نوسین/ زیرەک کەمال

 

دەگێڕنەوە ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، قەیرانێکی کوشندە ڕووی لە یەکێک لەو وڵاتانەی دەوروبەرمان کردبوو، وەک بێکاری، بێئاوی، بێکارەبایی، ناسەقامگیری سیاسی، شەڕە دندوک و ململانێی بێمانای ڕۆشنبیر و نووسەر و سیاسیەکان، گەندەڵی، داتەپینی ژێرخانی ئابووری و بێمووچەیی، دزی و ڕێگری و زۆر دەردی دیکەش، وەک کۆمەڵێک کێشە و پەتا و نەخۆشی کوشندە، بەربینگی خەڵکی گرتبوو. ئەو دەردانە چۆکیان لەسەر سینگی دانیشتوانی گوند و شاری ئەو وڵاتە داکوتابوو.

لە دەرەنجامی ئەو قەیران و کێشانە، ڕووت لە هەر شوێنێک بکردبا؛ بێزاری و داد و بێدادی خەڵکت دەبیست لە دژی سیاسیەکان و دەسەڵات و ستافی بەڕێوەبردنی وڵات. لەو لاوە، دەسەڵاتیش کۆمەڵێک نەخشە و پلانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و ئابووریانە داڕشتبوو، بۆ نموونە: دەسەڵات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو، فرۆشتنی شەربەتی لە بازاڕەکان قەدەغە کرد و بڕیاریشیاندا خەڵکی لە جیاتی بەکارهێنانی ئاو بۆ دەست نوێژ هەڵگرتن، تەیەموم بکەن.

 بڕیارێکی تریش ئەوە بوو خەڵکی بۆ ڕیشتاشین، لە جیاتی ئاو، تفی دەمیان بەکاربێنن! بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی قەیرانی کارەباش، حکومەت بڕیاریدا خەڵکی شەوان لە ماڵ نەیەنە دەرەوە و بەڕۆژ هەموو ئیشەکانیان بکەن. هەروەها، دەسەڵاتدارانی وڵات بڕیاریاندا بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەژاری و برسییەتی، لەسەر ئەرکی بەرگدورەکان، سەر و بەڕکێک، واتا گیرفانێکی گەورە بە مەبەستی سواڵکردن بۆ یەک بەیەکی هەژارانی وڵات دروست بکەن. بۆ نەهێشتنی بێکاریش، پاشای وڵات بڕیاریدا هەموو خەڵک پێنج فەرزە دوای تەواوبوونی نوێژ، دوعای لەناوچوونی ئیسڕائیل بکەن! هەروەها، بەو پێیەی دەسەڵات لە خەمی نەهێشتنی ئەو قەیرانە کوشندانە دابوو، کە بەرۆکی وڵاتیان گرتبوو، بۆیەش، لەبارەی گرانی نرخی کەلوپەلەکانی بازار بڕیارییاندا داوا لە مامۆستایانی ئایینی بکرێت ڕۆژی هەینی لە هەموو بڵندگۆکان بگوترێت: غەزەبی خوا لەو کەسانە، کە گرانی دەخەنە بازاڕ و لەو ڕێگایەشەوە باری سەر شانی خەڵک قورس دەکەن!

هەروەها، تایبەت بە ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو دزی و فزیەی شەوانە و هەروەها ڕۆژانەش کە بە بەرچاوی حکومەتەوە لە چین و توێژەکان و یەک بەیەکی خەڵکی وڵاتەکە دەکران، بڕیاریاندا دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی وڵات، کۆبونەوەیەک لەگەڵ دزەکان بکەن و پێیان بڵێن: عەیب و شورەیە، واز لە دزی بهێنن و چیتر دزی مەکەن، ئەگینا لێتان عادز دەبین!

هەروەها بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەش، کە حکومەت شەش مانگ جارێک موچەیەکی دەدا، پاشای وڵات لە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی گشتیدا داوای لە موچەخۆران کرد، لە بەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان سەبر بگرن، چونکە دەمێکە گوتراوە: العجلة من الشيطان والصبر من الرحمن!

لە هەمووی سەیرتر، دوای ئەوەی پاشای وڵات پەیامەکەی بڵاوکردەوە، بڕیاریشیدا ڕۆژی بڵاوکردنەوەی پەیامەکە بکرێتە ڕۆژی سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکان و ئیسڕائیلدا. لە ڕاستیدا شتێک هەبوو ئێمە تێنەگەیشتن، پاشا لە کۆتایی قسەکانیدا، یەک‌بەخۆی دایە پڕمەی گریان. کاتێک ڕاوێژکاری دەستەڕاست پێی گوت: پاشای وڵات، لە خوا و حیکمەتی تۆ بەزیاد بێ، نەخشە و پلانێکی وردت داڕشتووە بۆ نەهێشتن و ڕوبەڕووبونەوەی یەک‌ بەیەکی قەیرانەکان، ئێستا پێمناڵێی، بۆچی دەگریێی؟

پاشا لە وەڵامدا گوتی: گریانی من بۆ ئەوەیە، ئەگەر من نەمام، ئەو میلەتە چی بەسەردێت؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا