هۆشیاری عەبدولعەزیز
ئەمڕۆ هەرچەندە ئێمە لە سەردەمی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا دەژین، كە ئاسۆیەكی لیبڕاڵ و پانتاییەكی فراوان و خێرایی لە بڵاوكردنەوەی بۆچوون و بیروباوەڕ و قەناعەتەكاندا هەیە، و فاكتێكی گشتییەیە كە لە ئاكامی هاتنە كایەی جیهانێكی بەرفراوانی بەیەكەوە گرێدراوی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و پێشكەوتنی سیستەمی تەكنەلۆژیای ئینتەرنێت و زیدەتربوونی خواست و ویستی تاكەكان بۆ ڕزگاربوون لە چەقبەستوویی میدیای فەرمی و ئاڕاستەكار هاتۆتە ئاراوە. و هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی تاكەكان لە فەزایییەكی فروان و ڕەها دا، ئاسنتر و ئازادانە بڕوانن و ڕاستەوخۆ و بێ بوونی هیچ فلتەرێك و بەربەستێك ئاوێتەی جیهانی زانیارییەكان و گەیشتن بە دەرەوەی خۆیان بن، هەرچەندە مەرج نیە زاڵبوون بەسەر بەربەستە كۆمەڵایەتی و جوگرافییەكاندا بە مانای گەیاندنی تەواوی ڕاستییەكانی ناوەوە بێت و سنوورە ئەخلاقی و متمانەپێكراوەكانی نەبەزاندبێ و چەواشەكاری و بڵاوكردنەوەی ناڕاست جێگەی نەگرتبێتەوە و ستانداردی ڕاستی لە گەیاندنی وێنەكە و پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكەدا تووشی شێواندن و چەواشەكاری نەبێ.
چونكە زۆرێك لە لێكۆڵینەوەكانی ئەم دواییە پشتڕاستیان كردەوە كە زانیاری چەواشەكارانە كە ڕەهەندێكی سیاسییان هەیە بە خێرایییەكی سەرسوڕهێنەر لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا دەگوازرێنەوە و دەبنە جێی مشتومڕ و قسەی ڕۆژ و لە زۆر حاڵەتدا كاریگەری نەرێنی جێدەهێڵن و دەبنە هۆكاری بەرهەمهێنانی پەشێوی سیاسی و كۆمەڵایەتی و وادەكات كۆمەڵگا بە ئاراستەیەكی خراپدا سەڕێ بگرێ ، هەندێ جاریش ئەم حاڵەتە وەك زانیاری چەواشەكارانە دەبێتە مایەی تێكدانی دۆخی جەمسەرگیری سیاسی و دەستكاریكردنی هۆشیاری تاك، بەشێكی تریشی هەموو بیرۆكە و ئایدۆلۆژیاكان لە بنەڕەتدا لادانن، جگە لەوانەی كە لایەنی دەسەڵاتدار بانگەشەی بۆ دەكەن! ئەمەش وایكردووە بابەتەكە زیاتر لەیەكتر تێكەڵاو و ئاڵۆزتر بێت، بەتایبەتی كە ئەم سێ پایە پاڵپشتی یەكتر دەكەن و دەبنە هۆی هەڵئاوسانی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی، بە تێكەڵكردنی كارتەكان و ساختەكردنی ڕاستییەكان،
هەرچەندە ئامرازە تەكنەلۆژییە مۆدێرنەكان ڕێگە بە تاكەكان یان گروپەكان دەدەن كە بە ئاسانی زانیاری پەخش بكەن یان وتاری سیاسی بڵاوبكەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دروستبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وێڕای ئەوەی بۆ خۆی جۆرێك بوو لە پێشكەوتنی میدیا و ئامرازەكانی، هاوكات دیاردەی كۆنتڕۆڵكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە لایەن سیاسیە دەسەڵاتدارەكانەوە بە تەواوەتی كاریگەری میدیا و سۆشیال میدیای بۆ سەر خەڵك زیاد كردووە، بە جۆرێك ئێستە سۆشیال میدیا بێچەندوچون ، ئاراستەی دیدوتێڕوانینی كۆمەڵگا دەگۆڕن و دەتوانن لە كەمترین ماوەدا لەڕێگەی تەكنەلۆژیای زیرەكەوە گەورەترین چەواشەكاری سیاسی و ئایدۆلۆژی بخەنە بازاڕەوە لە نموونەی ئەو دۆخەی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین هاتۆتە كایەوە ئەمەش لە پێناو دەسكەوتی سیاسی و بەرژەوەندی تایبەتی و ڕەواج پێدانی ئاینی خۆیاندا
كاتێك هەواڵی ساختە یان جۆرێك لە زانیاری چەواشەكارانە لە سایتەكانی سۆشیال میدیا دزەپێدەكرێت، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی وشیاری گشتی دەبێت و لە ئەنجامدا و لە ڕێگەی شێواندنی ئاستی مەعریفەوە، و تێكدانی متمانەوە كۆمەڵگایەكی پشێو و دابڕاو و داهیزراوی نەخۆش بەرهەمدەهێنرێ كە دواجار توانای گۆڕانكاری نەبێ ، چونكە ڕادەی مەترسی لە گوتارە سیاسییە چەواشەكارەكاندا كە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاوە ئاراستە دەكرێن، پەیوەستە بە هۆشیاری وەرگر و ڕادەی دابڕانی بەرامبەر بە بۆچوونە هاوشێوەكان، بەواتایەكی دی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ، ئەو پەیوەندیە خێرایەیە كە دەتوانێ بەكەمترین كات و كورترین ڕێگە، بە شكاندنی سەرجەم سنوورەكانی خەڵك ببێتە هۆكاری دروستكردنی چەواشەكاری
بەكورتی و بەشێوەیەكی گشتی بەشێكی زۆر لە بەشداربوانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان لە بازنەی چالاكی سیاسیدا دەبنە بنەمای دروستكردنی كەسانێك یان گروپێك رۆڵی سەركردە و رابەر و كەسایەتی شارەزا و لێهاتوو دەبینن و بە یاریكردن بە سۆزی تاكەكان، بە سەدان كەس لە خۆیان كۆدەكەنەوە. ئەم گروپە خۆیان وەك دەنگی خەڵك و نوێنەری راستەقینە و دڵسۆزی جەماوەر نمایش دەكەن. ئەم كەسانە بە زۆری لە سەرەتاكانی بانگەشەی سیاسیدا شوناس و ناسنامەیان وونە، بەڵام دوای ئەوەی بە سەر شانی جەماوەرەوە دەبنە فیگەر و كەسایەتی ناسراو ناسنامە و ناوی خۆیان ئاشكرا دەكەن، چەواشەكاری سەرهەڵدەدات و دەبنە گەورەترین مەترسی بەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاكەكانەوە و دواجار هەر ئەمانە خەڵك دەگەوجێنن و بازرگانی بە موقەدەرات و ئیرادەو خواستی خودی كۆمەڵگاوە دەكەن