مرۆڤ و پەروەردە
لەتیف ئەمین
بەشی(۱۳)
قوتابخانە وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکاری سەردەم، بە بزوێنەر و ڕۆحی کۆمەڵگە دادەنرێت. زیندووێتی و تەندروستی کۆمەڵگە، پەیوەستە بە بوونی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکی باش و پێشکەوتووەوە. لەڕاستیدا قوتابخانە خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگه. ناکرێ قسە لەسەر قوتابخانە و سیستەمی فێرکاری بکەین بەبێ ئامادەیی کۆمەڵگە. بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانم ڕا و بۆچوونی زانا و فەیلەسووف و دەروونناس و پەروەردەکاری گەورەی ئەمەریکی(جۆن دیوی) بۆ ئەم بابەتە بخەمە ڕوو. دواتر هەڵوەستەیەکیش لەسەر بارودۆخی پەروەردە و فێرکردن و واقیعی ئێستای قوتابخانەکانی خۆمانیش بکەین.
جۆن دیوی(۱۸٥۹-۱۹٥۲) تائێستا بە ڕابەر و باوکی پەروەردەی نوێ و هاوچەرخ دادەنرێت. تیۆری و فیکر و فەلسەفە و تێڕوانینی ئەم زانایە، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری پەروەردەدا دروست کرد و کاریگەری و شوێنەواری خۆی بەسەر تەواوی وڵاتانی جیهان بەجێهێشت و تائێستاش بە بایەخ و گرنگییەوە دەڕوانرێتە بۆچوونەکانی. ئەم زانا و فەیلەسووفە، چەندین کتێبی لە بوارەکانی فیکر و فەلسەفە و پەروەردەدا هەیە. یەکێک لە کتێبەکانی بە ناونیشانی(قوتابخانە و کۆمەڵگە)یە، کە لە ساڵی(۱۸۸۹) بڵاوی کردووەتەوە.
جۆن دیوی لەم کتێبەیدا دەڵێت "دەبێ قوتابخانە وێنەیەکی بچووککراوەی کۆمەڵگە بێت، نەک شوێنێکی داخراو و دابڕاو لە کۆمەڵگە" مەبەستی جۆن دیوی ئەوەیە، کە نابێ قوتابخانە شوێنێکی نامۆ و نەناسراوبێت لەبەرچاوی قوتابی و وەک ژینگەیەکی جیاواز سەیر بکرێت. کاتێک ئەو دووری و دابڕان و داخرانە لەنێوان قوتابخانە و کۆمەڵگە دروست دەبێت، واتە دابڕانی قوتابخانە لە ژیانی ڕاستەقینە و ڕۆژانە. بۆیە جۆن دیوی جەخت لەو بابەتە دەکاتەوە. ئەو پێیوایە، پەروەردە واتا ژیان. بەو مانایەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بۆ ژیانی ئێستای مرۆڤەکانە، نەک ئامادەکردنی مرۆڤ بۆ ئاییندەیەکی نادیار. ئەوەی جۆن دیوی جەختی لێ دەکاتەوە، زانست و فێرکردنی پراکتیکییە، کە وەڵامی واقیع بداتەوە و نامۆ نەبێ بە ژیانی ڕۆژانە و سەردەم. زۆرجار قوتابییان ئەو پرسیارە لە مامۆستاکانیان دەکەن: بۆچی ئەم بابەتە دەخوێنین؟ یان سوودی خوێندنی ئەم بابەتانە چین؟ وەڵامی مامۆستاکان ئەوەیە، کە بۆ ئاییندەتان سوودی هەیە. جۆن دیوی پێمان دەڵێت: پێویستە قوتابی لەناو قوتابخانە فێری پیشە و کارامەیی بێت، وەک بەرگدروون، دارتاشی، ڕستن و چنین، تەنانەت چێشتلێنان و زۆر کاری دیکە، بۆئەوەی توانای بەرهەمهێنانی هەبێت. ئەم زانایە پێمان دەڵێت، پێویستە دامەزراوەی قوتابخانە خۆی بە واقیعی ژیانەوە گرێ بدات و ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ منداڵ. بەجۆرێک منداڵ تێیدا ڕاستەوخۆ فێری ژیان ببێت، نەک تەنها ببێتە شوێنی خوێندنی کۆمەڵێک بابەت، کە هیچ پەیوەندییان بە ژیانی واقیعەوە نییە.
جۆن دیوی لەم کتێبەیدا، زۆر گرنگی بە لایەنی پراکتیکی و کاری دەستی داوە لە پەروەردە و فێرکردنی قوتابیدا. پێیوایە بەشداری قوتابی لە کارکرن تەنها لەپێناو بەشداری نییە، بەڵکو لەپێناو بەرهەمهێنانە.
جۆن دیوی، بەتەوای سیستەمی کۆن و کلاسیکی فێرکردن ڕەت دەکاتەوە، کە تەنها پشت بە گواستنەوەی زانیاری و گوێگرتن و لەبەرکردن و دانیشتن دەبەستێت. ئەو دژی ئەوەیە قوتابی تەنها بۆ ئەوە بچێتە قوتابخانە کە گوێ بگرێت. ئەو لەگەڵ ئەوەیە، هەموو ئامراز و هۆکارەکانی فێرکردن و شوێنکار و هەرچی لە ژینگەی دەرەوەی قوتابخانە هەیە، لەناو قوتابخانەش پێویستە لەبەردەستی قوتابی هەبێت، بۆئەوەی ڕاهێنانی لەسەر بکات.
چونکە ئەو پێیوایە "پیشە و کارکردن وەک پاڵنەرێکی ڕاستەقینه، قوتابی ئامادە دەکات و ڕاستەوخۆ شارەزایی پێ دەدات و پەیوەندی بۆ دەڕەخسێنێ لەگەڵ ژیانی واقیعی و ڕۆژانە"
جۆن دیوی بەگرنگییەوە باسی ئەوە دەکات، کە منداڵ پێویسته لە قوتابخانە بواری ئەوەی پێ بدرێت و هاندان و وروژێنەر و پاڵنەری هەبێ بۆئەوەی بە کرداری گوزارشت لە خەیاڵ و خولیا و حەز و ئارەزووەکانی بکات. ئەمەش بەوە دەکرێت، کە پێداویستییەکانی کارکردنی لەبەردەستدا بێت، نەک تەنها بە گوێگرتن. بۆئەوەی منداڵ وەکو تاکێک لە کۆمەڵگە گەشە بکات و پێبگات.
ئەوەی جێی بایەخە لای جۆن دیوی و لەم کتێبەدا جەختی لەسەر دەکاتەوە، کارکردنی منداڵە، ئازادکردن و بوارپێدانە بە منداڵ بۆئەوەی تواناشاراوەکانی خۆی دەربخات، بۆئەوەی پەرە بە کارامەیی و شارەزاییەکانی خۆی بدات، بۆئەوەی فێری ئیشکردن و داهێنان بێت.
بە ڕای جۆن دیوی منداڵ لە قوتابخانە کۆن و تەقلیدییەکان مەیل و ئارەزووی فێربوونی نییە. لەڕاستیدا منداڵ لەو جۆرە قوتابخانانە، بە عەقڵ و جەستەیەوە ناچێتە قوتابخانە. ناچارە عەقڵی لەدەرەوەی قوتابخانە جێ بهێڵێت، لەبەرئەوەی بواری ئەوەی نییە بەکاری بێنێت.
ئەوەی جۆن دیوی دەیەوێت، ئەوەیە قوتابی بە عەقڵ و جەستەیەکی تەواوەوە بچێتە قوتابخانە و لەو کاتەی قوتابخانە جێ دەهێڵێت، بە عەقڵێکی پڕتر و دەوڵەمەندتر و بە جەستەیەکی باشتر و ڕێکتر و ساغلەمتر قوتابخانە جێ بهێڵێت. جۆن دیوی لە بەشێکی دیکەدا باس لە تێکچوون و پەککەوتنی پەروەردە دەکات و مەترسییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە باس دەکات. وەک لەسەرەتاوە باسمان کرد، قوتابخانە بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگە، بەڵام کە دابڕان و دوورکەوتنەوە لەنێوان قوتابخانە و کۆمەڵگە ڕووی دا، ئەوکاتە سیستەمی پەروەردە بەگشتی وەک جەستەیەکی نەخۆش، ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر و بێهزتردەبێت، دواجار کۆمەڵگەش دەبێتە کۆمەڵگەیەکی مەنگ و چەقیو و نەخۆش و نەجووڵاو و پەککەوتوو.
