یەكێك لە قورسترین سەرئێشە گەورەكانی ئەمڕۆی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان، قەیرانی بەردەوامی بەنزین و بەرزیی نرخەكەیەتی  لە كاتێكدا سووتەمەنی بووەتە بڕبڕەی پشت و بنەمای سەرەكیی بەڕێوەچوونی كاروبارە رۆژانەكان، بەڵام هاووڵاتییان ناچارن جگە لە دەستكەوتنی بە نرخێكی گران، كاتێكی زۆر لە نۆبە درێژەكاندا لەو گەرما و سەختییەدا بەفیڕۆ بدەن.

ئەوە پێمان دەڵێ‌ بێباكی دەسەڵات گەیشتۆتە ئاستێكی باڵاو كەوتۆتە نێو تەڵەی سەرمایەداران و ئەوەی لە رابردوودا بۆخۆی درووستی كردووە ئێستا وەك گەورەترین كۆسپ لەبەردەمی قوتبۆتەوە و هەر بڕیارێك دەدات ناتوانێ‌ پلانەكانی سەرمایەداران تێپەڕێنێ‌ و زوو پاشەكشەدەكات، ناكرێ‌ لەنێو وڵاتێكی پڕ لە نەوت و غاز بین و كەچی خەڵك بەدەست قەیرانی سوتەمەنیەوە بناڵێنێ‌ و خەڵ بدرێتە دەست قەدەری ئەو كەمە سەرمایەدارانەی سەر بەدەسەڵاتن و لەبەرچاوی وڵاتە هەرێمایەتیەكان و دۆستان و دوژمن هاوڵاتی خۆت بچەوسێنیەوە و لەبەرامبەر قەیرانەكانی موچە و سوتەمەنی و پێكنەهێنانی حكومەت و دەیان كێشەی دی دەستەوەستان بی.

ئەوەی قبوڵنەكراو و جێگەی سەرسوڕمانە، سروشتی ئەم هەرێمەیە، ئاخر هەرێمی كوردستان سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتی خاوە و خاوەنی پاڵاوگەی جۆراوجۆرە، كەچی هاووڵاتییەكەی لە دۆخێكی خراپدایە، خراپ بەقەت ئەو خراپیانەی لە سەرەتای ڕاپەڕین هەیبوو، هەر لەمبارودۆخەشدا ئەوەتا موچە دوادەكەوێ‌ و كەچی قەرزی كۆنی كارەبای هاوڵاتیانی دەوێتەوە و خۆشی كە قەرزێكی زۆری هەمان ئەو هاوڵاتیانەی لەسەرە نایداتەوە.

 ئەم دۆخە نەگونجاوە كە بەردەوام دووبارەبوونەوەی هەیە كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی كردووەتەسەر تەواوی كەرتی ژیان و ئیفلیجبوونی ژیان و گوزەران  گرانی بەنزین راستەوخۆ نرخی گواستنەوە، كرێی ئۆتۆمبێل و كاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانی بەرزكردووەتەوە، شەقامەكانی وەك سەردەمی كەرەنتینە نیمچە چۆڵ كردوە.

ماندووبوونی دەروونی و جەستەیی نۆبە درێژەكان لەو گەرمایەدا بووەتە ئەشكەنجەیەكی رۆژانە بۆ شۆفێران و كرێكارا، ئەوە بەدووری مەزانن گرژیی كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە و بارودۆخ بەجۆرێك بشڵەژێ‌ چارەسەری ئەستەم بێ‌، هەروا بەردەوامیی ئەم فەرامۆشكردنە دوور نییە ببێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایی بەرفراوانی جەماوەری، چونكە توانای بەرگەگرتنی هاووڵاتییان گەیشتووەتە لوتكە.

بۆ ڕێگریكردن لە پەككەوتنی تەواوی ژیان و رەوینەوەی ناڕەزاییەكان، پێویستە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زووترین كات   هەنگاو بەرەو چارەسەری قەیرانەكان بنێن، ئەویش بە دابینكردنی بەنزین بە نرخێكی گونجاو هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق و وڵاتانی دراوسێ، پێویستە نرخەكان دابەزێنرێن و لەگەڵ داهاتی تاكدا بگونجێنرێن.

كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتی و نرخ، پێویستە چاودێریی توند بەسەر بەنزینخانەكاندا هەبێت و رێگری لە قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نایاسایی نرخ بكرێت.

كارپێكردنی پاڵاوگە خۆماڵییەكان بۆ خزمەتی خەڵك، نەك داهاتی نەوت و پاڵاوگەكان دەبێت لە پێناو دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ناوخۆدا بەكاربهێنرێت، نەك قوربانیدان بە ژیانی هاووڵاتییان  و تەواوی داهاتەكان بڕژێتە باخەڵی ئەو سەرمایەدارانەی خۆتان درووستان كردوون و ئێستاش بەداوی ئەوانەوە گیر بوون.

قەیرانی سوتەمەنی و موچە و بەنزین بەتایبەتی،َ تەنها كێشەیەكی ئابووریی سادە نییە، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ بەرپرسیارێتیی دەسەڵات بەرامبەر هاووڵاتییانی خۆی، ئەگەر بە زووترین كات چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا بێدەنگیی خەڵك دەگۆڕێت بۆ شەپۆلێكی بەهێزی ناڕەزایی كە كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نابێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا