ئاسۆس ساڵح
بازاڕای سەرمایەداری ئێرە بە شێوەیەکی وەحشیگەرانە ئیستغلالی کاری کرێگرتە و کرێکارانی کردووە بە گرتنە بەری ڕێگەی جۆراوجۆر؛ هەر لە مۆنۆپۆل کردنی کار و بازاڕەوە تا دەستبەسەرداگرتنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و داهاتەوە. ئەمەش کرێکارانی ناچار بە ململانێیەکی سەخت کردووە، هەر ئەمە وای کردووە بەهای هێزی کاری خۆی بۆ نزمترین ئاست داببەزێت. هەر کاتێک قەیرانێک دروست بێت سەرمایەی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان زیاد دەکات و داهاتی کرێکارانیش کەم دەکات.
سەرمایەدار لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بەهای هێزی کاری کرێکار و زیاتر کار پێکردنیەوە، قازانجی زیاتر دەخاتەوە و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە دەکات. مارکس دەڵێت: «مەرج نییە کرێکار قازانج بکات، کاتێک سەرمایەدار قازانج دەکات، بەڵام مەرجە زەرەر بکات، کاتێک سەرمایەدار زەرەر دەکات.» واتا کرێکار ناتوانێ سوودمەند بێت لە قازانج و زێدەبایی کە سەرچاوەی داهاتێکی دزراوی ڕەنجی کرێکارانە، بەڵام هەر زەرەرێکی تووش ببێت کرێکارانیش باجی زەرەرەکە دەدەن، جا بە دەرکردن بێت یان کەمکردنەوەی کرێی کار بێت یانیش کار پێکردنی زیادە بێت ...هتد.
لێرەوە زیاتر لەسەر «زێدەبایی» دەوەستین و دەگەڕێنەوە بۆ قسەیەکی لینین کە دەڵێن: «تیۆری زێدەبایی بەردی بناغەی تیۆرە ئابوورییەکەی مارکسە.» ئەگەر بە زمانێکی سادە ئەم چەمکە ئابوورییەی مارکس شیبکەینەوە دەڵێین: «زێدەبایی» ئەو پارە زیادەیە کە سەرمایەدار لە ئەنجامی کاری زیاتری کرێکار بەدەستی دێنێت و کەڵەکەی دەکات. ئیستغلالی هێزی کاری کرێکار دەکات هێزی کاری کرێکاری لە کاری کرێگرتەیی کاڵایە، کرێکار ئەم هێزەی خۆی دەفرۆشێت وەک هەر کاڵایەکی تر بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژیانی پێ دابین بکات و بژی.
واتا کرێکار هەموو ڕۆژێک خۆی دەفرۆشێت بە خاوەنکار، هێزی کاری ئەو وەک کاڵایەک بۆ بەرهەمهێنان بەشدار دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر ڕۆژانە ٨ کاتژمێر کار بکات، وای دابنێین ٦ کاتژمێری بەهای کارەکەی بێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ژیانی، ۲ کاتژمێر کاریش بۆ بەرهەمهێنانی زیادەیە، کە پێی دەگوترێت زێدەبایی و دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و خاوەنکار. بەبێ ئەوەی خاوەن کار ئارەق و ماندووبوون بەکارەوە بکات لەسەر ڕەنج و کاری کرێکارەکە قازانجی زێدە دەچێتە سەر حیسابی و داهاتی زیاتر کەڵەکە دەکات. ئەمە دزینی ڕەنج و بەرهەمی کاری کرێکارە.
بە کورتی زێدەبایی سروشتی ئابووری سیستەمی سەرمایەدارییە، کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی ئەوی تر دامەزراوە. بۆیە هیچ کات ئامادە نییە بەبێ زێدەبایی هەڵبسوڕێت و هاوبەشی لەگەڵ کرێکار بکات. دەبێت بڵێین: تا کاری کرێگرتە و خاوەنداریەتیی تایبەت بمێنێت هێزی کاری هەر یەکێکمان وەک کرێ گرتەیەک بەرهەمەکەی دەچێتە گرفانی کەسێک کە بە چارەکی ئەو کرێکارە ماندوو نەبووە.