کاتێک قوتابی ئەوەی لە قوتابخانە فێری بووە، نەتوانێ لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکاری بێنێت و دەستەپاچە و بێتوانا و بێدەسەڵات بێت لە پراکتیک و جێبەجێکردنیان، یان نەتوانێ سوود لەو شارەزاییانە وەربگرێت کە لە دەرەوەی قوتابخانە بەدەستی هێناون یان فێریان بووە. ئەوە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کەلێن و دووری و دابڕان لەنێوان قوتابخانە و کۆمەڵگە. تێکچوونی پەروەردە و بێکەلکبوونی ئەوەیە، کە قوتابی پێش ئەوەی بچێتە پۆلەوە، ناچاربێت بەشێکی زۆر لە فیکر و بیرۆکە و چاڵاکییەکانی لە دەرەوە دابنێ. جۆن دیوی بەمە دەڵێ "تێکچوون و لەکارکەوتنی پەروردە"
ئەوەی جۆن دیوی نزیکەی سەدەونیوێکە باسی کردووە و درکی بە خراپی و مەترسییەکانی کردووە، ئێمە تا ئێستاش پەیڕەوی لە هەمان ئەو سیستەمە خراپە دەکەین و قوتابخانە لە دۆلێکە و کۆمەڵگە لە دۆلێکی تر. تائێستاش لەلای ئێمە، ئەو بابەتانەی قوتابی لە قوتابخانە فێریان دەبێ، لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و لە واقیعدا سوودیان لێ نابینێت. لە قوتابخانەکانی ئێمەدا، سیستەمی پەروەردە و فێرکردن وەڵامی داخوازییەکانی سەردەم و ژینواری کۆمەڵگە ناداتەوە. پرۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانەکانی ئێمە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە جۆن دیوی باسی دەکات، بوار بە قوتابی نادا و قوتابی ئازاد ناکات بۆئەوەی ئیش بکات و بە کردار بوونی خۆی بسەلمێنێت و دەستکراوە و چاوکراوە بێت و هەوڵی دۆزینەوە و داهێنان بدات. پەیوەندی نێوان قوتابخانە و کۆمەڵگە لەلای ئێمە، وەک ئەوەی جۆن دیوی باسی دەکات، بەو شێوەیە نییە. لای ئێمە کە قوتابی خوێندن تەواو دەکات، بە زانکۆشەوە، لەناو کۆمەڵگە وا سەیری دەکرێت کە نابێ ئیش بکات، بەڵکو تەنها دەبێ لە کەرتی گشتی، لە دەزگا و دائیرەیەکی حکوومی وەک فەرمانبەر دامەزرێت و مانگانە مووچەیەکی خاوێن وەرگرێت!
لە کۆمەڵگەی ئێمە بەو کەسانەی کە خوێندن تەواو دەکەن دەگوترێ"دەستوپێ سپی" واتا ئەوانە ئیشیان نەکردییە و توانای ئیشکردنیان نییە. ئەوان تەنها ئیشیان بە پێنووس و کاغەزە. ئەم سیستەم و پەروەردەیە، مرۆڤی ئەم وڵاتەی ئێمەی تەنبەڵ کردووە. مرۆڤ لە کۆمەڵگەی ئێمە و هەموو ئەو وڵاتانەی هاوشێوەی ئێمە کە تائێستا کار بەو سیستەمە دواکەوتووەی پەروەردە دەکەن، جگە لە مرۆڤێکی بەکاربەری ئیشنەکەری حازرخۆر، هیچی دیکە نییە. ئەمەریکا بۆیە وڵاتێکە لە وڵاتەپێشکەوتووەکان لەڕووی کارگە و پیشەسازی و بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیا، کە هەژموون و کاریگەری و باڵادەستی بەسەر زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە هەیە، لەبەرئەوەیە گوێی لە زاناکانی چەشنی جۆن دیوی گرتووە، لەبەرئەوەی سیستەمێکی پەروەردەیی و فێرکاری سەردەمیانە و پێشکەوتوویان هەیە. چونکە ئەوان ئەوەی بەلایانەوە گرنگ و جێی بایەخە، زانست و دۆزینەوە و داهێنان و کارکردن بە تەکنەلۆژیای هاوچەرخە. ئەوان زوو درکیان بە خراپی و مەترسییەکانی سیستەمی فێرکاری کۆن و کلاسیک و تەقلیدی کرد و هەر زوو بڕیاری گۆڕانکارییان دا. ئەوان بۆیە گەیشتوون بەم ئاستە، چونکە لە گۆڕینی سیستەمی فێرکارییەوە دەستیان پێ کرد.