە عەرەبییەكان كە ئەركیان بۆتە داپۆشینی تاوانو پەلاماردانی وەحشیگەرانەی داعشە كۆنەكان، كە ئەمڕۆ بە فەرمی بەرگی سوپای سورییان لەبەردایەو، پشتگیری مادیو مەعنەویو چەكو پارە لە ناوەندی هەرێمایەتیو نێودەوڵەتی وەردەگرن، بابەتێكو ڕووداوێك نییە، كە كارتێكردنێكی سنوورداری لەسەر دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوادا هەبێت، چونكە هاوكات لەگەڵ بەرخودانی ڕۆژئاوا، كارتێكردنو لێكەوتەكانو ئاكامەكان ڕەوشێكی چلۆنایەتی نوێی سیاسیو كۆمەڵایەتی لە بواری هزرو بیركردنەوەی سیاسیی لە ئاست بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستانی هێناوەتەكایەوە.
ڕەوشی نوێو هێزە كۆمەڵایەتییە بزوێنەرەكانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان، لەم هەلومەرجەو لە گۆڕەپانی كردەیی تێكۆشاندا، ڕۆڵی پێشڕەوییان بینیو، پێش حزبی سیاسی كەوتنو، چەمكی نوێیان بەرهەمهێناوە، كە دەتوانین بڵێن جگە لە بنەماو پرنسیپە سەرەكییەكان، قۆناغێكی نوێیە لە شوناسی ناوخۆیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەكەمانو، ئەم قۆناغە نوێیەش ئەركو بەرپرسیاری نوێ دەخاتە سەر لایەنەكانی ئەم بزووتنەوەیە لە باشوورو تەواوی كوردستاندا.
ئەگەر تەماشای سەرجەم ڕووداوە شۆڕشگێرییەكان لە ئەزموونی جۆراجۆری گەلانی جیهان بكەین، گۆڕانكاری لە بۆچوونو لە ڕیزبەندی چەمكەكانو كارتێكردنو قورسایی پێكهاتەو توێژە كۆمەڵایەتییەكان لە بەرەی هێزی گۆڕانكاری بەدیدەكرێت.
هەر بۆ نموونە ئەگەر بەهاری پاریس 1968 بە وەرچەرخانێكی چلۆنایەتی لە هزری سیاسی دابنرێتو، سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەو كاتە دەستبژێری سیاسیو هزری لە فەرەنسا چەندین بابەتی توێژینەوەیان ئەنجامدا، ئەوا بەرخودانو بەرەنگاربوونەوە لە ڕۆژئاوا بەهاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستانە بە گشتیو زیندووبوونەوەی بنەما ڕەسەنەكانو بەرهەمهێنانی نوێخوازیو نوێگەرییە، كە دەتوانین بڵێن قۆناغێكی نوێیە لە وەڵامدانەوەی گومان لە ئامانجەكانو لێڵی لە ئاراستەكانو وونبوون لە دەستنیشانكردنی ناكۆكی بنەڕەتیو ململانێی سەرەكیو، سەرلەشێواوی لە گەڵاڵەكردنی ئەركەكان. جێگرەوەی ئەمەش پێویستی بوونی خوێندنەوەیكی بابەتیو ستراتیجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلەكەمانو پەیڕەوكردنی تەكتیكی گونجاوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە بنەماو پرنسیپە ڕەسەنەكانو، ئەو چەمكانەی، كە لە ڕەوشی ڕووبەڕووبوونەوە بەرهەمهات چین؟
1ـ ڕووداوەكان سەلماندیان، كە ناكۆكی سەرەكی بریتییە لە بەردەوامبوونی دوژمنو نەیارانی گەلی كوردستان لە ئاراستەی زەوتكردنی مافە ڕەواكانمانو، ململانێی سەرەكی بریتییە لە ململانێی هێزی شۆڕشگێرو بزوێنەری گۆڕانكاری كە بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان بێت دژ بە دوژمنو چەوسێنەرە جۆراجۆرەكانی گەلی كوردستانو، ناكرێ ئەم ململانێیە سەرەكییە بكرێ بە قوربانی بەردەوامبوونی ململانێی ناوخۆیی لاوەكی، یان بۆچوونی ئایدیۆلۆجی جیاواز لە ڕیزی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان.
2ـ هاوكات لەگەڵ خۆڕاگریو نەبەردی لە بەرەكانی بەرەنگاربوونەوەو بەرخوادان لە ڕۆژئاوادا، هەماهەنگیو پشتگیری جەماوەری خەڵكی كوردستان لە سەرجەم كوردستان (باشوور، باكور، ڕۆژهەڵات، هەندەران)و، بوونی باشوور بە قوڵایی كردەیی پشتگیریو بەهێزكردنی گیانی بەرەنگاربوونەوەو، تەنانەت بوون بە لایەن لە گفتوگۆو جموجۆڵی دیبلۆماسیو، پەیوەندیكردن بە ناوەندی نێودەوڵەتییەوە، ئاماژەكردنە بەوەی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانی یەك ئاسایشە.
3ـ جەماوەری خەڵكی كوردستان لە ڕێگای كۆمەكی جۆراجۆری مادیو مەعنەوەیو تەنانەت ئامادەبوونی بەشداری لە بەرەكانی موقاوەمەت دیسانەوە ڕاستی یەكبوونی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانی سەلماند.
4ـ درووشمەكانی جەماوەر، بنەماو پرنسیپە ڕەسەنەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستانی خستەرٍوو لەوانە: یەكە، یەكە، یەكە، گەلی كورد یەكەو، ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە... كوردستان یەك وڵاتە.
5ـ چەمكی نوێو بەرهەمی نوێی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان كارابوونی بەشداری ژنانو لاوانە، لە پرسی نیشتمانی كوردستانو، درووشمی: ژن، ژیان، ئازادی، نموونەیەكی بەرچاوی ئەو ئاراستەیە بوو، بە جۆرێك ژنانو لاوان جگە لە بەشداری بەرەی شەڕ، سەركردایەتی گردبوونەوەو خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانیان كرد.
6ـ كوردستانیان بە كردەوە سەلماندنیان، كە نەتەوەنو، سەرجەم ئەو بۆچوونو ئاراستانەی، كە بە دۆگمایی دەڕوانێتە پێناسەو مەرجی نەتەوە لە دەقە چەقپەستووەكاندا، خەڵكی كوردستان لە بەرەكانی شەڕی موقاوەمتو لە گۆڕەپانەكانو گردبوونەوەكانی بەرەنگاربوونەوەدا، بە شێوەیەكی كردەییو واقیعی پێناسەی شوناسی خۆیان وەك نەتەوەیەكی یەكگرتوو كردو، سنووری سەپێنراویان لە نەخشەو لە دەستەواژەكان سەبارەت بە پێناسەكردنی نەتەوە لە قوتابخانە هزرییە جیاوازەكاندا بەزاند، تا ئەو ڕادەیەی كە كۆمەكی خۆراكو پێداویستییەكان كە كوردستانیان بۆ رۆژئاوایان نارد كۆمەكی بزەیی ئایینی یان مرۆیی نەبوو، بەڵكو ئەركی نەتەوەیی بوو.
7ـ ئاكامی بەرنگاربوونەوەو بەرخودان لەو كاتەوەی هێرش دژ بە گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا دەستیپێكرد، تا ئێستا كە بێگومان لە كەڵەكەبوونی ئەزموونی تێكۆشان لە سەرجەم كوردستان دانابڕێت، بریتییە لە نوێبوونەوەی شوناسو ناسنامەی نەتەوەیی كوردستانیو، بەرهەمهێنانی ڕینێسانسی كوردستانی. لە كاتێكدا نوێگەریو مۆدێرنەتی ڕۆژئاوا لە ئاكامی سیاسەتی حوكمرانەكانەوە شەرعیەت بە كەسانی تیرۆرست دەدەنو حوكمی دەوڵەتانیان تەسلیم دەكەن هەروەكو لە ئەفغانستانو سوریا كردیانو، لە جیاتی ئیستبدادی نەتەوەی سەردەست ئیستبدادی ئایینی بە جێگرەوە دەكەنو، تەنانەت بە ڕووكەشیو سەرزارەكییەوە باس لە دیموكراسیو مافی مرۆڤ ناكەنو، سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی بازاڕو ناوچەی هەژموونو باس لە بەرژەوەندییە زیندووكانیان دەكەنو، ئا لەم كاتەدا گەلی كوردستان وەك نەتەوە، نوێگەریو مۆدێرنەتەی خۆی لە بەرەكانی بەرەنگاربوونەوەو بەرخودانو، بە جموجۆڵو چالاكیو درووشمەكانی ژنانو لاوانو سەركردایەتیكردنی تێكۆشانو پەروەردەكردنی منداڵەكان بە گیانی كوردستانیبوون، تۆمار دەكات.
8ـ خوێندنەوەی ڕەوشی سیاسیو پەرەسەندنی ڕووداوەكان جارێكی دیكە دووپاتی ئەوە دەكاتەوە، كە حزبو لایەنە سیاسییەكان، دووربن لە درووشمی پۆپۆلیستیو بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتیو، پێویستە لە ئاستی گۆڕانكاریو پێشهاتە نوێكان بنو، بەربەستو ئاستەنگەكانو شاڵاوی دوژمنو نەیارانی گەلەكەمانو بەردەوامبوونییان لە زەوتكردنی مافەكانی گەلەكەمان كۆتایی نەهاتووەو، ئاشتیو ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ پەیڕەوكردنی مافی ڕەوای گەلی كوردستان نایەتەدیو، لە ئێستاو بۆ ئاییندەش ئەركەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەكەمان لە سەرجەم كوردستان كۆتایی نەهاتووەو، گرنگە مافی بڕیاردانی چارەنووسو بژاردەی سەربەخۆیی لە ستراتیجی سەرەكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەكەمان بێت.