
حیزبی سیاسی دەرهاوێشتەی قۆناغی ژیانی مۆدێرن و پرسێكی دانەبڕاوە لە دیاردە هزری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان. ئەم چەمكە نزیكەی چوار سەدە لەمەوبەر لە ئەورووپادا بە فۆرمێكی تایبەت سەری هەڵدا، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەی ئێمەدا، تەمەنی ئەزموونی پارتی سیاسی ناگاتە نیوەی ئەزموونەكەی ئەورووپا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەلومەرج و بارودۆخی تایبەتی ئەم ناوچەیەیە.
فۆرم و ناوەرۆكی حیزبی سیاسی، لە ژێر كاریگەریی هزری ماركسیزم و لینینیزم، گۆڕانكارییەكی پەیكەریی بەسەردا هات؛ بە ئامانجی گۆڕینی بۆ دامەزراوەیەكی سیاسی كە وەك میكانیزمێك بێت بۆ هۆشیاركردنەوە و گەڕاندنەوەی بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان، كرێكاران، جووتیاران و توێژە پەراوێزخراوەكانی كۆمەڵگە.
بەڵام لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا،حیزبی سیاسی لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینی ئەمەش بە گرێدراو بە گۆڕانی ڕۆڵی كرێكار و پاشەكشەی كەرتی پیشەسازی و سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان لە ژێر كاریگەریی ئاراستەی ئێستای سەرمایەداری و نیۆلیبڕالیزم ئەم گۆڕانكارییانە لە لایەكی تر وەك دەرهاوێشتەی شكستی سیستەمی پەرلەمانیش بوون لە فۆرمە سەرمایەدارییەكەییدا بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی زۆرینەی كۆمەڵگە و پەراوێزخراوەكان.
لەم سێ دەیەی ڕابردوودا، چەمك و ڕۆڵی حیزبی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، لە ژێر كاریگەریی جیهانی، ناوچەیی و ئەزموونی ناوەخۆیی و خراپی هاوپەیمانیی فەرمانڕەوا (بەتایبەت پارتی و یەكێتی)، ڕووبەڕووی قەیرانی بنیاتی بووەتەوە؛ قەیرانێك كە ڕۆڵ، ئەرك و شوناسی حیزبی سیاسی بەتەواوی دەستكاری كردووە.
لەلایەكی ترەوە، ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ و هەڵوێست وەك بەشێك لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، حیزبی سیاسییان كورتكردووەتەوە تەنها لە لیستێكی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی بوون بە بەشێك لە پارادایمی سیستەمەكە و عەقڵییەتی كورتكردنەوەی بەشداریی سیاسی تەنها لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا.
ئەم ئاڵوگۆڕانە هاوكاتن لەگەڵ بەتاڵكردنەوەی ناوەرۆكی حیزبی سیاسی لە بنەما هزرییەكانی و كاریگەرییەكانی لەسەر بنیاتی كەسایەتیی مرۆڤ. لە هەلومەرجێكدا كە پێویست بوو ئەركێكی زۆر لەسەر حیزبی سیاسی بار بكرێت، ئەم دۆخە وایكرد حیزبەكان لە ناوەرۆكدا ببنە بەشێك لە عەقڵییەتی خێڵەكی و بنەماڵەیی؛ لە جیاتی ئەوەی هێزێكی مۆدێرن بن، بوونە بەشێك لە هێزی كۆنەپارێزی و دواكەوتوویی سیاسی، كۆمەڵایەتی و كولتووری. لەم ئاڵوگۆڕانەدا، كەوتنی ئەزموونی یەكێتیی سۆڤیەتیش بەشێك لە بەرپرسیارێتییەكەی بەردەكەوێت.
ئەو قەیرانە گشتگیرەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، دانەبڕاوە لە قەیرانی چەمكی حیزب و شوناسی پارتە سیاسییەكان، هەر ئەمەش وایكردووە لێكەوتەكانی كەم تا زۆر لەسەر شوناسی هێزە چەپەكانیش هەبێت.
خستنەبەر باسی قەیرانی چەمكی حیزب و ئەرك و شوناسی پارتە چەپەكان بۆ خۆبەدوورگرتن لە پەتای بیرۆكراسییەت و عەقڵییەتی چەقبەستوویی و كۆنەپارێزی، ئامادەكارییەكی هەنووكەیی و پێویستە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵگە و بەڕێوەبردن لە سەردەمێكی تەواو گۆڕاودا كە وەك ئەرك و فاكتێكی شۆڕشگێڕی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
