
ستار ئەحمەد
لە مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا، هیچ دیاردەیەک هێندەی شێواندنی ناسنامە و سەپاندنی ڕەگەزێکی تایبەت بەسەر نەتەوەکانی تردا، زیانی بە جەوهەری دادپەروەری و پێکەوەژیانی مرۆیی نەگەیاندووە. کاتێک بیروڕایەکی ڕەگەزپەرستانە دەمامکێکی پیرۆز دەپۆشێت و لە ژێر ناوی پەیامێکی باڵادا هەوڵی سڕینەوەی مێژووی گەلان دەدات، لێرەدا چیتر باس لە ڕێنوێنی و ڕزگاری نییە، بەڵکو باس لە داگیرکارییەکی هزری و فەرهەنگیی قووڵ دەکرێت کە دەیەوێت ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەکان هەڵکێشێت. ئەم پرۆسەیە، بە درێژایی سەدەکان لە ناوچەکەدا کاری لەسەر کراوە، هەوڵی داوە گەوهەری ڕەسەنی نەتەوە جیاوازەکان، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی،کە خاوەنی شارستانیەتێکی دێرین و خاکێکی پیرۆزی وەک زاگرۆسن، بخاتە ژێر سێبەری ڕەگەزێکی تاقانە و باڵادەست و مێژووەکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بە تاڵان ببات.
ئەم جۆرە لە سەپاندن، تەنها گۆڕینی زمان و دەسەڵات نەبووە، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک و ورد بووە بۆ دزینی کەسایەتییە ناودارەکان، تێکدانی ڕاستییە مێژووییەکان و گۆڕینی جوگرافیای ڕەسەن بۆ جوگرافیایەکی دەستکرد. ئەو مێژووەی کە بە دەستی دەسەڵاتدارانی ڕەگەزپەرست نووسراوەتەوە، هەمیشە هەوڵی داوە بلیمەتان و زانایان و پیاوچاکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان بە ناوی ڕەگەزی سەردەستەوە تۆمار بکات، تاوەکو نەتەوە ڕەسەنەکان بە بێ مێژوو و بێناسنامە نیشان بدات. ئەمە گەورەترین ناپاکی بووە ، کە بەرامبەر بە ڕاستی کراوە؛ چونکە لۆژیکی هۆش و بنەماکانی مرۆڤایەتی دەیسەلمێنن، کە هیچ ڕەگەزێک لە ڕەگەزێکی تر باڵاتر نییە و هەر گەلێک خاوەنی مافێکی سروشتی و خوداییە بۆ پاراستنی شێوازی ژیان، زمان و دابونەریتی خۆی.
ئەوەی لە پەراوێزی نووسینەوەی گێڕانەوە مێژووییەکاندا دەبینرێت، پڕە لە لایەنگیری و هەوڵدان بۆ ڕەوادان بە ستەم و تاڵانی لە ڕێگەی شێواندنی دەقەکان و گۆڕینی مانا قووڵەکان بۆ بەرژەوەندیی ڕامیاری و خێڵەکی. زۆرێک لەو شەڕ و ململانێیانەی کە بە ناوی بڵاوکردنەوەی پەیامێکی باڵاوە ئەنجام دراون، لە ناخەوە تەنها هەوڵێک بوون بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆریەتی ڕەگەزی و بە کۆیلەکردنی نەتەوەکانی تر و بردنی سەروەت و سامانیان. ئەم ڕەفتارانە نەک هەر خزمەتی مرۆڤایەتییان نەکردووە، بەڵکو بوونەتە هۆی دروستبوونی کینە و دوژمنایەتییەکی درێژخایەن ،کە هەتا ئێستاش ناوچەکە لە ئاگرەکەیدا دەسووتێت.
ئەمڕۆ، گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و پاککردنەوەی مێژوو لەو هەموو چەواشەکاری و توندڕەوییەی کە بە ناوی پیرۆزییەوە سەپێنراوە، ئەرکێکی زانستی، ئاکاریی و ویژدانییە. پێویستە مرۆڤی بەئاگا لەوە تێبگات، کە دادپەروەریی ڕاستەقینە لەوەدا نییە نەتەوەیەک بکرێتە سەردەستی جیهان و نەتەوەکانی تر ببنە پاشکۆ، بەڵکو لەوەدایە ،هەموو ڕەنگ و دەنگەکان لە ناو هاوکێشەی مرۆڤایەتیدا وەک خۆیان و بەو شێوەیەی کە هەن، بناسرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەو بازنە داخراوەی ستەم بشکێنرێت و مێژوو لە چنگی ئەو کەسانە دەربهێنرێت کە بۆ بەرژەوەندیی نان و دەسەڵات، ڕاستییەکانیان گۆڕیوە. پاکبوونەوەی زەوی لە بیری ڕەگەزپەرستی، سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بەو ئاشتی و ئازادییەی، هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان بە دوایدا دەگەڕێت، و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر باری گرانی ناسنامە سەپێنراوەکاندا چەوساوەتەوە.