ئاری ئاغۆك
ساڵانە بەر لەدەسپێكی وەرزی نوێی خوێندن، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە چەندین ئامادەكاری دەكرێت بۆ چوونە نێو وەرزی تازەی خوێندن، وەك (میلاكات، بەشەوانە، گواستنەوە، پلانی كارگێڕی پەروەردەیی .. هتد). هەر لەم پێشوازی دەسپێكەدا، دیوێكی دیكەش هەیە كە پێویستە كارگێڕیی ناوەندەكانی خوێندن بەشێوەیەكی گشتی و جددی كاری لەسەر بكەن و جێبەجێیبكەن، ئەویش بریتییە لە هەڵمەتی پاككردنەوە و خاوێنكردنەوەی ژینگەی ناوەندەكانی خوێندن.
لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لەڕێگەی گشتاندنی وەزارەتی پەروەردە چەند خاڵێكی گرنگ وەك ڕێنمایی و ئاگاداركردنەوە بڵاودەبێتەوە دەربارەی پاككردنەوەی ژینگەی قوتابخانە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئەو گشتاندنە بە كارێكی باش دەزانین، بەڵام پێویستە بەڕێوەبەر و كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن، بە كردار ئەم رێنماییانە جێبەجێبكەن. لەگەڵ ئەوەی بەپێی بەدواداچوونمان بەخۆشحاڵییەوە بەشێكی زۆری بەڕێوەبەر و كارگێڕیی ناوەندەكانی خوێندن لەڕێگەی هەڵمەتێكی فراوانی ژینگەیی ئەم ئەركە جێبەجێدەكەن، ئەمەشیان جێی دەستخۆشی و دڵخۆشییە، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوە و بەردەوامی و ئاگاداربوونی بەشێك لە بەڕێوەبەر و مامۆستا و فەرمانبەرانی ناوەندەكانی خوێندن، ئەوا پێویستە ئەم ئەرك و ڕێنماییانە جێبەجێبكەن.
١- شوشتنی تانكی ئاوی ناوەندەكانی خوێندن: بێگومان بەهۆی زیاتر لە وەرزێك بەكارنەهێنانی ئاو، یاخود دانەپۆشرانی تانكی، ئەوا كاریگەری هەیە لەسەر پیسبوونی ئاو، بۆیە پێویستە بەر لە كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن، تانكی قوتابخانەكان خاوێنبكرێتەوە و بشوورێ.
٢- خاوێنكردنەوەی دەستشۆر و شوێنی ئاوخواردنەوەی قوتابییان: یەكێك لەو شوێنە گرنگانە لەڕوانگەی تەندروستی و ژینگەییەوە دەبێت هەمیشە پاك و خاوێن بێت و چاودێری بكرێت، بریتییە لە (دەستشۆر و شوێنی ئاوخواردنەوە)، چونكە هەموو پیسبوون و بابەتە ناتەندروستییەكان لەو سەرچاوەیەوە دروستدەبێت.
٣- خاوێنكردنەوە و چاككردنەوەی تەوالێت، ئەوانەی لەكاركەوتوون: لەكاتی سەردان و بەدواداچوونماندا، هەمیشە ئەم خاڵە دووپاتدەكەینەوە، هەر تێبینییەك هەبێت دەبێت ڕاستەخۆ جێبەجێبكرێت، بۆیە خاوێنی و پاكڕاگرتنی تەوالێتی ناوەندەكانی خوێندن كارێكی گرنگە و دەبێت هەمیشە پاك و خاوێن بێ.
٤- پاككردنەوەی سەربانی ناوەندەكانی خوێندن و سولاوكە و ڕێڕەوی ئاو: زۆرجار بەهۆی لەبیركردن یا هەر هۆكارێكی دیكە سەربانی قوتابخانە و باخچەی منداڵان خاوێنناكرێتەوە، دواتر بەهۆی بارانێكی لەناكاو گرفت دروستدەبێت، بەهۆی گلدانەوە و كۆبوونەوەی ئاوی باران، مەترسی لەسەر بینایە و ژینگە و پۆل و تەنانەت قوتابییانیش دروستدەبێت، بۆیە گرنگە كارگێڕیی ناوەندەكانی خوێندن بەدواداچوون بۆ ئەم خاڵە بكەن.
٥- خاوێنكردنەوەی پۆل و ڕەحلەكان و چاككردنەوەی كارەبای ناو پۆل: ژینگەی قوتابخانە بەگشتی و پۆل بەتایبەتی ئەو شوێنە گرنگەیە كە بە ماڵی دووەمی قوتابی دادەنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ماڵ و ژینگەیە چەندە خاوێن بێ ئەوا كاریگەریی باشی لەسەر قوتابی دەبێت، كەواتە خاوێنكردنەوەی پۆلەكان یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان و ڕووناكی و بوونی كارەباش بەهەمان شێوە.
٦- دڵنیابوون لە سیستەمی ئاگركوژێنەوە و نوێكردنەوەی: بێگومان لە نێو حەرەمی قوتابخانەدا، قوتابی ئەمانەتە، لە هەموو لایەنەكاندا دەبێت ئەم ئەمانەتە بپارێزین، بەتایبەتی لە مەرجی سەلامەتی ژینگەیی و تەندروستی، بۆیە بوونی ئاگركوژێنەوە بۆ حاڵەتێكی نەخوازراو زۆر گرنگە، بەداخەوە بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندن، گرنگی بە بوونی ئاگركوژێنەوە نادەن، بەهۆی (نەبوونی ئاگركوژێنەوە، یا بەسەرچوون، یا دانانی لەشوێنێكی دوورەدەست لەكاتی هەر حاڵەتێك ناتوانرێ زوو بەكاربهێندرێت) بۆیە یەكێك لەو خاڵانەی ئێمە دووپاتیدەكەینەوە، بوونی ئاگركوژێنەوەیە.
ئەم خاڵانە پرسە گشتییەكەن، بۆیە لەچوارچێوەی ئامادەكاری و پێشوازی قوتابییان لە ساڵی نوێی خوێندندا، پێویستە بەزووترین كات ئەم ڕێنماییانە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن (حكومی و ناحكومی) جێبەجێبكرێت، چونكە كاتێ لیژنەی ژینگە و تەندروستی سەردانی هەر ناوەندێكی خوێندن دەكات بەدواداچوون لەم ڕێنماییانە دەكاتەوە، كە بەگشتاندن ئاگاداركراونەتەوە، بەهیوای ژینگەیەكی خاوێن و تەندروستییەكی باشتر بۆ قوتابی و مامۆستایان.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.