لە نەگبەتیی كوردە (پشت ئاشان) و (باخچە)و (كەپكی حەمەدئاغا)و دەیان ناوچەی دیكە كە ناویان دێتە ناوانەوە، موچڕكی بێویژدانیی براكان سەرتاپای جەستەت دادەگرێت.. لە سەرگەردان بوونی كوردە بە دەست بەناو سەركردەكانییەوە كە لەوەتای مێژوو مێژووە ئەمانە یەخەی یەكتری بەرنادەن و نە پێكەوە هەڵدەكەن و نە بە بێ یەكتریش دەیگوزەرێنن.

تكایە رۆمانی (پشت ئاشان) كە لە نووسینی پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعیی عێراقی ئەدیب و نووسەر (عامر حوسێن ــ ئەبو ناتاشا)و وەرگێڕانی بەندەیە، بە رۆحێكی ئەدەبیانەو سەرنجێكی وردی مێژووییانەوە بخوێننەوە، راستە ناوهێنانی (پشت ئاشان) خەڵكانێك تووڕەو خەلكانێكی دیكەش نیگەران دەكات، بەڵام ئەم رۆمانە جوودا لە بۆچوونەكانی دیكە، بەرگێكی دیكە بە قەدوباڵای (پشت ئاشان)دا دەكات و كۆی پرسی خەباتی چەكداریی شاخ دەخاتە بەردەم پرسیارێكی دیالێكتیكییەوە.

رۆمانی (پشت ئاشان):

ــ جوانییەكانی سرووشتی كوردستان و ناشیرینییەكانی هەندێك لە مرۆڤەكان دەخاتەڕوو.

ــ جوانییەكانی مرۆڤی كوردستان و ناشیرینییەكانی عەقڵی نێرسالاریی كۆمەڵگەی دواكەوتووی كوردی شەن و كەو دەكات.

ــ جوانییەكانی مرۆڤە عاشقەكان و ناشیرینیی دڕندە مرۆڤكوژەكان نمایش دەكات.

ــ نموونەیەكی جوان و مرۆڤدۆستانەی كەسایەتییەكی وەكو تێكۆشەر شەهید (خدر كاكیل) بەرجەستە دەكات و لە پاڵیشیدا قێزەونی و شەرواڵپیسیی (ئەبو جگارە) دەگێڕێتەوە.

ــ جوانییەكانی ئافرەتی كوردو لووت و گوێ بڕینی هەمان ئافرەتی جوان بە پاساوی شەرەف حینجە دەكات و رۆحەكان دەخاتە گریان.

ــ لە رۆمانی (پشت ئاشان)دا دڕەندەیی مرۆڤەكان و بەزەیی ئاژەڵەكان (سەگ) بە نموونە، دەكاتە تابلۆیەكی واتادار.

ــ رۆمانی (پشت ئاشان) ئەقڵی خێڵگەرایی و نۆكەرایەتی و وابەستەیی و پارەپەرستی و كوێخایەتی لەقاو دەدات و ریسوا دەكات.

ــ رۆمانی (پشت ئاشان) جوانی و سپێتی و پاكیزەیی بەفرو لە هەمان كاتیشدا تاوانەكانی بەفر رەش رەش دەكات.

ــ لەوێ بزانە چ پیرۆزییەك بۆ هونەری شێوەكاری و وشەی جوان تەرخانكراوە، كە وا لە پێشمەرگەیەك دەكات، مل لە چەقۆی بەعس بسوێ و بێتەوە هەولێرو بە دوای ماڵی سەربازێكی كوردی قوربانیدا بگەڕێت كە لە یەكێك لە مۆڵگەكانی لووتكە بەرزەكە دەبێتە قوربانی.

ــ رۆمانی (پشت ئاشان).. گێڕانەوەی حیكایەتێكە خەریكە بەسەرهاتی وڵاتگەلێك بگێڕێتەوە كە دڕندەو مرۆڤەكانی تێدا دەبنە قوربانی.

ــ ئەمانەو دەیان جوانی و ناشیرینیی دیكە بەرانبەر یەكتری لە رۆمانەكەدا هەن، بۆیە تكایە تەنها لە چاوی براكوژییەوە مەڕواننە رۆمانەكەو دووراودوور رقتان لێی نەبێتەوە، وەك ئەوەی سۆزدارانەش سۆزتان بۆی هەڵنەسێت و بە پیرۆزیشی مەزانن.

No description available.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە